رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان رێکدەخرێنەوە
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ پابەندکردنی رێکخراوەکان بە یاسا و دڵنیابوون لە شەفافییەتی کار و چالاکییەکانیان، رێکارە یاساییەکانی خۆی بۆ پێشکەشکردنی راپۆرتی دارایی ساڵانە دەخاتە بواری جێبەجێکردن.
لەوبارەیەوە فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاشکرای کرد کە بە پێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2011 کار بەم بڕیارە دەکەن و ئەم پرۆسەیە لە دوو قۆناخدا جێبەجێ دەکرێت. لە قۆناخی یەکەمدا، ئاگاداریی رێکخراوەکان دەکرێتەوە کە ڕاپۆرتی دارایی خۆیان پێشکەش بکەن و 15 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدرێت بۆ تەواوکردنی ئەو پابەندییە.
سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر رێکخراوەکان لە ماوەی دیاریکراودا راپۆرتەکانیان پێشکەش نەکەن، سەرەتا ئاگادار دەکرینەوە لە ماوەی 15 رۆژدا چارەسەری بکەن، دواتر حەگەر پابەند نەبوون چالاکییەکانیان بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگیرێت. ئەگەر دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیەش پابەندیی بڕیارەکانی فەرمانگە نەبن، ئەوا رێکارێکی دیکەی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، یەکێک لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی تۆمارکردنی رێکخراوەکە دەبێت لە رێگەی دادگاوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەبەستی دڵنیابوون لە شەفافییەتی راپۆرتە داراییەکان، لە رێگەی دیوانی چاودێری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوون بۆ راپۆرتی دارایی رێکخراوەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەندە ڕاپۆرتەکان بە شێوەیەکی دروست و شەفاف ئامادە کراون و پابەندییە یاساییەکان جێبەجێ کراون.
ئاشکراشی کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە دوو خاڵی سەرەکی لەخۆ دەگرێت؛ یەکەم، پابەندکردنی ڕێکخراوەکان بە یاسا، دووەم، دڵنیابوون لەوەی کە کار و چالاکییەکانیان لەگەڵ یاسا و رێنماییەکانی فەرمانگەکەدا یەکدەگرنەوە.
بە گوێرەی داتا و ئامارەکان پێنج هەزار و 777 رێکخراو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و لەوانە 514 رێکخراوی بیانین و 209 رێکخراوی عێراقییە و زیاتر لە پێنج هەزار رێکخراویش کوردستانین.
لە سەرەتای مانگی ئابی 2026ەوە فەرمانگە دەستی بە وەرگرتنی راپۆرتی ساڵانەی دارایی ریکخراوەکانی کردووە و دوا وادە بۆ وەرگرتنی راپۆرتەکان 29ی 10ی 2026ە.