41 نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی لە  دەورووبەری ئیدلب پەکیان کەوتووە

ئیدلب
ئیدلب

بەهۆی هێرشەکانی سوپای پێشووی سووریا بۆ سەر ئیدلب و ناوچەکانی دەورووبەری، 41 نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی لەکارکەوتوون و ئێستا ناوچەکە لە خزمەتگوزاریی تەندروستی پەکی کەوتووە.

ئیبراهیم ئەلوەیس، سەرۆکی فەرمانگە و دامەزراوە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی سووریا ڕایگەیاند: 30 بنکەی تەندروستی و 11 نەخۆشخانە بەهۆی هێرشەکانی سوپای پێشووی سووریا،  لەکارکەوتوون لەو چەند ساڵەی  کە گرژی و ئاڵۆزیی لە ناوچەکە هەبوو.

سەرۆکی فەرمانگە و دامەزراوە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ناوچەکە لە کەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستی کەموکوڕی زۆری هەیە و خەڵکی ناوچەکە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی ناگات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیانە لە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ساڵی 2019 پەکیان کەوتووە، بەڵام ئیدارەی نوێی ناوچەکە هەوڵیداوە هەنگاو بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوە و کارکردنەوە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بنێت، بە کردنەوەی ناوەندی تەندروستی(مەعرە نوعمان)، لەگەڵ کردنەوەی 5 بنکەی تەندروستی کە بەشێوەی خۆبەخشانە کاریان تێدا دەکرێت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە دانیشتووانی ناوچەکە.

ئیبراهیم ئەلوەیس ئاشکرای کردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە لە ئیدلب و دەورووبەری، نۆرینگەی گەڕۆکی تەندروستی لە گوند و ناوچەکان خزمەتگوزاریی سەرەتایی تەندروستی پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەم پرۆسەیە پێویستییەکانی ناوچەکەی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی پڕ نەکردووەتەوە.