ئەمریکا هێرشی کردەوە سەر ئێران
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، کاتژمێر 3:15 بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ یانزەیەمین شەو لەسەریەک زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سەرکەوتوویان بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی2026، لە هێرشەکاندا بنکەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی، کۆگاکانی فڕۆکە و درۆن، و ژێرخانی لۆجستیی سەربازیی ئێران کراونەتە ئامانج. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بریتییە لە لاوازکردنی تواناکانی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی و هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، ئێران زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانی لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا کردووەتە ئامانج، کە شا دەماری سەرەکیی بازرگانیی جیهانییە. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی سەدان دەریاوانی بێتاوان و تێکدانی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، گەرووی هورمز بە کراوەیی بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەمێنێتەوە.
ئامارەکان دەری دەخەن لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا ئێستا، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریی تێپەڕبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان کردووە، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی وزە و بازرگانیی جیهانی.