ئاری هەرسین: دەبوایە پارتی و یەكێتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان پێكبێن
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی هیچکات ناگەنە دۆخی بنبەست و پێشنیاریش دەکات ئەگەر لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێنەکەون، با پەرلەمانتاران لە ڕێگەی فراکسیۆنەکانەوە کێشەکە چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەمموزی 2026، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند "پارتی و یەکێتی هیچکات نەگەیشتوونەتە دۆخی بنبەست و هەموو کاتێک سەرەڕای ناکۆکییەکان، توانیویانە رێبکەون."
ئاری هەرسین ئاماژەی بەوە کرد، پێویست بوو زۆر لەمەوپێش پارتی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت پێکبهاتنایە، جەختیشی کردەوە کە ئەم دوو حزبە لەسەر هەندێک خاڵ لێکتێگەیشتنیان هەیە، بەڵام هێشتا لەسەر کۆی پاکێجی پێکهێنانی حکوومەت نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
سەبارەت بە چارەسەری کێشەکان، بەرپرسی لقی چواری پارتی، دەڵێت "مادام لایەنە سیاسییەکان ناتوانن بە دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت رێکبکەون، رێگا بدەن ئەندامانی پەرلەمان وەک نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، لە رێگەی فراکسیۆنەکانەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن."
ئاری هەرسین باسی لەوەش کرد، کە ئەندامی پەرلەمان بەر لەوەی نوێنەری حزبەکەی بێت، نوێنەری گەلە و سوێندی خواردووە پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات، بۆیە دەکرێت لە رێگەی پەرلەمانەوە کۆتایی بەو چەقبەستووییە سیاسییە بهێنرێت.