حوسێن قائیدی: حکوومەتی عێراق نیازی نییە ڕێککەوتنی شنگال چارەسەر بکات

بەرپرسی نووسینگەی ئازادکردنی ئێزدییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی عێراق نیازی ئەوەی نییە ڕێککەوتنی شنگال چارەسەر بکات، دەڵێت: تا ئێستا سەدا 75 ئێزدییەکان لە کەمپەکان لەژێر خێوەتدا دەژین.

دووشەممە 25ـی ئابی 2025، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد، لەبارەی کۆنفرانسەکەش، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ئازادکردنی ئێزدییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زانکۆی کوردستان بە کۆکردنەوەی توێژەرانی ناوخۆ و دەرەوە و جیهان، کۆنفرانسەکەی ڕێکخستووە، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەشێوەیەکی زانستی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوە کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکات کە بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و تێیدا جەخت لەوە دەکرێتەوە، چۆن چارەسەری کێشەی ئێزدییەکان بکرێت، بەتایبەتیش پرسی ناساندنی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بە جینۆساید.

بەرپرسی نووسینگەی ئازادکردنی ئێزدییەکان ڕایگەیاند: لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا، زیاتر لە 3 هەزار 591 ئێزدی ڕزگارکراون، نووسینگەکەش هەموو هەوڵێک دەدات، هەموو ئەو ئێزدییانە ڕزگار بکات کە تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان.

لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، حوسێن قائید، بەرپرسی نووسینگەی ئازادکردنی ئێزدییەکان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق نیازی ئەوەی نییە دۆخی شنگال ئاسایی بێتەوە، دەڵێت: دوای چەند ساڵێک لە ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی عێراق هیچ بڕگەیەکی جێبەجێ نەکردووە، گوتیشی: ماوەی 11 ساڵە خەڵکی شنگال چاوەڕێی ئەوە دەکەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، سەدا 75ـی ئێزدیانی شنگال لەژێر خیوەتەکاندا، لە کەمپەکان دەژین.