هەشت پەنابەر خنکان و 12 دیکەش بێسەروشوێنن
قاچاخچییەکان داوای پارەی زیاتریان کردووە
K24- هەولێر:
لە نزیک کۆماری جیبووتی لە ئەفریقا، بەهۆی ئەوەی قاچاخچییەکان لەناو بەلەمەکە پەنابەرەکانیان خستووەتەوە ناو دەریا، هەشت پەنابەر خنکان و 12 دیکەش بێسەروشوێنن.
رێکخراوی جیهانی پەنابەران بڵاویکردەوە، ئەو پەنابەرانە خەڵکی ئەسیوپیان و بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆنا نەیتوانییوە لە یەمەنەوە بچنە سعوودییە.
رێکخراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سێ لە قاچاخچییەکان، ژن و پیاوە گەنجەکانیان بەزۆر خستووەتەوە ناو دەریاوە چونکە ئامادە نەبوون پارەی زیاتر بدەن.
لە مانگی یەکی ساڵی پار، لانی کەم 58 پەنابەر لە نزیک یەمەن بەهۆی تێکشکانی بەلەمەکانیان خنکان.
ئەو پەنابەرە ئەفریقییانە دەیانەوێت لە جەنگ وڵاتەکانیان هەڵبێن و بچنە وڵاتانی عەرەبی تاوەکو هەلێکی باشتری ژیانیان دەستبکەوێت.
AFP