كارۆخ خۆشناو
نووسەر
کلاسیکۆی فیل و گوێدرێژ!
سێ ههفته ماوه بۆ ههڵبژاردن.. كێ دهبێته سهرۆكی ئهمهریكا؟
هەڵبژاردنی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئهمهریكا بە گرنگترین (کلاسیکۆ)ی گۆڕەپانی سیاسی ئهمهریكا و جیهان لە قەڵەم دەدرێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەنگی بە جیهان هەڵچنیوە، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی ململانێکانی جیهان و داڕشتنەوەی (سیستەمی نێودەوڵەتی) دوای پەتای کۆڕۆنا، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە، چونکە ئەگەری هەیە دەرەنجامەکانی لێکەوتەی (ئەرێنی و نەرێنی) بۆ سەر دۆزی کورد هەبێت.
سەرەتا گرنگە ئاوڕێک لە مێژووی هەردوو پارتی سەرەکی ئهمهریكا (دیموکرات و کۆماری) بدەینەوە:
1- پارتی دیموکراتی ئهمهریكا لە رێكکەوتی (8/1/1828) دامەزرا، لە ساڵی (1833) ئۆپۆزیسیۆن بەگاڵتەجاڕییەوە سەرۆک (ئەندرۆ جاکسن)ی دیموکراتیان بە گوێدرێژ ناوزەد کرد، لەو ساڵەدا وێنەکێش و کاریکاتێرست (تۆماس ناست) وێنەی سەرۆکی ئهمهریكای لەسەر جەستەی گوێدرێژێک کێشا، سەرۆک (جاکسن) لە جیاتی ئەوەی تووڕە بێت، سوودی لە وێنەی گوێدرێژەکە بینی و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا وەک ڕەمزی دیموکراتەکان بەکاریهێنا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەوکاتەوە (وێنەی گوێدرێژ و ڕەنگی شین) بوونەتە لۆگۆ و دروشمی دیموکراتەکان، هەروەها سڵۆگان/ درووشمی دیموکراتەکان لە کۆنفرانسی ئەم ساڵیاندا بریتی بوو لە (Uniting America) چونکە بەڕای دیموکراتەکان (دۆناڵد ترەمپ) رەوتی رەگەزپەرستی بەهێز کردووە و کۆمەڵگای ئەمهریکی دابەشکردووە.
2- پارتی کۆماری لە رێكکەوتی (20/3/1854) دامەزرا، هەمان وێنەکێش (تۆماس ناست) لە ساڵی (۱۸۷٤) لە کاریکاتێرێکدا وێنەی فیلێکی وەک رەمز بۆ کۆمارییەکان بەکارهێنا، لەوکاتەوە (وێنەی فیل و ڕەنگی سوور) بوونەتە دروشمی کۆمارییەکان، هەروەها سلۆگان/ درووشمی کۆمارییەکان لە کۆنفرانسی ئەم ساڵیاندا هەمان سڵۆگانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2016) بوون کە بریتین لە (America First) و (Make America Great Again) چونکە بەڕای ترەمپ ئهمهریكا لە سەردەمی ئۆبامادا لاواز بووە و پێویستە بەهێز بکرێتەوە.
لە ئێستادا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و کێبڕکێ و ململانێی نێوان (فیلە کۆمارییەکان و گوێدرێژە دیموکراتەکان) بە شێوەیەک گەرم و گوڕن کە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا و جیهاندا بە دەگمەن وێنەیان هەبووە، پێموایە ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی یاری (کلاسیکۆ) زۆربەی دانیشتوانی وڵاتانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای نزیکەی سێ هەفتەی تر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئهمهریكا بەڕێوەدەچێت و هەردوو پارتی سەرەکی ئهمهریكا (دیموکرات و کۆماری) هەموو هەوڵێکی ڕێگاپێدراوی (یاسایی و دەستووری)ی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، بۆیە (گوێدرێژە دیموکراتەکان) هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و دەرکردنی (فیلە ترەمپ) لە کۆشکی سپی، لە بەرامبەردا (فیلە ترەمپ) هەموو هەوڵێکی چڕ کردۆتەوە تاکو بەهەمان شێوەی سەرکەوتنی خۆی بەسەر (کۆرۆنا)دا، بەسەر دیموکراتەکانیشدا سەرکەوێت!
چاوەڕوان دەکرێت بڕی تێچووی ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئهمهریكا ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، چونکە گوژمەی تێچووەکەی دەگاتە نزیکەی (11) ملیار دۆلار، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم پرۆپاگەندە و (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبن لە گوتاری نا عەقڵانی و تەخوینکردن و جوێن و قسەی نەشیاو، بەڵام جیاوازییەکەی لەوەدایە (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا تەنها پێش هەڵبژاردن گەرم دەبێت و دواتر سارد دەبێتەوە و هەر کام لە بەربژێرەکان (ترەمپ یان بایدن) دەربچن، لە گوتاری سەرکەوتندا دەڵێن "هەڵبژاردن تەواو بوو، من سەرۆک و خزمەتکاری هەموو ئەمهریکییەکانم بە بێ جیاوازی (بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە) لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی کە دەستووری ئهمهریكا بۆی دیاریکردووم، ئەوپەڕی توانام دەخەمەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن".
*كارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتیۆتی توێژینەوەی ئەمهریکی-کوردی