
بەختیار شاخی
نووسەر
لە بەیرووتەوە تا تاران، تاڵیی دۆڕانی "دیپلۆماتکاری شەڕخواز"

ئەحمەد دەستماڵچیان، باڵیۆزی پێشووتری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و ئوردن، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی (خبر آنلاین) بە ناونیشانی (اربیل تا سلیمانیه؛ اقلیم کردستان عراق و پسلرزههای پس از جنگ ١٢ روزه)، کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕاست و بوختانی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە و بە سنوور بەزاندنێکی ئاشکرای دیپلۆماسی و پێشێلکردنی بنەمای دراوسێتیی باش و هاوبەشییەکانی نێوان هەردوو گەلی هەرێمی کوردستان و ئێران، هانی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە دەدات.
هەڵبەت لە کەسێکی وەک دەستماڵچیان، کە باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە لوبنان و ئوردن، ئەنجامی کار و بیرکردەوەکانی بووە ناسەقامگیری و شەڕ و مەرگ و ماڵوێرانی بۆ ناوچەکە شتێکی باشتر چاوەڕێ ناکرێت، ئەوەتا تا ئێستاش هاووڵاتییانی لوبنان و فەلەستین و سووریا باجی سیاسەتی هەڵە و خۆتێهەڵقورتاندنەکانی ئەو بەناو دیپلۆماتکارە دەدەن، کەچی لەجیاتی ئەوەی لەپای هەڵەکانی، داوای لێبوردن لە گەلانی ئێران و ناوچەکە بکات، دەستی داوەتەوە پیلانگێڕی و خەونی ئەوەیە شکستی سیاسەتیان لە ناوچەکە و جیهاندا، بە پەلاماردانی هەرێمی کوردستان پەردەپۆش بکەن.
هاوئاوازەکانی ئەو کابرایە، لەجیاتی ئەوەی لە ئەرکی دیپلۆماتییدا بەدوای هاوبەشییەکاندا بگەڕێن، بە هۆنینەوەی بوختان و خەیاڵپڵاویی تێکدانی ئاساییشی وڵاتانی دراوسێیان، دەیانەوێ لە ئاوی لێڵدا ماسی بگرن.
ئەو بەناو دیپلۆماتکارەی پێشوو، لە وتارەکەیدا زۆر بێشەرمانە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی ئێران "ئامرازەکانی گووشار"ـی خۆی لە هەرێمی کوردستانی بۆ ڕێگرتن لە "جیاخوازەکان" و کۆنتڕۆڵکردنی نەیارەکانی لە هەرێم بەکار هێناوە و ڕووداوەکانی ٢١ و ٢٢ـی ئابی سلێمانی وەک بەشێک لەو پڕۆسەیە ناساندووە. دواتریش ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران ڕۆڵی لە سیاسەت و هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتی عێراقیدا هەیە و گوتوویەتی: "بەپشتبەستن بەو هەژموونەی ئێران، ئەگەری گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم هەیە". دواتریش دیسان لەسەر قەوانە کۆنەکەی پێشوویان کۆمەڵێک تۆمەتی ئاراستەی هەولێر کردووە و زڕەخەونی خۆی بە "کەڵکوەرگرتن لە دووبەرەکیی لایەنە کوردستانییەکان" بۆ "دەستەمۆکردنی هەولێر" خستووەتە ڕوو. ئەرێ چ دیپلۆماسییەک ڕێگە بەوجۆرە دەستێوەردان و دەربڕینانە دەدات؟
هەرێمی کوردستان بەردەوام تۆمەتی لەوجۆرەی ئەو کەسە گومانلێکراوانەی ڕەت کردووەتەوە و پێداگریی دەکات کە پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەند لە هەڵەکانی ئەوجۆرە کەسانە وەربگرێت کە جگە لە ڕووگیریی وڵاتەکەیان لەئاستی نێودەوڵەتی و دروستکردنی قەیرانی گەورەتر بۆ گەل و حکـوومەتەکەیان هیچ بەرهەمێکی نەبووە. هەروەها پێویستە ڕێز لە پەیوەندیی دوولایەنەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگرێت، پەیوەندییەک لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت و خۆیان لەو جۆرە هەڕەشانە و هەوڵی فیتنەگێڕانە دوور بگرن.
ددانپێدانانی ئەو بەرپرسەی ئێران بەوەی دەستیان لە ڕووداوەکانی سلێمانیدا هەبووە، دەستێوەردانێکی ئاشکرا و بێشەرمانەی باڵێکی شەڕخوازی ئێرانە و هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئەو دەستێوەردانە و هەوڵدانیان بۆ ئەوەی سلێمانی بکەنە ناوەندێک بۆ سیخوڕی و نانەوەی ئاژاوە، ڕەت دەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەک قەبوڵ ناکرێت.
نەک هەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو تەواوی دڵسۆزانی ئاشتی و ئارامی و خەمخۆرانی سەقامگیریی ناوچەکە، چاویان لەوەیە ئەقڵمەندانی ئێران، ڕێگە لەوانە بگرن کە وڵاتەکەیان تووشی نەهامەتی کردووە. باشتر ئەوەیە لەجیاتی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، دابنیشن و بیر لە چاککردنی دۆخی شێواوی ناوخۆ بکەنەوە، برسییەتی و نادڵنیایی و بێمتمانەیی و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشی هاووڵاتیانیان چارەسەر بکەن. پێویستە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەنە ئەو ڕاستییە: ئارامی و سەقامگیریی ئێران، بە هەوڵدان بۆ نائارامکردن و تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی دیکە، وەدی نایەت.