بەختیار شاخی
نووسەر
زێد؛ ونبوونی ماڵ لە سێبەری جەنگدا
(زێد) Fatherland نوێترین فیلمی پاڤێل پاڤلیکۆڤسکی، دەرهێنەری ناوداری پۆڵەندییە کە پێشتر بە (ئایدا) و (شەڕی سارد)، سینەمای ڕەش و سپیی گەیاندبووە لووتکە. پاڤلیکۆڤسکی بە فیلمی(زێد) خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە(فێستیڤاڵی کان) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بردەوە. فیلمەکە بەسەرهاتی گەڕانەوەی (تۆماس مان) بۆ ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانییە. ئەڵمانیایەک کە ئیدی وەڵاتێکی یەکپارچە نییە، بەڵکوو خاوەنی دوو حیکایەت، دوو ئایدیۆلۆژیا و دوو ڕوانینە. (تۆماس) لەو گەڕانەوەیدا بۆ زێدی خۆی،(ئەریکا)ـی کچی لەگەڵ خۆی بردووە. ئەو ڕۆژنامەنووسی شەڕ و نووسەرێکە و ڕۆڵی ویژدانی برینداری فیلمەکە دەبینێت.
کوا ماڵ؟
ئەوە پرسیاری جەوهەریی فیلمەکەیە. تۆماس مان، کە لە فیلمەکەدا ڕۆڵی نووسەرێکی براوەی خەڵاتی نۆبڵ دەبینێت، دوای ساڵانێکی زۆر لە دوورخرانەوە، دەگەڕێتەوە نیشتمانێک کە ئیدی (ماڵ) نییە. ئەڵمانیای ڕۆژاوا ئەوی وەک هێمای ئازادی دەوێت، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات ئەو بە میراتگری مارکسیزم دەزانێت. هەردووکیان تۆماس بە سەرمایەی خۆیان دەزانن، بەڵام هیچیان ناتوانن ئەو شتەی بۆ بگەڕێننەوە کە ونی کردووە: خۆییبوون.
لەو فیلمەدا نیشتمان چیدی بریتی نییە لە درووشم و سۆز، بەڵکوو بابەتێکی ئەخلاقی و دەروونییە، ئیدی تەنیا خاک و ئاڵا و سنوور نییە، بەڵکوو زەین و ڕوانینێکی لەبیرکراو، زمانێکی شێوێندراو و ماڵێکە کە ئیدی ناتوانێت مرۆڤ بحەوێنێتەوە. تۆماس و ئەریکا لە کەلاوەکانی کەنیسەیەکدا، دەگەنە ڕاستییەکی تاڵ: ئەو ماڵەی لەدەست چوو، ئیدی ناگەڕێتەوە.
هەلپەرستان، برینی هاوبەشی ئێمە و فیلم
لە دیمەنێکی فیلمەکەدا، تۆماس بە شەقامێکدا دەڕوات، کەسانێک دەبینێت کە ڕۆژانێک هاوکاری نازییەکان بوون، بەڵام ئێستا بەرگیان گۆڕیوە و زۆر بە گوڕوتینەوە باسی ئامانجەکانی کۆمۆنیزم بۆ خەڵک دەکەن.
ئەو دیمەنە، وەک شۆکێکی ئەخلاقیی فیلمەکە، بۆ ئێمەی کورد برینێکی زۆر ئاشنایە.
ئێمەش کەسانێکمان بینیوە کە تا پێیان کراوە هاوکاری داگیرکەران بوون، بەڵام ئێستا بە ماسکێکی نوێ، ڕێگەمان پێشان دەدەن. ئەو جلگۆڕین و ڕۆڵگۆڕین و (سڕینەوەی ڕابردوو)ـە ڕێک ئەوەیە کە ئەو دیمەنەی فیلمەکە بۆمان دەخاتە ڕوو: مێژوو تەنیا نیشتمان دابەش ناکات، بەڵکوو مرۆڤەکانیش لە ناخەوە دەڕووخێنێت.
مێژوو چۆن بەردەوام دەبێت؟
جەنگ تەواو دەبێت، بەڵام مێژوو لە ڕەفتاری مرۆڤەکاندا درێژەی دەبێت. لە هەموو ئەو هەڵسەنگاندنانەی بۆ ئەو فیلمە کراون، ئەو بابەتە بە زەقی دەدرەوشێتەوە. دوای جەنگ، لە زمانی خەڵک، لە بێدەنگییان، لە ترسیان و تەنانەت لەو بزەیەی بە درۆ دەیخەنە سەر لێویان، دەتوانین بەردەوامیی مێژوو، وەک برینێکی کراوە و بە ئازار، ببینین. لە فیلمەکەدا هەموو هەنگاوێکی تۆماس و ئەریکا، کولانەوەی برینێکی پڕ لە ئازارە.
بۆ ئێمەی کورد، ئەو ڕاستییە زۆر بەئازارترە: سنوورەکان چەسپاون، حکوومەتەکان دەگۆڕێن، بەڵام زمانی ترس، زمانی بێدەنگی، زمانی هەلپەرستی و ناپاکی و زمانی هیوا، هێشتا لە ژیانی خەڵکدا ڕەنگ دەدەنەوە. مێژووی ئێمە، وەک مێژووی ئەو فیلمە، تەواو نەبووە، تەنیا شێوەی گۆڕاوە.
چارەنووسی هاوبەش: ماڵێکی چوار پارچە
ئێمەش وەک تۆماس و ئەریکا ساڵانێکە بە ڕێگەیەکی درێژدا دەڕۆین، ڕێگەیەک کە لە هەولێرەوە تا مەهاباد و کرماشان، لە سلێمانییەوە تا قامشلۆ، لە کەرکووکەوە تا ئامەد و وان درێژ بووەتەوە، بەڵام ناتوانین بە تەواوی بزانین کوێ(ماڵ)ـمانە. ئێمەش دابەش کراوین، نەک بۆ دوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، بەڵکوو چوار سنوور، چوار دەوڵەت و چوار حیکایەت. هەر لایەکیان ئێمە بە هیی خۆی دەزانێت، بەڵام هیچیان ناهێڵن(ماڵ)ـێکمان هەبێت کە تیایدا بە تەواوی هەست بە دڵنیایی بکەین.
کاتێک ئەریکا دەڵێت: "بابە، با بگەڕێینەوە ماڵێ"، تۆماس لە وەڵامدا دەڵێت: "ماڵمان لە کوێیە؟"، خۆمان دەهێنمە پێش چاو، ئێمەش لە زەین و هۆشماندا ماڵێکمان هەیە، کەچی داگیر کراوە و ناهێڵن بە ئاسوودەیی لەناویدا بژیین. تۆماس و ئەریکا دوای جەنگ دەتوانن لە سنوورەکان تێپەڕن، بەڵام ناتوانن بەسەر برینەکاندا باز بدەن، لێرە ئاڵنگارییەک دەخرێتە بەردەم بینەر: دەتوانیت لەگەڵ یادەورییە تاڵەکاندا بژییت و برینەکانت لەبیر بکەیت؟
ماڵ لە کوێیە؟
(زێد) فیلمێکە لە بارەی ونکردنی نیشتمان، بەڵام بۆ ئێمەی کورد، تەنیا فیلم نییە، ئاوێنەیەکە ساڵانێکی زۆرە لە پێشمان دانراوە. ئێمەش وەک نەتەوەیەکی بەشخوراو، وەک تۆماس دەپرسین: ماڵمان لە کوێیە؟ ڕەنگە وەڵامەکە نە لە سنوورەکاندا بێت، نە لە دەوڵەتەکان، ماڵی ئێمە ئەگەر لەسەر نەخشەش لادرابێت، هەر لەو پرسیارەدایە کە ئێمەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، پرسیارێک کە دەبوو زیاتر پێکەوەمان ببەستێتەوە.
ماڵ بریتییە لە هەستکردن بە ئاسوودەیی، بە وەفاداری، بە هۆگری، بە ئازادی و دڵنیابوون لەوەی ناسنامەت، زمانت، مێژوو و داهاتووت، لە مەترسییدا نییە. شوێنێک کە خۆتی تێدا بە بێگانە نازانیت و دڵتەنگ نابیت، شوێنێک کە دەتوانیت بێ ترس ناوی خۆت بڵێیت، نەک من و تۆ ناچار بین بە ناسنامە و "گوزەرنامە"یەک کە هی ئێمە نییە، بۆ ئەوەی لە ژوورێکەوە بچینە ژوورەکەی تر، بە سنوورێکدا تێپەڕین کە ڕاستی نییە. شوێنێک کە بێ ترس ئاڵامان هەڵکەین و هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک دژایەتیی نەکەن.