بەختیار شاخی
نووسەر
سۆشیالمیدیا؛ گۆڕەپانی شەڕی حیکایەتەکان و ئاڵنگارییەکانی کۆمەڵگە
لە جیهانی ئەمڕۆدا سۆشیالمیدیا تەنیا بریتی نییە لە ئامرازێکی پەیوەندی، بەڵکوو بووەتە سەکۆی سەرەکیی دروستبوون و ئاراستەکردنی ڕای گشتی. بەڵام لە کوردستان کاریگەرییەکەی نەک هەر زیاترە، بگرە هەستیارتر و وێرانکەرتریشە. کۆمەڵگەیەک کە بە فرەییەکی ئیتنی، ئایینی، مەزەبی و سیاسی، ناسراوە و لە هەمانکاتدا گۆڕەپانی ململانێ و دەستشکاندنەوەی هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و شەڕی حیکایەتەکانە، زۆر زیاتر پێویستی بە ئارامی و ئاسایشی دەروونی و هۆشیاریی گشتییە.
خێزان و منداڵان، قوربانیی یەکەمی ئاڵۆزیی زانیاری
لە کاتی شەڕ و قەیراندا، ماڵ یەکەم شوێنە کە زیانی پێ دەگات. لە زۆربەی خێزانەکاندا منداڵان لە تەنیشت باوانیان، بێ هیچ فلتەر و کۆنتڕۆڵێک، سەیری دیمەنە پڕ توندوتیژییەکان دەکەن، گوێ لە لێکدانەوە میزاجی و پڕ هەڵچوونەکان و پڕوپاگەندەکان دەگرن. ئێستا سۆشیالمیدیا بەخێراییەکی زۆر زیاتر لە تەواوی مێژووی میدیا دەتوانێت دۆخی دەروونیی ناو ماڵەکانمان لە ئارامییەوە بەرەو پەشۆکان و شێوان ببات. لە دۆخێکی وەهادا، بەرپرسیارێتیی میدیا و کارەکتەرەکانی سۆشیالمیدیا تەنیا ئەوە نییە هەواڵێک بڵاو بکەنەوە، بەڵکوو ئەرکی سەرشانیانە نەبنە هۆی تێکدانی ئارامیی دەروونیی خێزان.
لاوان، لە بێکارییەوە تا کۆچ و بێهیوایی
لاوانی کوردستان لە هەموو توێژەکانی دیکە زیاتر دەکەونە بەر کاریگەریی ئەو کەشەی کە سۆشیالمیدیا دەیسەپێنێت. کاتێک سۆشیالمیدیا وێنەیەکی تاریک، ناسەقامگیر و تژی لە بێهیوایی لە ئایندە دەخاتەر بەر دیدی لاوان، ئاساییە کە لاو وا هەست بکات هیچ ئاسوویەک لەبەردەمیدا نییە. ئەو بێهیواییە دەبێتە هاندەر بۆ گۆشەگیری، خەمۆکی، کۆچ و تەنانەت بێمتمانەیی تەواو بەرانبەر کۆمەڵگە. لەکاتێکدا زۆربەی ئەو وێنە و گێڕانەوانە، ڕەنگدانەوەی دۆخی ڕاستەقینە نین، بەڵکوو بەرهەمی حەماس و ململانێی سیاسی یا شەڕی میدیایین.
دووبەرەکی و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە، هەڕەشەیەک بۆ سەر پێکەوەژیان
لە کۆمەڵگەیەکدا کە فرەیی ئیتنی، ئایینی، مەزەبی و سیاسی بەشێکە لە ناسنامەکەی، هەر هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی ناڕاست دەتوانێت بەخێرایی ببێتە هۆی هەڵە تێگەیشتن و بڵاوکردنەوەی ترس و نائومێدی و لێکترازانی زیاتری کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکان. سۆشیالمیدیا ئەگەر بێ ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتی بەکار بهێندرێت، لە بری ئەوەی ببێتە پردی پەیوەندی، دەبێتە گۆڕەپانی پێکدادان و هۆکاری دووبەرەکی. لە دۆخێکی وەهادا، ناونیشانێکی حەماسی، ڤیدیۆیەکی ناتەواو یان لێکدانەوەیەکی ئامانجدار و لایەنگر، دەتوانێت شارێک، یا گرووپێکی کۆمەڵایەتی بەگژ یەکدا بکات.
شەڕی حیکایەتەکان، کاریگەریی کارەکتەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکان
کوردستان لە ناوچەیەکە کە کارەکتەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیش، هەر کامیان هەوڵ دەدەن حیکایەت و لێکدانەوەی خۆیان بەسەر ڕای گشتیدا بسەپێنن. ئەو ململانێیە وای کردووە سۆشیالمیدیا ببێتە گۆڕەپانی شەڕی حیکایەتەکان، گۆڕەپانێک کە دەکرێ هەر هەواڵێک، هەر وێنەیەک و هەر لێکدانەوەیەک بەشێک بێت لە یارییەکی گەورەتر. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، ئەو کۆمەڵگەیەی زیان بە ئارامیی دەروونی و هزرییەکەی بگات، زۆر ئاسانتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی یاریکردن بە زانیارییەکان.
بەرپرسیارێتیی میدیا: ڕاگرتنی ئارامی، نەک تێکدانی
میدیا لە کوردستان ئەرکی زۆر لە گەیاندنی زانیاری و گواستنەوەی هەواڵ زیاترە. میدیا بەشێکن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هەر بابەتێک بڵاو بکەنەوە، یا دەبێتە هۆی هۆشیاری و ئارامیی کۆمەڵگە، یا ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنێت. بۆیە پێویستە:
- خۆیان لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و قسەوقسەڵۆک و وێنەی زیانبەخش بپارێزن.
- ناونیشانی ورووژێنەر و هاندەرانە پەخش نەکەن.
- چیرۆکی ناتەواو و پشتڕاستنەکراوە و ئاراستەکراو بڵاو نەکەنەوە.
- لە هەمووی گرنگتر، لە بیریان نەچێت کە لە کۆمەڵگەیەکی هەستیاردا، میدیاکان تەنانەت بەرانبەر یەک وشەیش بەرپرسیارن.
دوا وتە
سۆشیالمیدیا دەتوانێت فاکتەری هۆشیاری، یەکڕیزی و بەخشینی هیوا بێت، بەڵام ئەگەر نابەرپرسانە بەکار بهێندرێت، دەبێتە کەرەستەی تێکدانی ئارامیی کۆمەڵگە. لە کوردستان، بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەڵکەوتەی ناوچەیی و ململانێکان، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هزری و دەروونیی خەڵک تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکوو پێویستییەکی هەر گرنگ و بەرپرسیارێتییەکی هەستیارە. میدیا و بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا پێویستە لە هەر هەنگاوێکیان ئەوەیان لەبەر چاو بێت: هەر پۆستێکمان، هەر هەواڵ و لێکدانەوەیەکمان، هەر وێنە و دیمەنێک کە بڵاوی دەکەینەوە، یا داهاتوویەکی ئارامتر دەنەخشێنێت، یا ئایندە تاریکتر پێشان دەدات و دەبێتە هۆی بێهیوایی و لێکترازانی زیاتر.