
بێستون محەممەد قەرەداغی
نووسەر
لە سەردەمی قەیرانەکاندا چۆن مەسرور بارزانی پرۆژە ستراتیژییەکانی کردە پێوەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوە

کاتێک دەست بەکارێکی نوێ دەکەیت یان پۆستێکی نوێ وەردەگریت، بەتایبەتی لە وڵاتێکدا کە گرفت و ئاستەنگی زۆری هەیە، سێ ڕێگات لەبەردەمدایە: یان دەوەستیت و چاوەڕێی باشبوونی بارودۆخەکە دەکەیت، یان بیانوو بۆ قەیرانەکان دەهێنیتەوە کە ئەمەشیان هەر وەستانە، یاخود هەنگاو دەنێیت ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنیت، سەرەڕای ئەو قەیرانە گەورانەی کە ڕوبەڕووی هەرێمی کوردستان بونەوە. ئەوەی سێیەمیان ئەو ڕێگایە بوو کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەمدا هەڵیبژارد.
لە کاتێکدا کە حکوومەتی بەناو فیدراڵ بودجەی هەرێمی بڕی و قەیرانی دارایی بۆ کوردستان دروستکرد و نرخی نەوت دابەزی و شەڕی داعش، هەموو پلانەکانی پوچەڵکردەوە یان ڕایگرت، ئەوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر سەرکردایەتی مەسرور بارزانیدا ستراتیژییەکی جیاوازی جێبەجێکرد.
ئەویش ئەوەبوو دەبێت ئەو پرۆژانەی کە بۆ خەڵک گرنگن، بەردەوام بن.
ئەم بیرۆکە ئەگەرچی بەڕواڵەت سادەیە، بەڵام بوو بە بنەمای گۆڕانکارییەک کە ئەمڕۆ لە زۆر ناوچەی کوردستاندا دەبینرێت.
ئێمە ئێستا لە سەردەمی قەیرانەکاندا دەژین، بەڵام قەیران نابێت ببێتە پاساو بۆ وەستان. پێچەوانەکەی، قەیران دەبێت هاندەربێت بۆ داهێنان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی نوێ، مەسرور بارزانیش ڕێک ئەمەی کرد.
دوور لە دروشمی هەڵخەڵەتێنەر و پیاهەڵدان بەشان و باڵی بەرپرساندا، با سەیری چەند نموونەیەکی زیندوو بکەین کە نیشانی دەدەن چۆن ئەم ستراتیژە کاری کردووە:
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر: ئاو وەک مافێکی سروشتی
ئاو، کە سەرچاوەی سەرەکیی ژیانە، بۆتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی سەدەی بیست و یەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو، کە ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی دانرا، تەنیا پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری نەبوو، بەڵکو وەڵامێک بوو بۆ کێشەیەکی گەورەتر: کە چۆن دەتوانین ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکەین؟.
ئەم پرۆژەیە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و کۆسپەکان جێبەجێ کرا، ئێستا ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتی دابین دەکات. بەڵام لەوەش گرنگتر، ئەم پرۆژەیە نیشانی دا کە چۆن حکوومەت دەتوانێت لە قەیراندا پرۆژەی ستراتیژی جێبەجێ بکات، ئەگەر پلانی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەبێت.
کاتێک کاری پرۆژەکە دەستی پێکرد، زۆر کەس گومانیان هەبوو کە بتوانرێت تەواو بکرێت. بەڵام دەمانزانی کە ئەمە تەنیا پرۆژەیەکی ئاو نییە، بەڵکو پەیامێکە: هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، جگە لەوە پەیامێکی دیکە لە پشت پرۆژەکەوە بوو، کە لەحاڵەتی نەخوازرا و قەیران و سەختیدا ئێمە توانایی چارەسەرکردن و خزمەتکردنمان هەیە، چونکە پرۆژەکە ناونرا بوو فریاگوزاری.
پرۆژەی ڕووناکی: ڕووناککردنەوەی ئایندەی کوردستان
پرۆژەی ڕووناکی، کە لە چەندین شاری کوردستاندا جێبەجێ کرا، ئەم پرۆژەیە، کە لە سەرەتادا وەک پرۆژەیەکی بچووک دەستی پێکرد، ئێستا بووەتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ ناوچەکەو تەنانەت حکوومەتی فیدراڵیش.
کاریگەری ئەم پرۆژەیە لەوە زیاترە کە تەنیا شەقامەکان یان ماڵەکان ڕووناک بکاتەوە. ئەم پرۆژەیە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی پیسبوونی هەوای شارەکان و ئەو ناوچانەی کە پرۆژەکەی تێدا ئەنجامدراوە.
هەروەها، پرۆژەکە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی بە ڕێژەی %40، کە لە درێژخایەندا سەرچاوەیەکی داراییە بۆ حکوومەت.
"ئەم پرۆژەیە نیشانی دا کە چۆن دەتوانین لە قەیرانی داراییدا، ڕێگەچارەی داهێنەرانە بدۆزرێتەوە هەم خەرجی کەمتر و هەم کاریگەریی باشتری هەبێت.
پرۆژەکانی ڕێگەوبان: پەیوەندیکردنی کۆمەڵگەکان
یەکێک لە بنەماکانی گەشەسەندنی ئابووری، تۆڕی ڕێگەوبانی پێشکەوتووە. لە کابینەی نۆیەمدا، سەرەڕای قەیرانی دارایی، چەندین پرۆژەی ستراتیژی ڕێگەوبان جێبەجێکران، کە هاموشۆی نێوان شارەکان و ناوچە دوورە دەستەکانیان باشتر کرد.
ئەم پرۆژانە تەنیا بۆ باشترکردنی هاتوچۆ نەبوون، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئابووریی ناوچەکان هەبوو. بۆ نموونە، دوای تەواوکردنی ڕێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و دهۆک، کاتی گەشت کەم بووەوە، کە پێشتر زیاتر لە دوو کاتژمێری دەخایاند. ئەمە نەک تەنیا کاتی هاووڵاتیانی پاراست، بەڵکو بووە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی سووتەمەنی و باشترکردنی بازرگانی نێوان هەردوو شار.
"ئەم ڕێگایە ژیانی زۆر کەسی گۆڕی. بە نموونە جووتیارەکان باشتر دەتوانن ڕۆژانە بەرهەمەکانیان بگەیەننە بازاڕی دهۆک و هەمان ڕۆژ بگەڕێنەوە بۆ ئاکرێ یان شێخان.
پارکە گشتییەکان: هەناسەی شارەکان
لە کاتێکدا کە زۆربەی حکوومەتەکان لە سەردەمی قەیراندا پرۆژە "نا-پێویستەکان" دوادەخەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا چەندین پارکی گەورە بکاتەوە. ئەم بڕیارە، کە لە سەرەتادا ڕەخنەی لێگیرا، دەگوترا پارە بۆ شتی ناپێویست خەرج دەکرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بڕیارەکە دروستە و سەوزایی و ژینگەی کوردستان پێویستی بە فراوانکرن هەیە، لە هەمووی گرنگتر بڕیاری سەوزکردنی دەوری پایتەختە کە کوردستان دەباتە قۆناخێکی نوێی پێشکەوتن و ژینگەیەکی پاکتر و سەوزتر کە لە ماوەیەکی کەمدا وەک سەرجەم پڕۆژە گرنگە کانی دیکە جێبەجێدەکرێت.
گرنگە کە خەڵک شوێنی گشتی هەبێت بۆ پشوودان و دەربازبوون لە فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە. ئەم پارکانە تەنیا بۆ جوانکردنی شار نین، بەڵکو بۆ باشترکردنی تەندروستی دەروونی کۆمەڵگەش گرنگن.
هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت
زۆربەی ئەم پرۆژانە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت جێبەجێکران، کە بارگرانی داراییان لەسەر حکوومەت کەمکردەوە.
سەردەمی قەیران، تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ هەر سەرکردەیەک. ئەوەی کە مەسرور بارزانی و کابینەکەی لەم تاقیکردنەوەیەدا نیشانیان دا، ئەوەیە کە سەرکردە و سەرۆکی وەک مەسرور بارزانی لە کەم کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت.
سەرەڕای هەموو ڕەخنەکان و ئاستەنگەکان، پرۆژەکانی وەک فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو، پرۆژەی ڕووناکی، و باشترکردنی ڕێگەوبان، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و کردنەوەی چەندین سایلۆی پێشکەوتوو لە کەرتی کشتوکاڵ و چەندین پرۆژەی دیکەی گرنگ نیشانیان دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر .