بێستون محەممەد قەرەداغی
نووسەر
لە بنبەستی سیاسیەوە بۆ بەکارهینانی هێز
نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت و هێشتا تارمایی چەقبەستوویی سیاسی بەسەر هەرێمەوە ماوە. دابەشبوونی دەنگەکان بە جۆرێکە کە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت بەبێ لایەنەکەی دیکە حکوومەت پێکبهێنێت، ئەمەش دۆخێکی نائاساییە و دوور نییە دەستی دەرەکی بۆ قووڵکردنەوەی ئەم قەیرانە لە کاردا بێت.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە، هێزە سیاسییەکان نەک هەر نایەنە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵکو ئامادەی هیچ جۆرە سازشێک نین لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و تەنیا خەریکی پاراستنی داواکارییە حزبییەکانی خۆیانن.
ئەگەر سەیری هەڵبژاردنەکانی رابردوو بکەین، ململانێکان تەنیا لە چوارچێوەی تۆمەتبارکردنی یەکتری بوو بە ساختەکاری، بەتایبەت لە لایەن ئەو هێزانەی خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دەناساند؛ بەڵام ئێستا قۆناخەکە مەترسیدارترە، هەرچەندە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەندێک ناڕەزایەتی هەبوو، بەڵام کاردانەوەی گەورەی لێ نەکەوتەوە.
ئێستا ململانێکان لە قۆناخی تۆمەتەوە گۆڕاون بۆ قۆناخی بەکارهێنانی هێز و پەکخستنی دامەزراوە یاساییەکان. ئێستا پەرلەمانتار دەستبەسەر دەکرێت تەنیا بۆ ئەوەی رێگری لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و نەخشە سیاسییەکان بە ئارەزووی تاقمێکی دیاریکراو بەڕێوە بچن.
هێزێکی سیاسی کە خەریکی سەرانەسەندنە لە بازرگانان و داهاتی ناوچەکەی بۆ بەرژەوەندی حزب بەکاری دەهێنێت، ئێستا گەورەترین کۆسپە لە بەردەم پڕۆسەی دیموکراسی؛ ئەم لایەنە بە ئەقڵییەتێکی سەربازییەوە مامەڵە دەکات و دەڵێت "من خاوەنی زۆرترین کورسیم، بەڵام رێگە نادەم پەرلەمانتارانی دیکە بگەنە ناو هۆڵی پەرلەمان". رووداوەکان گەیشتنە ئەوەی شوێنی حەوانەی پەرلەمانتاران بکرێتە بارمتەخانە و بە زۆر رێگرییان لێ بکرێت لەوەی ئامادەی کۆبوونەوە بن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم هێزە چیدی بڕوای بە هیچ پرەنسیپێکی سیاسی و یاسایی نەماوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو لایەنەی کە ناوی نراوە ئۆپۆزسیۆن و مێژووەکەی پڕە لە ساختەکاری و تەزویر، بووەتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەو هێزە سەربازییەی کە ناوچەکەی پاوان کردووە. پەرلەمانتارانی ئەم لایەنە بە ئاشکرا دەکرێنە بارمتە و رێگرییان لێ دەکرێت، کەچی سەرۆکەکەیان خەریکی رێککەوتنی ساختە و بەزۆرە لە پشت پەردەوە. ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەڵک دروستکراوە، دەنا لە کاتی جددی بوونی کێشەکاندا، دەبنە پاشکۆی ئەو هێزەی کە نانی خەڵک دەبڕێت و پەرلەمان پەک دەخات.
جێگەی سەرنجە کە ئەم لایەنانە لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆرینەن، کەچی هەر خۆیانن رێگرن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان. ئەوان نەک هەر نایەنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵکو لە دوورەوە و بە مەرجی قورس داوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی حکوومەت دەکەن. دەیانەوێت بەبێ سازش و بەبێ رێزگرتن لە دەنگی راستەقینەی خەڵک، جومگەکانی دەسەڵات بۆ خۆیان قۆرخ بکەن، ئەمەش هەرێمی کوردستانی بەرەو داهاتوویەکی نادیار و پڕ لە مەترسی بردووە.