سیاسی
بێستون محەممەد قەرەداغی
بێستون محەممەد قەرەداغی

نووسەر

پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بازنەی تەشریفاتیەوە بۆ پارێزگاڕی لە دەستوور

پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بازنەی تەشریفاتیەوە بۆ پارێزگاڕی لە دەستوور
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بازنەی تەشریفاتیەوە بۆ پارێزگاڕی لە دەستوور

ململانێی توندی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە تێڕوانینی سیاسی بۆ ئەو پۆستە.

 ئەگەر لە رابردوودا وا وێنا کرابێت کە سەرۆککۆمار لە عێراقدا "تەشریفاتییە" و دەسەڵاتی نییە، ئەوا خوێندنەوەی وردی دەستوور و دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. ئەو "بێدەسەڵاتییە"ـی کە لە دوای قۆناغی مام جەلالەوە بینراوە، دەرەنجامی لاوازیی کەسایەتییەکان و ملکەچبوونیان بووە بۆ ئەجێندای دەرەکی، نەک لاوازیی پۆستەکە بەپێی دەستوور.

گۆڕینی هاوکێشەکە؛ بۆچی پارتی دیسانەوە پێداگیری دەکات؟

ئەزموونی ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی دوای ساڵی 2014، ئەوەی بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان روون کردەوە کە بەجێهێشتنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کەسایەتییەک کە توانای "کاریزمای سیاسی" و بڕیاردانی نەبێت، لە بەغدا زیانێکی گەورەی لە پێگەی کورد داوە.

 ئەو سەرۆککۆمارانەی لە پشکی یەکێتی دانران، زۆرجار بەهۆی سەفقەی سیاسی و رێککەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و کاریگەریی راستەوخۆی ئێران، نەیانتوانیوە لەو هێڵە دەربچن کە بۆیان کێشراوە.

بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە؛ ئەمریکا و هاوپەیمانان بە روونی ئاماژە بەوە دەدەن کە نابێت جومگە هەستیارەکانی عێراق بە تەواوی لە ژێر هەژموونی تاراندا بن.

لەم نێوەندەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان کە پەیوەندییەکی بەهێز و هاوسەنگی لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا هەیە، دەیەوێت لە رێگەی وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەوە، هاوسەنگی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە و سەرۆککۆمار بکاتە پارێزەری راستەقینەی دەستوور، نەک پارێزەری بەرژەوەندیی کوتلەیەکی دیاریکراو.

دەسەڵاتە دەستوورییەکان و ماددە پێشێلکراوەکانی دەستوور 

بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت "سەرۆککۆمار دەسەڵاتی نییە"، دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ماددەی (67)دا بە روونی ئاماژەیداوە: "سەرۆککۆمار سیمبولی یەکێتیی نیشتمانە و نوێنەرایەتیی سەروەریی وڵات دەکات و گرەنتیی پابەندبوون بە دەستوور دەکات". ئەم بڕگەیە دەسەڵاتی "ڤیتۆ"ی مەعنەوی و یاسایی گەورەی بە سەرۆککۆمار داوە بۆ راگرتنی هەر هەوڵێک کە دژی دەستوور بێت.

ئەو ماددە دەستوورییانەی کە لە رابردوودا بە بەرچاوی سەرۆککۆمارەکانەوە پێشێلکران و بێدەنگەیان لێکرا، بریتین لە:

1- ماددەی 140: کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ساڵانێکە پشتگوێخراوە و تەعریب تێیاندا بەردەوامە.

2- ماددەی 9 (بڕگەی یەک): جەخت لە هاوسەنگیی پێکهاتەکان لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا کورد لە دامەزراوە ئەمنییەکان پەراوێزخراوە.

3- مافە داراییەکان: بڕین و یارییکردن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی روونی بنەماکانی فیدراڵیزمە کە سەرۆککۆمار دەیتوانی رێگری لێ بکات یان بیخاتە بەردەم دادگای فیدراڵی وەک پارێزەری دەستوور.

پارتی دەیەوێت لە رێگەی سەرۆککۆمارێکی بەهێزەوە، ئەم ماددانە زیندوو بکاتەوە و رێگە لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان بگرێت.

رۆڵی سەرۆککۆمار بۆ کوردانی رۆژئاوا و باشوور

لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوونی سەرۆک کۆمارێکی کورد کە خاوەن بڕیار و دونیابینیی نەتەوەیی بێت، بۆ پاراستنی کورد لە هەموو پارچەکان گرنگە.

بۆ باشووری کوردستان: سەرۆککۆمار دەتوانێت ببێتە قەڵغانێک لە بەغداوە بۆ راگرتنی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ لێدانی هەرێم، هەروەها داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم لە بەرانبەر بڕیارە سیاسییەکانی دادگای فیدراڵی.

بۆ رۆژئاوای کوردستان: عێراق دراوسێی گرنگی سووریایە. سەرۆککۆمارێکی بەهێز دەتوانێت لە رووی دیپلۆماسییەوە رۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و رێگری بکات لەوەی عێراق ببێتە بەشێک لەو گەمارۆیەی دەخرێتە سەر رۆژئاوا، هەروەها دەتوانێت لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا رێگری لە هەر رێککەوتنێکی ئەمنی بکات کە زیان بە کوردانی رۆژئاوا بگەیەنێت.

مەترسیی تیرۆر و حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع "محەممەد جۆلانی"

خاڵێکی دیکەی هەستیار، دۆخی ئەمنی و سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکانە لە سووریا. لە ئێستادا عێراق پەیوەندییەکی سارد و پڕ لە گومانی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە هەیە کە ئەبو محەممەد جۆلانی (سەرکردەی دەستەی تەحریری شام) کە سووریا بەڕێوەی دەبات.  ئەم گرووپە کە پاشخانێکی تیرۆریستی هەیە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

سەرۆک کۆمار، وەک نوێنەری باڵای عێراق لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانێت رۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە دروستکردنی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی بۆ فشارخستنە سەر سەرچاوەکانی تیرۆر.

 سەرۆک کۆمارێکی بەهێز دەتوانێت:

1-   داوای گەرەنتیی نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەوەی عێراق پارێزراو بێت لە هەر دزەکردنێکی تیرۆریستان لە سنوورەکانی سووریاوە.

2-  رێگری بکات لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی وڵاتانی هەرێمی لەگەڵ گرووپەکانی وەک جۆلانی، کە دواجار باجەکەی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیدەن.

لە کۆتاییدا، ویستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، ویستێکە بۆ راستکردنەوەی "هێڵە لارەکە"ی بەغدا و گێڕانەوەی شکۆ بۆ پۆستێک کە دەکرێت کلیلی چارەسەری زۆرێک لە کێشە دەستووری و ئەمنییەکانی کورد و عێراق بێت.