بێستون محەممەد قەرەداغی
نووسەر
ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەخشە گەورەکەدا
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، عێراق دەکەوێتە قۆناغێکی نوێ و هەستیارەوە، قۆناغی پێکهێنانی حکوومەت.
ئەم قۆناغە، وەک دەردەکەوێت، پڕە لە ئاڵۆزی و تەحەدا، چونکە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت بەتەنیا حکوومەت پێکبهێنێت؛ لە کاتێکدا بەپێی دەستوور گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵام دروستکردنی کوتلەیەکی زۆرینە لەم دۆخە پڕ پەرش و بڵاوەی عێراقدا کارێکی زۆر سەختە.
سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق – کورد، شیعە و سوننە – دابەشبوون بەسەر چەندین لیست و حزبێکدا. هەریەکەیان، بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، مەیلی چوونە پاڵ ئەو هێزە سیاسییانەیان هەیە کە زۆرترین داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکەن.
لەم نەخشە گەورە و ئاڵۆزەی عێراقدا، هێزێکی سیاسی هەیە کە جیاوازتره لەوانی دیکە، جیاواز بیر دەکاتەوە و ئامانجێکی جیاوازی هەیە؛ ئەو هێزە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدانە، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕۆڵێکی گەورە و فراوانی هەیە لە تەواوکردنی نەخشەکەدا.
پارتی، بە بیروباوەڕێکی نەگۆڕەوە، هەردەم بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە. مێژووی پڕشنگداری ئەم حزبە شایەتحاڵی قوربانیدانی بێسنووره لەپێناو پاراستنی کەرامەت و سەروەریی نەتەوەکەمان. لە سەختییەکانی ڕابردوودا، پارتی وەک قەڵغانێکی پتەو لەبەردەم هەموو هەوڵێکدا وەستاوە کە ویستوویانە ماف و دەسکەوتەکانی کوردستان بخەنە مەترسییەوە.
ئەمڕۆش، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەمان ڕۆح و ئیرادەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد.
ئێستا چاوی هەمووان لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی خاوەن ڕوانگە و بەئاگا لە گۆڕانکارییەکانی جیهان و خاوەن ئەزموون، پێویستە بە وریایی و دووربینییەوە هەنگاو بنێت. ئایندەی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، پێویستیان بە بڕیارێکی دروستە.
هەمیشە یهکگرتوویی گەرەنتی سەرکەوتنی کوردستان بووە، پارتی وەک هەمیشە، دەبێت کاری لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی پتەو و کاریگەر بکات. ئەگەرچی قورسە، بەڵام زەحمەت نییە.
بەیەکڕیزی دەتوانرێت ماف و دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و داهاتوویەکی گەش بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکرێت.
ئەم قۆناغە نوێیە لە مێژووی عێراقدا، تاقیکردنەوەیەکی دیکەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام دڵنیاین کە بەو ئەزموون و حیکمەتەی هەیەتی، پارتی دەتوانێت جارێکی دیکە سەربکەوێت و ببێتە کلیلی چارەسەر و سەقامگیری لە عێراقدا، لە هەمان کاتدا پارێزەری سەرەکی ماف و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت.
هەوڵەکان بۆ بچووککردنەوەی پارتی و کوردستان
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بۆ خولی شەشەم، کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، پارتی توانیی بنکەی جەماوەریی خۆی فراوانتر بکات و زیاتر 1,101,357دەنگ بەدەست بهێنێت، کە ئەمە گەشەیەکی بەرچاوە بەراورد بە خولەکانی پێشوو، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی کورسییەکانی بۆ 26 کورسی کەمی کردووە.
هۆکاری سەرەکی ئەم جیاوازییە، گەڕانەوەی عێراقە بۆ سیستەمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" بە ژمارەی دابەشکردنی 1.7، لەگەڵ گۆڕینی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ بازنەی گەورە (پارێزگا وەک یەک بازنە). لە کاتێکدا سیستەمی "تاکە دەنگی نەگوازراوە" لە 2021دا خزمەتی کاندیدە تاکەکەسییەکان و لایەنە بچووکەکانی دەکرد، سیستەمی سانت لیگۆ زیاتر لە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییە گەورەکان و پارتە خاوەن دەنگە زۆرەکان کاردەکات.
بەڵام دابەشبوونی دەنگەکانی پارتی بەسەر بازنە گەورەکان و پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە، وایکرد ژمارەی کورسییەکانی بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمتر بێت لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا.
ئەمە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ کاریگەری ڕاستەوخۆی یاسای هەڵبژاردنەکان لەسەر نوێنەرایەتی سیاسی و پێدەچێت بە مەبەستێک داڕێژرابێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی لایەنە کوردییەکان.
لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێدا، پارتی ڕۆڵێکی ناوەندی و یەکلاکەرەوەی دەبێت، بەپێی نەریتی سیاسی عێراق، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و پارتی وەک گەورەترین کوتلەی کوردی، ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی کورد بۆ ئەم پۆستە باڵایە.
لە هەمان کاتدا، پارتی داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبێت لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پرسەکانی بودجە، نەوت و گاز، و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.
بەشداری پارتی لە حکوومەتی داهاتوودا نەک تەنیا گرنگە بۆ سەقامگیری سیاسی عێراق، بەڵکو بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
ئەم ئەنجامانە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەنەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان و گۆڕانکارییەکانی یاسای هەڵبژاردن، هەر وەک هێزێکی کاریگەر و بڕیاردەر لە پرۆسەی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.