
كارۆخ خۆشناو
نووسەر
ستراتیژی نوێی ئەمهریکا لە نێوان هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک)دا!
"ههموو كات بژاردهی بهكارهێنانی ههرسێ هێزهكه لهسهر مێزه"

ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئهمهریكادا بخشێنینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە "سەنگی مەحەک" لە سیاسەتکردنی ئهمهریكادا بریتی بووە لە (پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئهمهریكا) لە رێگهی بەکارهێنانی سێ هێز (هێزی ڕەق Hard Power و هێزی نەرم Soft Power و هێزی زیرەک Smart Power)، واتە داڕێژەرانی بڕیاری ئهمهریكا لە سەرەتای سەربەخۆیی ئهمهریكاوە تاکو ئێستا، پشتیان بەستووە بە هەر سێ هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک) لە هەردوو ئاستی ناوەکی و دەرەکیدا.
کاتێک (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) لەژێر فەرمانڕەوایی پاشای ئیسپانیا لە ساڵی (1492) بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت، دوای ئەوەی کەشتیە چارۆگەدارەکەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و لە دوورگەکانی کاریبی لە کیشوەری ئهمهریكای باکوور دەگیرسێتەوە، ئەوروپییەکان کاتێک دەگەنە کیشوەری ئهمهریكا بۆ یەکەمجار هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی یان هارد پاوەر دژی هیندییە سوورکان (ئهمهریكیە رەسەکان) بەکاردەهێنن و دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکەکەیان و کوشتن و بڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکی رەسەنی ئهمهریكا کە بە هیندییە سوورەکان ناسراون.
ئهمهریكا لە تەمەنی (244) ساڵی سەربەخۆیی خۆیدا بە قۆناغی جیا جیادا گوزەری کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم ئهمهریكا بە (13) ویلایەت و لەسەر بنەمای دەستوورێکی (7) ماددەیی لە دایک دەبێت، دواتر بە پشت بەستن بە (هێزی ڕەق و هێزی نەرم) ژمارەی ویلایەتەکانی زیاد دەکات بۆ (50) ویلایەت، ئهمهریكای ئێستا لە دوای کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، دواتر شەڕی ناوخۆ لە سەردەمی (ئەبراهام لینکۆڵن)دا کە (620) هەزار قوربانی لێکەوتەوە، پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئهمهریكایەکی تۆکمە دروست دەبێت، ئینجا بە هێزێکی زەبەلاحی رەق و نەرمەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی جیهان.
هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئهمهریكا و هاوپەیمانان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و پشت بەستن بە هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت (کۆمەڵەی گەلان) دروست دەکەن، پاشان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (نەتەوە یەکگرتووەکان) دروست دەکەن، ئهمهریكا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە کۆتایی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتی بەستووە بە هەرسێ هێزی نەرم و ڕەق و زیرەک، لە پێناو یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونیان لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بازرگانی و تەکنەلۆژی و هزریی و کولتووری...هتد.
ئهمهریكا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەجیاندا زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر هێزی نەرم (دیبلۆماسیەت) بەڵام هەندێکجاریش کاتێک هێزی نەرم دەگاتە بنبەست، سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق یان هێزی سەربازی.
ئهمهریكا گرنگیەکی تایبەت بە هێزی ڕەق یان سێکتەری سەربازی دەدات، بە جۆرێک ساڵانە گەورەترین و زەبەلاحترین بوجەی (لەسەر ئاستی جیهان) بۆ تەرخان دەکات بۆ نموونە ساڵی (2019) بڕی (716) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد و بۆ ساڵی (2020) بڕی (733) ملیاری بۆ تەرخان کردووە.
لە سیاسەتی دەرەوەدا، ئهمهریكا لەسەرهتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەیەکی پاڕالێل گرنگی داوە بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق، بە جۆرێک هەر کاتێک لە ڕێگای هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت نەیتوانیبێت ئامانجەکانی بپێکێت، هێزی ڕەق یان هێزی سەربازیان بەکارهێناوە، بۆ نموونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەگەرچی سەرەتا ئهمهریكا بێلایەن دەبێت، بەڵام دواتر بەشداری دەکات و پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیمانەکاندا دەشکێنێتەوە، بەواتایەکی تر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت شکست دەهێنێت، ئەوا بە هێزی ڕەق و هێزی سەربازی ململانێکانی یەکلاکردۆتەوە، هەندێک جاریش کار گەیشتۆتە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی وەک (هیرۆشیما و ناگازاکی)، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە هەموو کات ئهمهریكا سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا (وەک ڤێتنام).
سەبارهت بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق پرۆفیسۆر (جۆزیف نای- .Joseph S. Nye, Jr) ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما لە کتێبە بەناوبانگەکەی (هێزی نەرم، ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ململانێکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا پێویستە لە پاڵ هێزی ڕەق (Hard Power) هێزی نەرمیش (Soft Power) بەکار بهێنین.
جۆزیف نای بەم شێوەیە پێناسە و پۆڵینی هێزی ڕەق و هێزی نەرم دەکات:
"هێزی ڕەق بریتییە لە هێزی سەربازی و فشاری ئابووری توند، هەروەها هێزی نەرمیش بریتیە لە دیپلۆماسی گشتی و تێکەڵبوونی کلتوری و هاوکاری مرۆیی و بەیەکگەیاندن و میدیا و...هتد.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، داڕێژەرانی ستراتیژییەتی نوێی ئهمهریكا لە پاڵ پشت بەستن بە (هێزی نەرم و ڕەق) بە شێوەیەکی هاوتەریب پشتیان بە هێزی زیرەکیش (Smart Power) بەستووە، هێزی زیرەک بە مانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە جیاتی (هێزی مرۆیی فیزیکی) بۆ نمونە ئهمهریكا لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە ڕێگای هێزی زیرەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (دڕۆن) توانی هەریەکە لە (سولەیمانی و موهەندس) بکوژێت، بۆیە لە ئێستادا بەشێک لە دروستکەرانی بڕیار لە ئهمهریكا پێیان وایە کە بە هۆی پێشکەوتنی (هێزی زیرەک)ی ئهمهریكیەوە چیتر پێویست بە بڵاوکردنەوەی هێزی فیزیکی و سەربازی ناکات، چونکە بە هۆی پێشکەوتنی هێزی زیرەک و تەکنەلۆژیای سەربازی، هەر ئامانجێکیان مەبەست بێت دەتوانن بی پێکن، بێ ئەوەی وەک جاران پێویستیان بە هێزی سەربازی فیزیکی هەبێت (Foot on the Ground)
لە کۆتاییدا دەمەوێت لە ڕێگای ورووژاندنی چەند پرسیارێکەوە ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەم ئایا ئێمەی کورد وەک (ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی) تاچەند توانیومانە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی لە هێزی ڕەق و نەرم و زیرەک بگەین؟
چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانین هێزی ڕەقی کوردی (هێزی پێشمەرگە) یەک بخرێت و لە ژێر چەپۆکی حیزبی کوردی دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر چەتری حکومەت؟
چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانین هێزی نەرم (دیپلۆماسیەتی کوردی) لە دەرەوە بە هێز بکەین و لە ڕێگای نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم پرۆسەی لۆبیکردن بە شێوازە تەندروستەکەی ئەنجامبدرێت؟