
عارف ڕوشدی
نووسەر
جیاوازی لە هەموو ئاراستەیەکدا

کەلێنێکی دژواری مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتی، سەرهەڵدانی دەستە و تاقمی ملکەچبووانە، هەمیشە هەڵوێستەکانیان زیانبەخشن و دەستەمۆی ناحەزانن.
نیشتمانپەروەران و ملکەچبووان، جیاوازن لە هەموو ئاراستەیەکدا، تەنانەت لە دەربڕینەکانیانیشدا. کاتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر پرسێک بگاتە ئەنجام، (چونکە کارێکی هاوسەنگ و خەمخۆرانەیە) بە ڕێککەوتن ناوزەد دەکرێت و لەبەر ڕۆشنایی ماف و ئەرکدایە. بەپێچەوانەوە، ملکەچبووەکان، چونکە لە بنەڕەتدا تۆوی خۆبەدەستەوەدان لە دڵ و هۆش و دەروونیاندا ڕوواوە، لە کاتی لێدوانیاندا دەستەواژەی (ڕادەستکردن) بەکاردێنن و دەیکەنە سەردێڕی قسەوباس و لێدوانەکانیان.
لە فەرهەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و حوکمڕانیی گەلی کوردستاندا (خۆڕادەستکردن) بوونی نییە، چونکە خاوەن پرسێکی ڕەوایە و دەیان ساڵە خەباتی بۆی کردووە. ئەگەر لە ساتەوەختێکی نالەباردا وێستگەیەکی ڕاوەستانیشی هاتبێتە پێش، بە پلانێکی توکمە و خۆسازدانێکی دیپلۆماسییانەی پتەوترەوە، هەنگاوی بەرەوپێشی ناوە.
ئەوەی لە ڕەوشتی ملکەچبوواندا ڕەنگدەداتەوە، نابێت بە کردەیەکی نامۆ بزانین، چونکە لە پەندێکی پێشینانی کوردەواریدا هاتووە: «هەموو شتێک، لەسەر ڕەگەکەی دەبووژێتەوە».