
كارۆخ خۆشناو
نووسەر
دیبەیتێکی چارەنووسساز!
"شهڕ لهسهر دهنگدهری خۆڵهمێشییه"

سازکردنی دیبەیت یاخود (دیبەیتکردن Presidential Debate) بەشێکی سەرەکی کولتووری دیموکراسی و نەریتێکی سەردەمیانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئهمهریكایە، دوای داهێنانی (تەلەفزیۆن) هەڵمەتی گەیاندنی پەیام و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی فراوانتر لە ڕێگای (دەنگ و رەنگەوە) دەستیپێکرد، (دیبەیت Debate) بە گرنگترین میکانیزمی خستنەڕووی توانای بەربژێرەکان دادەنرێت، لە پێناو گەیاندنی پەیام و بەرنامەی کار و پڕۆژەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، هەموو چوار ساڵ جارێک، چوار دیبەیت ئەنجام دەدرێن لە نێوان بەربژێرەکان، سێ دیبەیت لە نێوان کاندیدانی سەرۆک و یەکێکیش لە نێوان جێگرەکانیان.
ئەم ساڵ دیبەیتی یەکەم بەڕێوەچوو، بەڵام بە هۆی توشبوونی ترهمپ بە كۆرۆنا دیبەیتی دووەم ئەنجام نەدرا، ئەم شەو چاوەڕوان دەکرێت دواهەمین دیبەت ئەنجام بدرێت کە بە دیبەیتێکی گرنگ و چارەنووسساز لەقەڵەم دەدرێت، چونکە بە ملیۆنان (دەنگدەری خۆڵەمێشی) خۆیان یەکلانەکردۆتەوە و چاوەڕوانی دیبەیتی ئەم شەو دەکەن تاکو دەنگی خۆیان یەکلابکەنەوە.
(کریستن وێلکەر) پەیامنێری بە ئەزموونی کەناڵی تەلەفیزیۆنی (NBC) دیبەیتەکەی ئەم شەو بەڕێوەدەبات، تەوەرەکان بریتی دەبن لە:
چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، ئابووری و گوزەرانی خێزانەکانی ئەمەریکا، بابەتی نەژادی لە ئەمەریکا، گۆڕانکاریی کەشوهەوا، ئاسایشی نیشتمانی، شێواز و چۆنیەتی رێبەرایەتیکردنی ئهمهریكا لە نێوان هەردوو بەربژێر (ترەمپ و بایدن).
بەهۆی قسە بە یەکتربڕین و قسە بە یەکتر گوتنی ترهمپ و بایدن، دیبەیتی یەکەم بە خراپترین دیبەیت لە مێژووی دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئهمهریكا لەقەڵەم درا، هیچکام لە دوو کاندیدەکە نەیانتوانی پەیام و پڕۆژەکانیان بگەیەننە هاووڵاتیانی ئهمهریكا، بۆ ئەوەی هەمان هەڵە دووبارە نەبێتەوە، کۆمسیۆنی بهڕێوهبردنی دیبەیتەکان بڕیاریدا گۆڕانکاریی بکات، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی دیبەیتێکی باشتر، میکانیزمی نوێ بریتی دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی مایکرۆفۆن، واتە لەو کاتەی کە کاندیدێک لەو (دوو) خوولەکەی بۆی تەرخان دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ئەوا تەنها مایکی ئەوەیان دەکرێتەوە کە قسە دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە نیوەی هاووڵاتیانی ئهمهریكا سەیری دیبەیتی ئەم شەو بکەن کە بڕیارە لە زانکۆی (بێڵمۆنت) لە شاری (ناشڤێڵ)ی سەر بە ویلایەتی (تێنیسی) لە کاتژمێر (9)ی شەو بەکاتی واشنتن D.C. دەست پێبکات.
مێژووی یەکەمین دیبەیتی تەلەفزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1960) لە نێوان (ریچارد نیکسن و جۆن کەنەدی) کە بە هۆیەوە هۆشیاری هاووڵاتیانی ئهمهریكا هەڵکشانێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی، چونکە بەشی زۆری هاووڵاتیانی ئهمهریكا لە سەر بنەمانی ئایدۆلۆژیا دەنگ نادەن، بەڵکو لەسەر بنەمای پڕۆژەی خزمەتکردن دەنگ دەدەن، واتە کامە کاندید لە ڕێگای پڕۆژەکانیەوە زیاتر خزمەت بە خەڵکی ئهمهریكا بکات، ئەو کاندیدە متمانە و دەنگی هاووڵاتیان بەدەست دەهێنێت، هاوڕێیەکی ئەمریکی پێی گوتم: "دوای ئەم دیبەیتە بەرچاوڕوونیم زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی دەنگ بە کام کاندید بدەم، چونکە پڕۆژەکانی هەردوو کاندید هەڵدەسەنگێنم، کامیان زیاتر خزمەت بە ئهمهریكا بکات، بڕیار دەدەم دەنگ و متمانەی خۆم بهو ببەخشم".
٭کارۆخ خۆشناو - سەرۆکی ئینستیتیۆتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی