ئەردۆغان: ماکرۆن پێویستی بە پشکنینی دەروونییە

بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام ناسەقامگیریی دروستکردووە

 K24- هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هێرشی کردە سەر ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بەهۆی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە موسوڵمانانی فەرەنسا.

بەهۆی کوشتنی مامۆستایەکی فەرەنسی لە لایەن موسوڵمانێکی چیچانییەوە، سەقامگیریی ئاینی لە فەرەنسا کێشەی بۆ دروست بووە.

ئەردۆغان لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دەکرێت چی بڵێین لەگەڵ سەرۆکی وڵاتێک کە بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ ئاینێکی جیاواز دەکات، پێش هەموو شتێک پێی دەڵێم، بڕۆ پشکنینی دەروونی بکە.

سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندبوو، ئاینی ئیسلام لە قەیراندایە و چاودێریکردنی مزگەوت و قوتابخانە ئاینییەکانی تووندتر کرد، هەروەها کۆنتڕۆڵی ناردنی پارەی بۆ مزگەوتەکانی دەرەوەی فەرەنسا کرد.

لەگەڵ کوشتنی ئەو مامۆستا فەرەنسییە، لە فەرەنسا چەند کاریکاتێرێکی پەیامبەری ئیسلام لە چەند باڵەخانەیەک دانراون، ئەمەش موسوڵمانانی تووڕە کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.

hurriyetdailynews