کورد و ئه‌مه‌ریكا، یەک بۆچوون و دوو بەسەرهات!

"بەم دوو پرسیارەی بەڕاستی بێتاقەت بووم، بەڵام بەر لەوەی وڵامی بدەمەوە، لەم کات و ساتەدا تەلەفۆنێکی بۆهات و داوای لێبوردنی کرد و گوتی دەبێت بڕۆم، منیش خۆشحاڵ بووم کە ڕۆیشت!"

کورد و ئه‌مه‌ریكا، یەک بۆچوون و دوو بەسەرهات!
کورد و ئه‌مه‌ریكا، یەک بۆچوون و دوو بەسەرهات!

لە قۆناغی ئێستادا زەمینەیەکی لەبار و گونجاو هەیە بۆ ئەوەی کورد ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە پەیوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكا لەگەڵ (ئێران – تورکیا – سووریا – عێراق) لە بارودۆخێکی ناسەقامگیر و نالەبار و شلۆق دان، واتە پەیوەندییەکانیان پڕن لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، بەم هۆیەوە پێموایە لەم هەلومەرجەدا زەمینەیەکی لەبار هاتۆتە پێش بۆ کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، تاکو برەو بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بدەن لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا، ئەمەش لە ڕێگای نووسینگەکانیان دەکرێت لە واشنتن، بەڵام پێویستی بە میکانیزم و پرۆسەی (لۆبیکرن) هەیە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ئه‌مه‌ریكا لەپێناو بەدەستووربوونی مافەکانی گەلی کورد لە هەر سێ پارچەکەی دیكه‌ی کوردستان (رۆژئاوا، باکه‌ور، رۆژهەڵات) هاوشێوەی باشووری کوردستان.

ئەگەر سەیری وێنە گەورەکەی سیستەمی نوێی جیهانی بکەین (کە خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان UN و دامەزراوەکانی تری سیستەمی نێودەوڵەتی دەبینێتەوە،  کە دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکان دروستکراون) دەبینین گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هاوشێوەی یاریگایەک دێتە بەرچاو کە تەنها ئەو یاریزانانەی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ و کیانی یاسایی و دەستوورین، رێگایان پێدەدرێت کەوا لەم یاریگایەدا یاری بکەن.

بۆیە لەم قۆناغەدا گرنگە (وەک هەنگاوی یەکەم) کوردانی هەر سێ پارچەکەی تر (رۆژئاوا، باکوور، رۆژهەڵات) هەوڵبدەن (هاوشێوەی باشوور) قەوارەیەکی فیدڕاڵی و دەستووری و یاسایی لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکاندا (تورکیا و ئێران و سووریا) بەدەست بهێنن، تاکو بتوانن لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی دەستووری و یاسایی شوێن پێی خۆیان بکەنەوە، هەر ئەم فاکتەرە دەستوورییەش وایکردووە کە باشووری کوردستان چەند قۆناغێکی یاسایی و دەستووری لە پێشەوەی پارچەکانی تری کوردستاندا بێت، بۆیە ئه‌مه‌ریكاش بەهۆی ئەم پێگە دەستووریەی باشووری کوردستان (وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ) مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ دەکات و گەورەترین کۆنسوڵخانە لە هەرێم دەکاتەوە و سیستەمی پاتریۆت لە هەولێر جێگیر دەکات.

یەک بۆچوون

واتە دەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا کوردستانی گەورە ببێتە خاوەنی چوار هەرێمی فیدڕاڵ، ئیجا لەکاتی داڕشتنەوەی نەخشەی ئەم ناوچەیەدا، کورد دەتوانێت دەرفەتێکی گونجاو بقۆزێتەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵ و سەربەخۆ لە نێوان هەر چوار پارچەی کوردستاندا.

دوو بەرسەهات

1- شەش ساڵ لەمەوبەر ئەو کاتەی تەڵەبەی ماستەر بووم لە زانکۆی (میری وود) لە شاری سکڕانتنی ویلایەتی پێنسلڤینیا، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێم (یانەی قوتابیان و خوێندکارانی کورد)مان دامەزراند، هاوڕێیانم ئەرکی سەرۆکایەتی ئەو رێکخراوەیان بە من سپارد و منیش چوومە لای سەرۆکی زانکۆ، پێمگوت ئێمەی کورد کارەساتی زۆرمان بەسەردا هاتووە و دەمانەوێت هاوکارمان بن و ڕێگامان بدەن بۆ ڕێکخستنی مەراسیمی یادکردنەوەی کارەساتەکان بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگای ئەمەریکی بە بەشێک لەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کوردا هاتوون، ئەویش گوتی ئەو کارەساتانە چین کە بەسەرتاندا هاتووە؟ منیش لە کارەساتی کیمیا بارانی هەڵەبجەوە (۳/۱٦) دەستم پێکرد و تا کیمیابارانی بالیسان و شێخوەسان و وەرێ و دواتر ئەنفالی گەرمیان و بارزان و بادینان و.....هتد کە بووە هۆی رووخانی ژێرخان و سەرخانی کوردستان.

لە کاتی قسەکردنمدا دیقەتی سەرۆکی زانکۆمدا (کە پڕۆفیسۆرێکی ئافرەت بوو و ناوی دکتۆرە ئــان مــۆنلی بوو) وەکو ئەوەی کە بوڕکانێک لە ناخیدا دروست بووبێت بە شێوەیەکی نەرم فرمێسک لە چاوەکانی دەهاتنە خوارێ و پر بە دڵ بۆ مەرگەساتی کورد دەگریا، لە کۆتاییدا گوتی ئێستا چۆنن؟ منیش گوتم تا ڕادەیەک باشین، بەڵام هێشتا خەونی بەدەوڵەت بوونمان نەهاتۆتەدی، لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ گوتی: ئەگەر دوای ئەو هەموو مەرگەسات و ماڵوێرانیە هێشتا دەوڵەت نەبن کەواتە: نەتەوە یەکگرتووەکان دادپەروەر نین!  "UN isn't fair"

2- سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ساڵی (2017) هاوڕێیەکی ئه‌مه‌ریكیم پرسیاری لێ کردم و گوتی:

من تێناگەم بۆچی ئێوەی کورد بە چەند ساڵێک دەبنە (ئه‌مه‌ریكی و کەنەدی و ئەوروپی و ئوسترالی) بەڵام هەرگیز نابنە (عێڕاقی و ئێرانی و تورکی و سووری) هۆکار چیە؟

منیش لەوەڵامدا بە دوور و درێژی باسم لە مێژووی زوڵمی ئەم (وڵاتە داگیرکەرانە) کرد، هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە بگرە لە ساڵی (1514) تاکو هاتنی داعش لە ساڵی (2014) ئینجا پێم گوت:

بەلایەنی کەم ماوەی (500) ساڵە گەلی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورک و عەرەب و فارسەوە دەچەوسێندرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش کورد بە ویستی خۆی ناسنامەی ئەم چوار وڵاتە داگیرکەرەی هەڵنەبژاردووە، بەڵکو بەسەریدا فەرزکراوە. تۆ وەرە خۆت بخەرە شوێنی کورد(Put yourself on Kurds shoes). ئینجا دەزانی بۆچی کورد دەبێتە ئه‌مه‌ریكی و کەنەدی و ئەوروپی و ئوسترالی، بەڵام نابێتە عێراقی و ئێرانی و تورکی و سووری!

ئەویش گوتی لەم پرسیارە تێگەیشتم، بەڵام ئایا کورد پەند و عیبرەتی لەم مێژووە وەرگرتووە؟ ئایا ئەم هەموو زوڵمەی داگیرکەرانی کوردستان، کوردی یەک خستووە یان پەکخستووە؟

بەم دوو پرسیارەی بەڕاستی بێتاقەت بووم، بەڵام بەر لەوەی وڵامی بدەمەوە، لەم کات و ساتەدا تەلەفۆنێکی بۆهات و داوای لێبوردنی کرد و گوتی دەبێت بڕۆم، منیش خۆشحاڵ بووم کە ڕۆیشت!