بوومەلەرزەیەکی بەهێز یۆنان و تورکیای هەژاند

لە ئیزمیر باڵەخانەکان دادەڕمێن

K24- هەولێر:

بەهۆی بوومەلەرەزەیەکی بەهێز، چەند باڵەخانەیەک لە ئیزمیری تورکیا دادەڕمێن.

فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی حەوت پلەی رێختەر لەرۆژئاوای تورکیای داوە و چەند باڵەخانەیەک رووخاون، بەڵام هێشتا زیانە گیانییەکان ئاشکرا نەکراون.

هەروەها لە یۆنانیش، بوومەلەرزە بووە هۆی دروستبوونی تسونامی و زیانی بە دوورگەی سامۆس گەیاندووە.

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تویتەر ئاشکرایکرد، شەش باڵەخانە لە ئیزمیر رووخاون و هەندێک لە هاووڵاتیان لە ژێر باڵەخانە داڕووخاوەکان گیریان خواردووە.

ئاژانسی کارەساتە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، بوومەلەرزەکە بەگوڕی 6.6 پلە بووە.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.

لە ساڵی 1999، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە باکوری رۆژهەڵاتی تورکیای هەژاند و بەهۆیەوە 17 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.