سبەی ئه‌مه‌ریكیەکان چۆن سەرۆک هەڵدەبژێرن؟

میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا!

سبەی ئه‌مه‌ریكیەکان چۆن سەرۆک هەڵدەبژێرن؟
سبەی ئه‌مه‌ریكیەکان چۆن سەرۆک هەڵدەبژێرن؟

سبەی (سێشەممە) ڕێکەوتی (3)ی نۆڤەمبەری (2020) بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لە هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئه‌مه‌ریكادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن.

لە کاتی نووسینەوەی دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ویلایه‌تەکە دوو پلانیان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا:

یەکەم/ پلانی ڤێرجینیا:

ئەم پلانە لەلایەن (ویلایه‌تە گەورەکان) پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، چونکە ئەم (ویلایه‌تە گەورانە) ڕێژەی دانیشتوانیان زۆر بوو، بەم هۆیەوە ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرز بوو،  بۆیە داواکار بوون ئەوان ڕۆڵ و کاریگەر زیاتریان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئه‌مه‌ریكا پێک هاتووە لە (435) ئەندام، کە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەشکراون، بۆیە ویلایه‌تە گەوره‌کان ئەندامەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاترە لە ویلایه‌تە بچووکەکان.

دووەم/ پلانی نیوجێرسی:

ئەم پلانە لەلایەن ویلایه‌تە بچووکەکان پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی پیرانەوە هەڵبژێردرێت، چونکە لە ئەنجومەنی پیران (سێنات) ژمارەی ئەندامەکان بە یەکسانی دابەشکراوە لە نێوان ویلایه‌تە گەورە و بچوکەکان، واتە هەر ویلایه‌تێک (2) ئەندامی لە ئەنجومەنی پیران هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوان، بۆیە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (100) ئەندامە کە نوێنەرایەتی (50) ویلایه‌ت دەکەن.

لە دوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە (ڕێکەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ویلایه‌تە گەورە و بچوکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی هەردوو پلانەکەی سەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتیە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازیکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+١) ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا.

گەورەیی عەقڵی (باوکانی دامەزرێنەر) هۆکار بوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەی لە نێوان دەنگی (ویلایه‌تە گەورە و بچوکەکان) ئەویش لە ڕێگای داهێنانی ئەم میکانیزمە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە شێوەیەک کە پێویست دەکات لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی، بۆ بوون بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، گرنگی بە دەنگی هەموو ویلایه‌تە (گەورە و بچوکەکان) بدات، ئەمەش لە مادەی (2)ی دەستووری ئه‌مه‌ریكادا ڕەنگ ڕێژ کرا، بە گوێرەی ئەم مادەیە پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێک (سەرۆک و جێگری سەرۆک) هەڵبژێردرێن لەلایەن دەستەیەکی هەڵبژێردراو کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە جۆرێک نابێت (سەرۆک و جێگری سەرۆک) خەڵکی هەمان ویلایه‌ت بن، ئەمەش بەگوێرەی هەموواری ژمارە (12)ی دەستووری ئه‌مه‌ریكا، کەواتە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:

 لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئه‌مه‌ریكا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەکەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک.

داهێنانی ئەم میکانیزمە لە لەلایەن باوکانی دامەزرێنەروە (Founding Fathers) لەبەر ئەوە بوو، لەو کاتەدا زۆرینەی هاوڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا نەخوێندەوار بوون و رێگەیان پێ نەدەدرا دەنگ بدەن، بەتایبەت دوو پێکهاتەی گەورەی کۆمەڵگای ئه‌مه‌ریكا، لەو سەردەمەدا مافی دەنگدانیان نەبوو ئەوانیش (ئەفریقیە ئه‌مه‌ریكیە ڕەش پێستەکان کە لەو سەردەمەدا کۆیلە بوون هەروەها ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان نەبوو) تەنها ئەوەی مافی دەنگدانی هەبوو، کەمینەیەک بوون لە ( پیاوی سپی پێست و خاوەن موڵک) ئەو کەمینەیەش بۆیان ئاسان نەبوو بزانن کێ بەربژێرە و بۆ دەبێت دەنگ بەو کەسە بدەن؟

 بێبەشبوونی چینی ئافرەتان و ڕەش پێستەکان زیاتر لە سەدەیەکی خایاند، پاشان کۆیلایەتی لەسەر دەستی سەرۆکی ژمارە (16)هەم (ئەبراهام ڵینکن) هەڵوەشێنرایەوە، ئینجا لە ڕێگای هەمواری دەستووری ژمارە (15) لە ساڵی (1870) مافی دەنگدان بە ڕەشپیستەکان  بەخشرا، هەروەها دواتر بە گوێرەی هەمواری دەستووری ژمارە (19) لە ساڵی (1920) مافی دەنگدان بە ئافرەتانیش بەخشرا.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و  بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (1908) تۆمار کرابوو، کە برێتی بوو لە (65%) خەڵکی ئه‌مه‌ریكا.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا (214) ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی مافی دەنگدانیان هەیە، تاکو نووسینی ئەم وتارە نزیکەی (100) ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی لە پڕۆسەی (دەنگدانی پێشوەختە)دا دەنگیان داوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژووی دەنگدانی پێشوەختەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئه‌مه‌ریكا تاکە وڵاتی دیموکراسیە لە هەموو دونیادا، کە دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک بە زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیان هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، چونکە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا لە ڕێگای دەنگی (ئیلیتکۆڕەڵ کۆڵیج)ەوە هەڵدەبژێردرێت نەک دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک، ئەم حاڵەتەش (5) جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئه‌مه‌ریكادا دووبارەبۆتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (2016) بوو لە نێوان (دۆناڵد تڕمەمپ و هیلاری کلنتن) ئەگەرچی (هیلاری کلنتن) توانی نزیکەی (3) ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە (دەنگدانی گشتی)دا بەڵام لە کۆتاییدا (دۆناڵد تره‌مپ) توانی زیاتر لە (304) دەنگ لە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بەدەست بێنێت لە بەرامبەردا هیلاری تەنها (227) دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە (تره‌مپ) بوو بە سەرۆکی ژمارە (45)ی ئه‌مه‌ریكا.

دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەکانی ئەم خولەدا، لە کۆی (50) ویلایه‌ت، (40) ویلایه‌ت دابەشبوون بەسەر ڕەنگی سور و شیندا، واتە دەنگی خۆیان یەکلاکردۆتەوە بۆ کۆماریەکان و دیموکراتەکان، بەڵام تەنها (10) ویلایه‌ت دەنگەکانیان بە خۆڵەمێشی ماونەتەوە، ئەم (10) ویلایه‌تەش پێیان دەگوترێت (Swing State) چونکە تا کۆتای پڕۆسەکە دیار نییە دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بۆیە کاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا فۆکەسی خۆیان خستۆتە سەر ئەم (ویلایه‌تە خۆلەمێشیانە)ْ ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ویلایه‌تانە لە یەکلاکردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە کورسی کۆشکی سپی، ئەم ویلایه‌تانەش بریتین لە (پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسکنسن، کارۆلینای باکور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا)

لە مێژووی ئه‌مه‌ریكادا دوو جار خەڵک بە ماسکەوە چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (1918)ە خەڵک بە ماسکەوە دەنگیاندا، ئەویش بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای (ئەنفلەوەنزای ئیسپانی) کە لە کۆی (1) ملیاری ژمارەی دانیشتوانی ئەو سەردەمەدا، ئەم پەتایە نزیکەی (50) ملیۆن کەسی کوشت، لەم هەڵبژاردنەشدا خەڵکی ئه‌مه‌ریكا بە ماسکەوە دەنگ دەدەن، ئەویش بە هۆی بڵاو بونەوەی پەتای (کۆڕۆنا)وە،  کە ئه‌مه‌ریكا ڕێژەی پێوانەیی تۆمار کردووە لە ژمارەی توشبووان و ژمارەی مردووان.

دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستوور پێویستە سەرۆکی نوێی ئه‌مه‌ریكا لە ڕۆژی (2021/1/20) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.

 

٭کارۆخ خۆشناو

سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئه‌مه‌ریكی-کوردی)