سیاسی
بێستون محەممەد قەرەداغی
بێستون محەممەد قەرەداغی

نووسەر

چاکسازی و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان: پێنج ساڵ لە هەوڵی پارتی و ڕەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن (2020-2025)

چاکسازی و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان: پێنج ساڵ لە هەوڵی پارتی و ڕەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن (2020-2025)
چاکسازی و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان: پێنج ساڵ لە هەوڵی پارتی و ڕەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن (2020-2025)

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، پرسی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە بابەتە هەرە گەرم و جیددییەکان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانەوە.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، هێزی سەرەکییە تیایدا، هەوڵە گرنگەکانی خۆی لەم بوارەدا خستووەتە گەڕ.

 ئەم وتارە شیکارییە تیشک دەخاتە سەر هەوڵە سەرەکییەکانی بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2025، لەگەڵ بەراورد کارییەک لەگەڵ هەڵوێست و کاردانەوەی پارتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم:

یاسای چاکسازیی 2020 

یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکانی ئەم ماوەیە، پەسەندکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 بوو لە کانوونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی کوردستان. ئەم یاسایە وەک بەردی بناغەی پرۆسەیەکی گشتگیری چاکسازی لە هەرێمدا سەیر دەکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یه‌كه‌م له‌ حکوومەت، بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو. بوارەکانی چاکسازی ئەم یاسایە چەند لایەنێکی گرنگی گرتەوە، لەوانە

مووچە و خانەنشینی

هەوڵدرا لیستی مووچەخۆران و خانەنشینان پاک بکرێتەوە لە ناوی دووبارە و نایاسایی، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی بارگرانی سەر بودجەی گشتی و دابینکردنی دادپەروەری.

ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی ئیمتیازاتە نایاساییەکانی پلە باڵاکان و بەرپرسانی پێشوو یەکێکی دیکە بوو لە ئامانجەکانی یاساکە، بۆ ئەوەی خەرجییە گشتییەکان زیاتر لە خزمەتی هاوڵاتییاندا بن.

یەکخستنەوە و بەئەلیکترۆنیکردنی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە خاڵە سنوورییەکان و زیادکردنی شەفافیەت لە کۆکردنەوەی داهاتە گشتییەکان.

دەستپێکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکەکانی 70 و 80) لە ڕێگەی تۆمارکردنی بایۆمەتری و ڕێکخستنەوەی مووچە، وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی و نیشتمانی، بەشێک بوو لەم چاکسازییە، کە ئامانجی بوو دامەزراوەی سەربازیی هەرێم بەهێزتر و یەکگرتووتر بکات.

جگە لە یاسای چاکسازی، حکوومەت لەم ماوەیەدا جەختی لەسەر بەدامەزراوەییکردن و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان کردەوە و پرۆژەی "حکوومەتی ئەلیکترۆنی" دەستیپێکرد، کە ئامانجی بوو،  ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڵاتی و فەرمانبەر کەم بکاتەوە و ڕۆتین نەهێڵێت، بەمەش دەرفەتەکانی گەندەڵی سنووردار بکات.

دەستەی دەستپاکی، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، بە پشتیوانی حکوومەت، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا هەزاران دۆسیەی گەندەڵیی جوڵاندووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر سەروەت و سامانی پلە باڵاکان کردووە. بۆ نموونە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ساڵی 2023 ئاشکرای کرد کە 1010 دۆسیەی گەندەڵی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.

هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی تر لەم ماوەیەدا

هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی تر لەم ماوەیەدا، بە شێوەیەکی گشتی، بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت: پارتە بەشداربووەکانی حکوومەت و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هاوبەشی سەرەکی و ستراتیژیی پارتی لە حکوومەتدا، پاڵپشتی یاسای چاکسازی بوو و دەنگی بە یاساکە دا ، به‌ڵام هه‌ندێك جار خۆی له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ده‌دزییه‌وه‌ و بیانوی جۆراو جۆی ‌هێنایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ یاساكه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ به‌كارده‌هێنرێت كه‌، مه‌به‌ستن و هه‌موو گه‌نده‌ڵكاران ناگرێته‌وه‌، بەتایبەت لە ڕێکخستنەوەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودایە. 

یەکێتی لە کارنامە و لێدوانەکانیشیدا بەردەوام جەختی لەسەر گرنگی چاکسازی و نوێگەری دەکردەوە، به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقیعدا له‌م په‌ری سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ دروست ده‌كرد ، به‌تایبه‌ت كه‌ یه‌كێتی له‌ناوخۆیدا به‌قۆناغێكی شه‌ڕوو ململانێی توندی نێوباڵه‌كانیدا تێده‌په‌ری و دواتریش هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكییه‌ نێوخۆیانه‌دا .

جگه‌ له‌وانه‌ زۆرترین چاكسازی له‌و بوارانه‌دا له‌ سنووری ژێرده‌سه‌ڵاتی پارتی ئه‌نجامدرا و سنووری ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی كه‌مترین چاكسازی تێدا ئه‌نجامدار، به‌ئاشكرا دژایه‌تی پرۆژه‌ی هه‌ژماری منیان له‌ سلێمانی ڕاگه‌یاندوو ، پرۆسه‌كان زۆر به‌خاوی و سستی به‌ڕێوه‌ ده‌چوو ، ڕۆتین و گه‌نده‌ڵی ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌دا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی زیاد نه‌بوبێت كه‌م نه‌بووه‌ته‌وه‌. 

بزوتنەوەی گۆڕان، لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بوو و پشتیوانی لە پرۆژە یاسای چاکسازی کرد و بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی خۆیان لە حکوومەت دایاننا، هەرچەندە دواتر لە حکوومەت کشایەوە.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان 

نەوەی نوێ یەکێک بوو لە ڕەخنەگرە هەرە تووندەکانی یاسای چاکسازی. ئەم پارتە بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە یاساکە تەنها چینی هەژار و مامناوەند دەگرێتەوە، بەڵام پلە باڵاکان و بەرپرسانی گەندەڵ ناگرێتەوە. 

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان :لەگەڵ ئەوەی بە گشتی پشتیوانی لە چاکسازی ڕاستەقینە دەکرد، بەڵام ڕەخنەی جددی لە خاوی لە جێبەجێکردن و نەبوونی شەفافیەت لە پرۆسەکەدا هەبوو. یەکگرتوو بەردەوام داوای شەفافیەتی زیاتری لە داهات و خەرجییە گشتییەکان دەکرد، بەتایبەت داهاتی نەوت.

هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ساڵانی 2020-2025، بەتایبەت لە ڕێگەی کابینەی نۆیەمەوە، بە یاسای چاکسازی 2020 و پرۆسەی دیجیتاڵکردن، بە هەنگاوی پراکتیکی و جددی دادەنرێن بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی دارایی و کارگێڕی هەرێم. دەرکردنی یاسای چاکسازی، بە هەموو خاڵە بەهێزەکانیەوە، یەکەمین هەنگاوی گەورە بوو لەو بوارەدا، کە وەک نیشانەیەک بۆ ویستی چاکسازی لێکدەدرێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌ك له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی خۆیدا ڕایگه‌یاندووه‌‌ كه‌ بەردەوام دەبێت لەسەر کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کابینەکانی داهاتووی حکوومەتدا. ئامانجی پارتی تەنیا جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نییە، بەڵکو پەرەپێدانی ئەم پرۆسەیە و تۆکمەترکردنی میکانیزمەکانی شەفافیەت و لێپرسینەوەیە.

پارتی جه‌خت له‌ پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی بۆ گشت سێکتەرەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڵاتی و فەرمانبەر ده‌كاته‌وه‌ و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ له‌ كابینه‌ی داهاتودا په‌پێی بانگه‌شه‌ی حزبه‌كه‌ی .

کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی و کارایی دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێری دارایی، و داواکاری گشتی، تا بەبێ هیچ فشارێک بتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و دۆسییەکانی گەندەڵی بە جددی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت، بەبێ گوێدانە پلە و پۆست.

کارکردن بۆ ئاشکراکردنی زیاتری داهاتە گشتییەکان، بەتایبەت داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان، بە شێوەیەک کە هاوڵاتییان بتوانن بە ئاسانی زانیارییان دەستبکەوێت. ئەمەش متمانەی گشتی بە حکوومەت زیاد دەکات و دەرفەتی گەندەڵی گەورە کەم دەکاتەوە.

پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت و سەرپێچییەکان بە تووندترین شێوە سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.

دانانی پرۆگرامی تایبەت بۆ ڕاهێنانی فەرمانبەران لەسەر پرەنسیپەکانی دەستپاکی و شەفافیەت، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی لەسەر مەترسییەکانی گەندەڵی و ڕۆڵی هاوڵاتییان لە بەرەنگاربوونەوەیدا.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، پرۆسەی چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە جیددیەت و هەماهەنگی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ بنیاتنانی حکوومەتێکی دامەزراوەیی و خزمەتگوزار .

له‌ونێوەندەشدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە و سەرەڕای گرفت و لەمپەرە زۆرەکانی بەردەمی، سووربووە لەسەر جێبەجێکردنی چاکسازییەکان. ئەو بە جیددیەتەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو بەرپرسانە بووەتەوە کە دەیانەوێت دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنن و دژی پرۆسەی چاکسازی کار بکەن. 

ئەم سووربوونە نیشانەیەکی ڕوونی پابەندبوونی حکوومەتە بە باشترکردنی دۆخی هەرێم و جێبه‌جێكردنی چاكسازیی ڕاسته‌قینه‌.