کورد لە ئەجێندای سەرۆک وەزیرانەکانی عێراقدا

کورد لە ئەجێندای سەرۆک وەزیرانەکانی عێراقدا
کورد لە ئەجێندای سەرۆک وەزیرانەکانی عێراقدا

کورد بەدرێژایی 10 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا، بەردەوام لەقۆڵبادان و ململانێیەکی تائیفی و مەزهەبی و یاسایی و دەستوریدا بووە بۆ خواست و داواکاریی و کەیسە دارایی و سیاسی و نەتەوەییەکانی، بازنەی هاوبەشی ئەو ململانێیەش سەرۆک وەزیران بووە نەک سەرۆک کۆمار، کاراکتەری سەرۆک وەزیران لەعێراقدا سەربازی گوێڕایەڵ و ئەکتەری ملکەچی حەوزە و مەرجەعیەتی شیعەکانە و لەدەرەوەی هەڵبژاردن و یاسا و بەها دەستووریەکانە و زۆرجار لەئەنجامی دانووستانێک، بەکورسیەک یان بە دووکورسی و بەبێ کوتلەی گەورە پۆستەکەی بردۆتەوە لە کوتلە گەورەکان، بەڵام سەرۆک کۆمار زیاتر دڵنەوایی و پۆستی خاترجەمانە بووە بۆکورد و ڕۆڵی نەبووە لەچارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانی و قەیرانە داراییەکان.

هەمان کات واجبە، سەرۆک وەزیران لەعێراق شیعەبێ و بەئەرکی ئاینی و شەرعی و مەزهەبی و تەقیەی خۆی هەستێ و سەربە ئال و بەیت و عەهد و پەیمانە مەزهەبیەکان بێت، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار هەرگیز بۆ کورد قۆرخ نەکراوە و پۆستێکی برابچووکیانەی تەواوی نەتەوەو پێکهاتەکان بووە. بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پۆستی سەرۆک وەزیران وادیارە قورس و یەکلاکەرەوەیە بۆ شیعەکان بۆ ڕاگرتنی باڵانسی (ئەمەریکی - ئێرانی) هەروەها ئێستا وەرەقەی گفتوگۆی چڕی بەغداد - تاران - واشنتن - هەولێرە، و وەک هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەم لە 10-10-2021،  ئەوەتا لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری یاسایی و سیاسی و پرسی زۆرینەو هاوکێشەی قورس و فشاری سوننەکان و کوردو ئەمریکیەکاندا.

بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم پۆستە، هەرێمی کوردستان سەنگی مەحەکی پرۆسەکەیە، بۆیە بەردەوام هەولێر بۆتە ناوەندی گفتوگۆکان و ترافیکی گەرمی جەمسەرە بەهێزو جیاوازەکان و خودی نووری مالیکی وەک قوتبی بەهێز و محەممەد شیاع سوودانی و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەخوازن ئەمجارە کورد ڕەگەزی بنەڕەتی گوتاری حوکمڕانی ئایندەبێ و بەشێکی سەرەکی بێ لە خشتی بناغەکە و دانانی کاراکتەری سەرۆک وەزیران و تەریک نەبێ بەڵکو بڕیاردەربێ تا وەرگرتنی پۆستەکانی وەک دیوان و ئەمیندارێتی و ڕاوێژکارە باڵاکانی ناو ئەنجوومەن، دەخوازن کورد ئەم جارە بەتۆپزی هاوبەش بێ نەک بەشدارو نیمچە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیی، شیعەکان باش دەزانن کورد لەدەرەوەی ئەو موعادەلەیەبێ لەدانانی سەرۆک وەزیران حکوومەتی ئایندە باش و تەندروست نابێ و دوچاری بنبەست و قەیران دەبێ، یەکەمین بەربەست و قەیرانیش بۆ ئەم مەبەستە سێیەکی پەکخەرە و هەڕەشەی جددیە لە دانانی سەرۆک وەزیر.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 329 ئەندامی هەڵبژێردراوی هەیە لەهەموو ڕەنگ و ئەتنیک و پێکهاتەکان کە هەرسێ پۆستە شکۆمەندیەکەی عێراق یەکلایی دەکاتەوە بەمیتۆدی هاوسەنگی و سازان و (مبدأ التوافق) کورد لەسەر مێزی گفتوگۆکانی لەدوای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی 11-11-2025.

حەزی بە پرەنسیپی سازانە زیاتر وەک سەپاندنی ئیرادەی زۆرینەی پەڕلەمانی کە بەشێک لەشیعەکان لە پڕۆژەیاساکانی ساڵی 2022 بەتایبەت لەپرسی میزانیە و موازەنە تاقیان کردەوە.

کورد لەدیاریکردنی ڕێژەی یاسایی نوێنەران (النصاب القانوني أو الإجراءات النيابية) گرنگە، بۆ پێکهێنانی حکوومەت و سەرۆک کۆمار، پرۆسەکە پێویستی بە دوو لەسەر سێی ئەندامان هەیە کەدەکاتە 210 ئەندامی ئامادە، ئەو ڕێژەیە بەکۆدەنگی دەتوانن سەرۆکایەتیەکانی پێ یەکلایی بکەنەوە بەڵام بەبێ کوردو سوننە ئەوە ناکرێ و ئەستەمە.

لەعێراقدا بەحوکمی دەستێوەردانی دەرەکی و ئەو دەوڵەتە وەلائیە قووڵ و مەزهەبی و پشکپشکێنەی کوتلەو بلۆکە گەورەکان، لەبری پێکهێنانی حکوومەتی تەکنۆکرات و ڕادیکاڵ، هەمیشە پەنا دەبرێ بۆ پەکخستن و دەستەمۆکردنی حکوومەت و باس لە سێیەکی پەکخەر دەکرێ، واتە سێبەشی بلۆککەر، کە دەکاتە 110 کورسی لەکۆی 329 کورسی پەڕلەمان، هەر هاوپەیمانیەک بتوانێ بگاتە ئەو ڕێژەیە دەتوانێ ئەو کارتە وەک ڤیتۆی پێکهێنانی حکوومەت بەرزبکاتەوە دژی نەیارەکانی، ئاماژەکانی پشت سێیەکی پەکخەر چین؟

لەبری پێکهاتن و سازان لەسەر حکوومەت، سێیەکی پەکخەر  ئیفلیجبوون دروست دەکات تاوەکو دەستکەوتەکانی دەوڵەتی قووڵ و خولگەی حەشدو وەلائی مسۆگەر دەبێ. ئەگەرچی سێیەکی پەکخەری شیعەش هەیە، واتە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی وەلائی قووڵ و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی فەقیەو دەسەڵاتدارە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی مالیکی، بەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق، گروپ و کەتائیبەکانی حیزبوڵاو ڕەبعەڵاو سەیدشوهەدا. ئەگەر هاوپەیمانی و ئیئتیلافێک، خاوەنی ئەم ژمارەیە بێ، بەئاسانی دەتوانێت ڕێگری لە هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکات و لایەنەکانی دیکەی دەرەوەی هێزی پەکخەر بهێڵێتەوە لەچاوەڕوانیدا کە 220 دەنگیان پێویستە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەوەش ناچاریان دەکەن بە سازش و سازان و ڕێککەوتنی ئیجباریی.

بەپێی هەموو پێشبینیەکان ئەمجارە ململانێکان توندو جەرگبڕن و بەئاسانی پۆستەکان یەکلایی نابنەوەو وەزارەت نادرێ بەهێزی بچوک بەحوکمی ئەوەی کوتلەو لایەنەکان شیعەو سوننەو کورد، تاڕادەیەک کورسیەکانیان نزیکن لەیەکترو بەقەد یەکن، بۆیە ڕەنگە پێکهێنانی حکوومەت دوابکەوێت وەک هەڵبژاردنی 10-10-2021، کەدوای یەک ساڵ پێکهات لەدەرەنجامی هاوپەیمانیەکی ناچاریی بەناوی ئیدارەی دەوڵەتەوە.

هەمیشە ئەم میکانیزمی سێیەکی پەکخەرە بۆتە ترس و کابوسی عێراقیەکان و وەک تاکتیک و نەریت و فشاری سیاسی بەکاردێت بۆ بەدەستهێنانی پۆستە باڵاکان، بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتی یاسا و کوتلەی گەورەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە، (الإطار التنسيقي) کە توانایەکی لەڕادە بەدەریان هەیە بۆ مانۆڕو کوالیسیۆن و هاوپەیمانێتی کوشندە و پەکخستن وەک ئەوەی ئێستا هەیە لەنێوان مالیکی و حەلبوسی و خەزعەلی و عامری و دوو سێ کوتلەی بچوکدا.

لەبنەڕەتدا دەستەواژەی سێیەکی پەکخەر زاراوەیەکی دەستوریی نییە تەنها لە دەق و ماددەی (70 بڕگەی یەکەم) ئاماژەی بۆ کراوە، لە ناوەرۆک و مانادا بۆ زۆرینەی دوو لەسەر سێ دانراوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەم ڕێژەیەدا سێیەکی پەکخەر لەدایک ئەبێ، لەسەر بنەڕەتی ئەوەی بەبێ ئەو پابەندبوونە دەستوریە کەدەکاتە 210 کورسی، کاتێک جێبەجێ نابێ راستەوخۆ سێیەکی پەکخەر دەبێتە یاسای جێگرەوە. ئەوەش لەڕواڵەتدا بۆ ڕێگریی و بەربەستی سیاسییە لە هەژموونگەری و پاوانخوازیی لایەن و پێکهاتەو مەزهەبێک دژی پێکهاتەو لایەنەکانی ترو لەناوەرۆکیشدا دەستێوەردانی دەرەکیەو بۆ بەدەستهێنانەوەی شەرعیەتی ئەو لایەن و کەسایەتی و ڕوخسارانەیە کەلەم هەڵبژاردنەدا پاشەکشەیان کرد.

کورد دەبێ هاوسەنگی بڕواتە ناو دانووستانەکان و خۆی بەدووربگرێ لە هاوپەیمانێتی و مانۆڕی ساختە بۆئەوەی دواجار بەهاوسەنگی بێتەدەرەوەو دەستکەوتی سیاسی و نیشتیمانی بچنێتەوە لەبری لێکترازان.