
كارۆخ خۆشناو
نووسەر
ترهمپ بەتەمای چییە!
ترهمپ کۆمەڵێک سیناریۆی لەبەردەستە، بەر لەوەی ماڵئاوایی بکات لە کۆشکی سپی

لە یاری دیموکراسیدا بردنەوە و دۆڕان هەیە، تاکو ئێستا ترەمپ بە ڕاشکاوی دانی بە دۆڕانی خۆی نەناوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر بایدن، چونکە ترەمپ حەزی بە دۆڕان نییە، ئەگەرچی دوێنێ دانی بە شکستی خۆی نا، بەڵام دوای چەند خولەکێک پەشیمان بوویەوە، دیارە لای ترەمپ یارییەکە کۆتایی نەهاتووە و هێشتا ئومێدی بە ئەنجامی سکاڵاکان هەیە، بەڵام لای دیموکراتەکان و بەشێکی زۆری کۆمارییەکان، یارییەکە کۆتایی هاتووە (The Game is Over)
سەبارەت بە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کەوا ئەم ناوچەیە بایەخ و گرنگی جارانی نەمابێت لە ناو ستراتیژیەتی ئهمهریكادا، چونکە ئهمهریكا وەک جاران پێویستی بە سەرچاوەی وزەی ئەم ناوچەیە نەماوە، ئەمەش بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر ووزە (نەوت و گاز) لە ناوخۆی ئهمهریكا، بە جۆرێک کە هەموو پێداویستیەکانی ناوخۆی تێر دەکات، لەلایەکی تریش بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی (عەرەب-ئیسرائیل) لە رێگهی واژووکردنی ڕێکەوتنەکانی ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم لە ژێر چەتری ڕێکەوتنامەی سەدە، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا چاوەڕووان دەکرێت کەوا هێزێکی سەربازی هاوبەش دروستبکرێت (هاوشێوەی ناتۆ) لە نێوان وڵاتانی عەڕەبی و ئیسڕائیل بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و دژایەتیکردنی تیرۆر و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئهمهریكادا دروست دەبێت.
دوای دورخستنەوەی (مارک ئێسپەر) وەزیری بەرگری ئهمهریكا لەلایەن ترهمپەوە، هەروەها سەردانی ئەم چەند ڕۆژەی (مایک پۆمپێیۆ) بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێک ئاماژە هەن پێمان دەڵێن کەوا ترهمپ کۆمەڵێک سینارێۆی لەبەردەستە، بەر لەوەی ماڵئاوایی بکات لە کۆشکی سپی، مەبەستیەتی گۆمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشڵەقێنێت، ئەم هەنگاوەش بە پێچەوانەی نەریتی دیموکراسی ئهمهریكا لەقەڵەم دەدرێت، بەتایبەت کە (ترهمپ) دانی بە دۆڕانی خۆی دانەناوە و تاکو ئێستاش پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە (بایدن) نەکردووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەجیندایەکی شۆک ئامێز لە ترهمپ دەکرێت، بە تایبەت لەم دوو مانگەی کە لە بەردەستی ماوە وەک (سەرۆکی ئهمهریكا) لەو چوارچێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت کەوا ترهمپ هەندێک جوڵە و کردەوەی سەربازی ئەنجام بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە:
1- بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئهمهریكا گورزێکی کەمەرشکێن لە ئێران بوەشێنێت و هەندێک پێگەی ناوەکی و ساروخی و هەندێک ناوچەی سەربازی لە بەندەر عەباس بکاتە ئامانج.
2- بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئیسڕائیل بکات لە وەشاندنی گورزێکی سەربازی بۆ سەر پێگە ناوەکی و سەربازیەکانی ئێران.
3- لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە بەتایبەت لە هەرسێ وڵاتی (عێڕاق و سویا و ئەفغانسان).
4- ئەنجامدانی ئەم سیناریۆیە لەلایەک بۆ شێواندنی ئەجیندای بایدن و مەشغول بوونی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەرەوە، لە جیاتی فۆکەس خستنە سەر کێشەکانی ناوخۆی ئهمهریكا، لەلایەکی تر تێکدانی ئەجیندای (بایدن) لە بەرامبەر ئیران و لەمپەر خستنە پێش زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی (5+1).
5- دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی (بەناچاری) ترهمپ (خۆی یان ئیڤانکای کچی یان جارید کۆشنێری زاوای) ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2024) بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی پارتی کۆماری دەدات، لەلایەن خۆی و خێزانەکەیەوە.
6- دوای نەمانی پارێزبەندی سەرۆکایەتی (ترهمپ) ترسی لە کۆمەڵێک سکاڵا هەیە کە لە دادگاکان دژی بجوڵێنرێن و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێتەوە بە هۆی نەدانی باج لەکارە بازرگانەکانی و هەندێک سکاڵای ئافرەتان لەسەر کەیسی هەراسانکردن و مامەڵەی ناتەندروست.
لە کۆتاییدا گرنگە ئەم ڕاستیە بزانین کەوا بە هۆی ناسەقامگیری پەیوەندیەکانی (واشنتن) لەگەڵ هەریەک لە تاران و دیمەشق و ئەنکەرە و بەغدا، چاوەڕواندەکرێت (کورد) لە هەر چوار پارچەی کوردستان (بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوا) دەرفەتی بەھێزتری بۆ بڕەخسێت، لەم چوارچێوەیەشدا گرنگە کورد خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئهمهریكا، ببەستێتەوە بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کوردستان، بە واتایەکی تر بەرژەوەندیەکانی کوردستان پاڕاڵێڵ بکات لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئهمهریكا، ئەمەش بە پتەوکردنی ڕێزەکانی ناوخۆ و ئەنجامدانی چاکسازیەکی ڕیشەیی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان دەکرێت، بۆیە لە ئێستادا گرنگە کورد بە ئەجیندایەکی یەکگرتوو بەرنامەڕێژی بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە بکات و شێوازی (کاردانەوە بۆ رووداوەکان) بگۆردرێت بۆ نەخشەرێگایەکی ستراتیژی نیشتیمانی، تاکو بتوانێت بە یەکگرتوویی سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە.
٭ کارۆخ خۆشناو
سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئهمهریكی-کوردی)