مێرکڵ: ناهێڵن رێکاری تووندتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بگرمە بەر

حاڵەتەکان لە زیادبووندان

K24- هەولێر:

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، سەرۆکانی 16 هەرێمەکەی ئەڵمانیا، رێگای نادەن رێکاری تووندتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بگیرێتەبەر.

مێرکڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەو دەیەوێت رێکاری تووندتر بگرێتەبەر، بەڵام بەرپرسانی دیکە دەڵێن، پێویستە چاوەڕێ بکەین و بزانین کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بەکوێ دەگەن.

مێرکڵ دەڵێت، زۆربەی هەرێمەکان رەتیانکردەوە رێکاری تووندتر بگرینەبەر، ئەگەر ئەوان رێگایان بدایە، هەر ئەمڕۆ رێکارە نوێکانمان رادەگەیاند.

لە ئەڵمانیا، باڕ و چێشتخانەکان داخراون، بەڵام قوتابخانەکان کراوەن، هەروەها نابێت هیچ کۆبوونەوەیەک لە 10 کەس زیاتر بێت.

مێرکڵ داوا لە هاووڵاتیانی ئەڵمانیا دەکات، ماسک بپۆشن و کۆبوونەوەکان فەرامۆش بکەن دەنا سەرکەوتوو نابن لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

لە ئەڵمانیا، بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، 143 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن، رۆژ لە دوای رۆژیش حاڵەتەکان زیاتر دەبن.

Reuters