کارزان سەباح هەورامی
نووسەر
چه‌ند ڕاستیه‌ك له په‌راوێزی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرمۆر
هێرشەکەی شه‌وی ڕابردوو بۆ سه‌ر كێڵگه‌ی غازی کۆرمۆر، ناكرێت ته‌نیا له ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌منییه‌وه تەماشا بكرێت، به‌ڵكو له‌یه‌ك کاتدا هه‌م جیۆپۆله‌تیكی كوردستان، هه‌م ئابووری و شاده‌ماری وزه‌ش كراوه‌ته ئامانج و ئه‌وه‌ی ڕوویدا له كوژانه‌وه‌ی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت ناوبنرێت به ئامانج گرتنی كه‌رتی نیشتیمانی وزه‌ی كوردستان.
ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه هێرشه‌كه له قۆناغی ته‌كنیكه‌وه بۆ لێدان له ستراتیجییه‌ت گۆڕاوه. ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یر بوو كاتی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه بوو لە دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق.
هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێکی گه‌وره‌ی كۆكه‌ره‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی عێراق هه‌نگاوی ده‌نا، بۆیه پێش ئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ربازی بێت ده‌كرێت ئامانجی پشت ئه‌م هێرشه به‌سیاسی ناوبهێنرێت، چونكه له‌سه‌رووبه‌ندی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق هه‌رێمی كوردستان په‌یامه‌كانی ڕوون بوون و دیارن كه داواكاری چ حكوومه‌تێكی كردووه بۆ داهاتووی عێراق كه ئه‌مانه له‌لایه‌ن دوژمنانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه قبووڵكراو نین.
به‌شێكی دیكه‌ی ئامانجی هێرشه‌كه پلان بۆدانراو بوو، له كۆگایه‌كی گه‌وره‌ی كێڵگه‌كه‌ی داوه كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌بای هاووڵاتیان ده‌كات ئه‌وه‌ش لێدانه له پرۆژه‌ی ڕووناكی، له كاتێكدا عێراق و ناوچه‌كه به‌قۆناغێكی ترسناكی نه‌بوونی كاره‌با تێپه‌ڕده‌بن، و به‌ده‌ست بێكاره‌باییه‌وه ده‌ناڵێنن، بۆیه به‌لێدان له‌كێڵگه‌ی كۆرمۆر، زیاتر به ئامانجگرتنی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌ی كوردستان بوو له بواری كاره‌با به‌ده‌ستی هێنا، ئه‌مه‌ش له ڕوانگه‌ی ئابوورییه‌وه تیرۆری ئابووریه، به‌و ئامانجه‌ی كوردستان نه‌گات به‌وزه‌ی پێویست و وێناكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ناسه‌قامگیره بۆ وه‌به‌رهێنانی وزه كه زیاتر بۆ ترساندنی وه‌به‌رهێنانی بیانییه.
ئه‌وه‌ی جێگای ده‌ستخۆشی بوو ئه‌مڕۆ له په‌یامی خۆیدا سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، به‌رێز مه‌سروور بارزانی، داوای پشتیوانی سیسته‌می دژه مووشه‌كی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد، ئه‌م داواكاریه دوای هێرشێكی زنجیره‌یی به‌سه‌ریه‌كه‌وه دێت كه له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوو كراوه‌ته‌وه سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كان و كۆمپانیاكانی بیانی له بواری وزه، كه ئه‌گه‌ر له‌وێنه گه‌وره‌كه‌وه سه‌یری بكرێت به‌بێ هه‌بوونی سیسته‌می پێشكه‌وتووی مووشه‌ك هیچ گه‌ره‌نتی نییه ئه‌م هێرشانه دووباره نه‌بنه‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌شدا هه‌م هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش كۆمپانیا بیانییه‌كان له بواری وزه ده‌بنه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م. له‌دوای ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، به ئامانج گرتنی هه‌ر كیڵگه‌یه‌كی نه‌وتی ده‌بێته كه‌م ته‌رخه‌میی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه، چونكه ئه‌م كێڵگانه به‌تێچویه‌كی زۆر و به ده‌ستێكی كاری زۆر و ماندووبوونێكی چه‌ندساڵه‌وه به‌رهه‌م هێنراون، ناكرێت به ئاسانی له ڕێگای مووشه‌ك و درۆنه‌وه بكرێنه ئامانج.
پێش هه‌موو لایه‌نه‌كان پێویسته هاوپه‌یمانان به‌جددی بێنه سه‌رخه‌ت و ڕێگا نه‌ده‌ن ئه‌م هێرشانه دووباره ببنە‌وه، چونكه هه‌ر زیان گه‌یاندنێك به كه‌رتی وزه‌ی كوردستان یه‌كسانه به‌زیان گه‌یاندن به ژێرخانی وزه و كه‌رتی وزه له بازاری جیهاندا و دروستكردنی قه‌یرانی وزه له ناوچه‌كه، چونكه ئیتر له‌م قۆناغه ئیدانه‌كردن شتێك له بابه‌ته‌كه ناگۆڕێت.
ده‌بێت بیرله‌دروستكردنی سیسته‌می پێشكه‌وتووی پارێزگاری له كێڵگه نه‌وتییه‌كان بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانییه له هێرشه‌كانی ته‌مووزی ساڵی ڕابردوو ته‌واوی هه‌ڵه‌و كه‌موكورتییه‌كان و به‌ڵگه‌كان خرایه به‌رده‌م حكوومه‌تی عێراق كه هێرشه‌كان چۆن و له‌كوێوه كراون، به‌ڵام هیچ ڕێكارێكمان نه‌بینی ئه‌نجام بدرێت بۆ ڕێگریی لە دووبارە بوونەوەی ئه‌و هێرشانه و بێ ده‌نگی حكوومه‌تی عێراق له‌م هێرشانه شه‌رعیه‌ت دانه به‌پێشێلكردنی خاكی عێراق، و ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره له ئه‌ستۆ بگرێت.
بۆ قۆناغی داهاتوو كه پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكات ئه‌وه‌یه كه كۆده‌نگی نێوده‌وڵه‌تی دروست بكات فشار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی پاراستنی ئه‌و ناوچانه بكرێته ئه‌وله‌ویه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، جیاله‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كان بدۆزرێته‌وه و بكه‌رانی بخرێنه لیستی تیرۆر و سزایان بدرێت. له‌هه‌موو گرنگتر پێویسته ئه‌م پرسه، واته پرسی وزه وه‌ك ململانییه‌كی سیاسی ته‌ماشا نه‌كرێت و وه‌ك دۆسیه‌یه‌كی نیشتیمانی و ئه‌منی سه‌یری بكرێت تا هه‌مووكه‌سێك به ئاره‌زووی خۆی نه‌توانێت وه‌ك مامه‌ڵه‌ی سیاسی یاری پێوه بكات، وێرای هه‌موو ئه‌مانه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌رداری ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان نابێت و ناچێته ژێرباری هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌كه‌وه كه بیه‌وێت ناچاری بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی بڕیاری كوردستانیانه بیربكاته‌وه و پێش هەر ململانێیەکی سیاسیش، ئامانجی یەکەم لەم هێرشانە هاونیشتیمانیانی کوردستانە و دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە جگە لە لە هەوڵێکی نەزۆک بۆ ڕێگریی لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و تێکدان، هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرێت.