ئەبو تاڵب سەعیدی: کەس ناتوانێت شەرعیەت لە حزبوڵڵا وەربگرێتەوە

سەرکردە لە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوچەی جورف سەخر ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کاتەی سەدام شەڕی لەگەڵ ئێمە دەکرد و دەیویست ئێمە نەمێنین بەسەر چوو، شەڕی ئەمەریکییەکانیش بەسەر چوو و هەموو ئەمانە بوونە بەشێک لە مێژوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەبو تاڵب سەعیدی، سەرکردە لە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوچەی جورف سەخر رایگەیاند، کەس ناتوانێت شەرعیەت لە حزبوڵڵا وەربگرێتەوە و جەختی کردەوە کە لە یەکەم ڕۆژەوە لەسەر هەڵوێستی خۆیان پێداگر بوون.

سەعیدی ئاماژەی بە قۆناخەکانی رابردوو کرد و گوتی: “ئەو کاتەی سەدام شەڕی لەگەڵ ئێمە دەکرد و دەیویست ئێمە نەمێنین بەسەر چوو، شەڕی ئەمەریکییەکانیش بەسەر چوو و هەموو ئەمانە بوونە بەشێک لە مێژوو.”

سەرکردەکەی کەتائیبی حزبوڵڵا باسی لەو شوێنە کرد کە لێوەی قسەی دەکرد و رایگەیاند: “ئەمڕۆ ئێمە لەو شوێنەین کە 200 کەسمان تێیدا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ژمارەیەک برینداریشمان هەبووە.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەعیدی پەیامێکی ئاراستەی ناوچەی سەوز و لایەنی ئەمەریکی کرد و گوتی: “بەو خەیاڵپڵاوانەی ناوچەی سەوز و تۆم بەڕاک و ترەمپیش بڵێن، ئێمە خاوەنی ئەو زەوییەین و لێرە جیهادمان کردووە. هەموو ئەوانەی هاتوونەتە ئێرە بۆ جیهاد و تێکۆشان هاتوون و ئێمەش لە یەکەم ڕۆژەوە پێداگر بووین”.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا، ئەبو تاڵب سەعیدی سوپاسی هۆزەکان و سەرکردەی هۆزەکانی کرد.