کارزان سەباح هەورامی
نووسەر
فەسڵە یوسف نمونەی شۆڕشی ئافرەتی کورد لە سووریای نوێدا
یەکێک لە ئافرەتە هەرە بوێر و ئازاکانی رۆژئاوای کوردستان، (فەسڵە یوسف)، ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، سوێندی یاسایی خوارد وەک نوێنەری کورد لە پەرلەمانی نوێی سووریا کە لەدوای رووخانی حوکمی بەشار ئەسەدەوە ئەمە یەکەم نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردە، ئەم ئافرەتە نوێنەرایەتی دەنگی گەلی کورد دەکات لەناو پەرلەمانی سووریا، لە یەکەم رۆژی دەرکەوتنی لە پەرلەمان هەر زوو بووە جێگا و باسی میدیاکانی سووریا و وڵاتانی دیکەش، بەوەی بە جل و بەرگی رەسەنی کوردی بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد و بە شانازییەوە باسی لەوە کرد کە ئەوان نوێنەرایەتی راستەقینەی تەواوی گەلی سووریا دەبن لە پێناوی تیپەراندنی ئاڵنگارییەکان و کۆتایی هاتن بە نەهامەتییەکانی سووریا.
ئەم ئافرەتە بوێرە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و هێرشی میدیایی بووەتەوە، ئەو کاتانەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بەدەست سیاسەتی پەکەکە و گرووپە چەکدارەکانەوە لەو پەری خراپی بوو کە هیچ رێگایەک نەدەدرا بە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)چالاکی بکەن، رۆژانە دەیان بارەگای ئەم ئەنجوومەنە دەسووتێنرا و هەڵمەتێکی میدیایی زۆر خراپ لەدژیان هەبوو، دەیانویست ئەم هێزە لە خۆشەویستی گەلی کورد لە سووریا داببڕێنن، بەڵام دواجار ئیرادەی بەهێزی کەسانی وەک فەسڵە یوسف، سەرکەوت و رێگا نەدرا بەرەی نیشتمان پەروەری لاواز بکرێت.
فەسەڵە یوسف, پەروەردەی رێبازی سەرۆک بارزانییە، یەکێک لەو ئافرەتە بوێرانە بووە کە چەند جارێک سەرۆک بارزانی بینووە، شاندی دانوستانکاری کورد بووە لەگەڵ حکوومەتی تازەی دیمەشق، و ئەندامی لیژنەی باڵای گفتوگۆی دیالۆگی کوردی بووە لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی و قەسەدە، هەڵوێستە نیشتمان پەروەردەکانی وای کردووە کە رێگای بۆ هەزاران ئافرەتی دیکەی تێکۆشەری رۆژئاوای کوردستان بکاتەوە بۆ کاری سیاسی و گرتنە بەری رێگای ئاشتی سیاسی لەسەر بنەمای لۆژیک بینی، هەر ئافرەتێکی دیکە لە شوێنی فەسڵە یوسف بووایە، قەد نەیدەتوانی کاری سیاسی لە ژینگەیەکی تەواوی شێواوی سیاسی بکات لە رۆژئاوای کوردستان کە دەستوەردانی سیاسی گەیشتبووە ئاستی بێزارکردن و بەجێهێشتنی سیاسییەکان، بەڵام ئەم ئافرەتە کۆڵی نەدا و خەباتی سیاسی خۆی و رێگا و رێبازی کورد پەروەرانەی بەجێنەهێشت بۆ کەسانی دیکە بەڵکو رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکان بووەوە و توانی و جددی خۆی لەناو پەرلەمانی سووریا بچەسپینێت.
یەکێکی دیکە لە شانازییەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی هێنانە پێشەوەی ئافرەتی بوێری وەک فەسڵە یوسفە، کە ئەم رەوتە باوەڕی بەوە هەیە ئافرەتانی کورد شان بەشانی پیاوان دەتوانن لە سووریا نوێی رۆڵی گرنگ و کاریگەریان هەبێت، و سووریای نوێ پێویستی بە دیدگایەکی نوێی ئافرەتان هەیە بۆ دووبارەوە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای مەدەنییەت و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، بۆ ئەمەش نوێنەرایەتی گەلانی سووریا بە ئافرەتانی وەک ئەم ئافرەتە دەکرێت و بوونی ئەم کەسانە زۆر گرنگ و پێویستە، ئەوەش دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئەم رەوتە لە رۆژئاوای کوردستان پشتیوانی بکرێت و رێگایان پێبدرێت لەسەر بنەمای لۆژیک بینی و دووربینی خۆیان مافی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێی سووریا رێگا بکەنەوە.
ئومێدی زۆرمان بەوە هەیە کە ئەم نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی سووریا کە ژمارەیان کەمە و تێبینی هەیە بەڵام دەتوانن داکۆکی کاری سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان بن، هەوڵبدەن زۆرترین دەسکەوت بۆ مافەکانی کورد لە دەستووری نوێیی سووریا بچەسپێنن و لە رووی ئیدارییەوە پەرە بە ناوچە کوردستانییەکان بدەن و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن و ئەو ناوچانە ئاوەدان بکەنەوە، بۆ ئەمەش لە قۆناخی داهاتوو ئەرکی قورس دەکەوێتە سەر شانی فەسڵەخان و هاوڕێکانی لە پەرلەمانی سووریا کە حکوومەتی نوێی ناچار بکەن بە دانانی بودجەیەک بۆ گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری ناوچە کوردییەکان.
ئەوەی لە کۆتاییدا گرنگە باس بکرێت رەوتی ئەم ئافرەتە بوێرانە لە کایەیی سیاسیدا نائومێدمان ناکات، بەوەی هێشتا رێگا و رێبازی ئافرەتانی وەک لەیلا قاسم و هاوڕێکانی هەر بەردەوامە، و لە سێبەری رێبازی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانیدا ملیۆنان گیان فیدایی و کورد پەروەر گیانیان بەخت دەکەن.