ئانۆ جەوهەر
نووسەر
ڕەگ و ناسنامە و ئومێد: خوێندنەوەیەکی فیکری - سیاسی بۆ پەیامی غیبتەی پاتریارک ساکۆ بەبۆنەی جەژنی دنح
*پێشەکی: پەیامێکی ئیمانی بە قەبارەی نیشتمان
پەیامە ئاینی و ئیمانییەکان لە نێو کۆمەڵگە فرەچەشنەکاندا، کاتێک لەلایەن مەرجەعیەتە ئاینییە نیشتمانییە قورسەکانەوە دەردەچن، ڕەهەندێکی وا دەگرنە بەر کە لە سنووری ئامۆژگاریی ڕوحی تێدەپەڕێت بۆ کایەی بیرکردنەوەی سیاسی و ئەخلاقیی گشتی.
لەم چوارچێوەیەدا، پەیامی غيبتەی پاتریارک کاردیناڵ لویس ڕوفائیل ساکۆ بەبۆنەی جەژنی دنح، وەک دەقێکی دامەزرێنەری هۆشیاریی نیشتمانی دادەنرێت؛ دەقێک کە مامەڵە لەگەڵ پرسی ڕەگ و ڕیشە، هاووڵاتیبوون، ناسنامە و ئومێد دەکات، لە ساتەوەختێکی عێراقی و هەرێمایەتیدا کە تەنگژە سیاسییەکان لەگەڵ تەحەدییەکانی بوون و شکۆدا تێهەڵکێش بوون.
ئەم خوێندنەوەیە تەنیا وەک وتارێکی کەنەسیی سادە سەیری پەیامەکە ناکات، بەڵکو وەک دەقێکی گشتی دەیبینێت کە پێناسەی پەیوەندیی مەسیحییە کلدانی وسریانی وئاشووری و ئەرمەنەکان لەگەڵ نیشتمانەکەیان دەکاتەوە، و تێڕوانینێکی ئەخلاقی - سیاسی بۆ چەمکی ئینتیما پێشکەش دەکات، کە لە دەرەوەی لۆژیکی پاشکۆیەتی یان بەهێزبوونی کاتی یان ناسنامە لەرۆکەکاندایە.
*یەکەم: ڕەگ و ڕیشە وەک چەمکێکی مێژوویی - سیاسی
کاتێک پاتریارک جەخت دەکاتەوە کە "ڕەگی ئێوە لێرەیە"، ئەو یادەوەری وەک تەنیا حەسرەتێک بۆ ڕابردوو ناهێنێتەوە کایە، بەڵکو ئینتیما وەک ڕاستییەکی مێژوویی جێگیر دەکات. مەسیحییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پێکهاتەیەکی نامۆ نین بە جوگرافیای سیاسی ناوچەکە، بەڵکو پێکهاتەیەکی ڕەسەنن لە گەشەپێدانی شارستانی و کولتووریدا.
لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، ڕەگ و ڕیشە ڕەگەزێکی جەوهەرییە لە بونیادنانی شەرعییەتی ڕەمزی بۆ هەر گروپێکی نیشتمانی. پەیامەکە لێرەدا ڕێگە لە هەوڵەکانی کورتکردنەوەی بوونی مەسیحی لە هاوکێشەی "کەمینە" یان "قوربانی" دەگرێت و جارێکی تر وەک هاوبەشێک لە بەرهەمهێنانی مێژوودا نەک تەنیا بەکاربەر، وەک پێکهاتەیەکی کارا لە دەوڵەتدا نەک پەراوێزێکی پاشکۆ، پێناسەیان دەکاتەوە.
*دووەم: هاووڵاتیبوون لە بەرانبەر لۆژیکی پارێزراویدا (الحمایة)
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی پەیامەکە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی لۆژیکی پاشکۆیەتی و خۆپاراستن بەوانی تر؛ ئەم ڕەتکردنەوەیە نەک لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی سیاسی کاتی، بەڵکو لە تێگەیشتنێکی ئەخلاقییەوە بۆ چەمکی هاووڵاتیبوون سەرچاوەی گرتووە. ئەو پاراستنەی کە لەسەر حیسابی شکۆ بێت، لەرۆکییەکی سیاسی بەرهەم دەهێنێت و گروپەکان دەگۆڕێت بۆ ئامراز لە ململانێی ئەوانی تردا.
لەم چوارچێوەیەدا، پەیامەکە وێنایەکی ڕوون دەخاتە ڕوو: نیشتمان سەرچاوەی ئارامییە، و هاووڵاتیبوون ئەو چوارچێوە گشتگیرەیە، نەک ئینتیمای ئاینی یان نەتەوەیی ببێتە پاساو بۆ گۆشەگیری یان بەهێزبوون بە لایەنی دەرەکی. ئەم تێڕوانینە لەگەڵ مۆدێلەکانی دەوڵەتی نوێدا دەگونجێت کە لەسەر بنەمای یەکسانیی یاسایی دامەزراون، نەک لەسەر پلەبەندیی ژمارەیی یان ئاینی.
*سێیەم: ئیمان وەک سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی
پەیامەکە لە ئاستی تیۆرییەوە دەچێتە سەر ئاستی شایەدییەکی کردەیی، کاتێک ڕۆڵی مێژوویی دامەزراوە پەروەردەیی، وکۆمەڵایەتییەکانی مەسیحی لە عێراقدا دەخاتە ڕوو. لێرەدا، ئیمان لە بیروباوەڕێکی تایبەتەوە دەگۆڕێت بۆ سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی کە بەشداری کردووە لە بونیادنانی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، بەبێ ڕەچاوکردنی ئینتیما ئاینی و نەتەوەییەکان.
لە ڕوانگەی سیاسەتی گشتییەوە، ئەم ڕۆڵە دەیسەلمێنێت کە گرووپە ئاینییەکان، کاتێک بە گیانی خزمەتگوزارییەوە تێکەڵی کایەی گشتی دەبن، دەبنە هۆکاری سەقامگیری و گەشەپێدان، نەک تێکدەر. ئەمەش شەرعیەتێکی ئەخلاقی و سیاسی دەبەخشێتە وتاری مەسیحی لە عێراقدا کە لەسەر بنەمای کار و کردەوە دامەزراوە، نەک تەنیا بانگەشە.
*چوارەم: ڕەخنەگرتن لە دیاردەی میلیشیای چەکدار بەناوی ئاینەوە
هەستیارترین بەشی پەیامەکە، کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە سیاقی عێراقیدا، هۆشداریدانە لە دیاردەی چەکداربوون بەناوی مەسیحییەتەوە، یان بەکارهێنانی ناسنامەی ئاینی بۆ پاساودانی گەندەڵی و هەژموون و بەستراوەیی بە ئەجێندا دەرەکییەکانەوە.
ئەم ڕەخنەیە ئاراستەی کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پێوەرێکی ئەخلاقی ڕوون دادەنێت: ئەو ئاینەی دەکرێتە پەردەیەک بۆ توندوتیژی یان گەندەڵی، جەوهەری خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە توێکڵێکی ئایدیۆلۆژیی بەتاڵ. لە گۆشەنیگای شیکردنەوەی دەوڵەتەوە، مەترسیدارترین شت کە ڕووبەڕووی گروپە نیشتمانییەکان دەبێتەوە، هەرەشەی دەرەکی نییە، بەڵکو شێواوی ناوخۆییە کە متمانەیان لەبەردەم کۆمەڵگە و گەلدا لەکەدار دەکات.
*پێنجەم: ئومێد وەک بژاردەیەکی سیاسیی ئەخلاقی
لە بەرانبەر وتاری نائومێدی و کۆچکردن و پاشەکشەدا، پەیامەکە چەمکی ئومێد دەخاتە ڕوو، نەک وەک چاوەڕوانییەکی سست و بێدەنگ، بەڵکو وەک بژاردەیەکی هۆشیارانە کە لەسەر خۆڕاگری و کارکردن بونیاد نراوە. ئومێد لەم سیاقەدا، تەنیا ئایینی نییە، بەڵکو سیاسی و ئەخلاقیشە، چونکە گریمانەی بڕوابوون بە توانای چاکسازی و هێزی کاری نیشتمانی بۆ شکاندنی بازنەکانی ستەم و پەراوێزخستن دەکات.
ئەم تێگەیشتنە پێگەی مەسیحییەکان لە ژیانی گشتیدا دەگەڕێنێتەوە، نەک وەک قوربانییەکی هەمیشەیی، بەڵکو وەک کاراکتەرێکی ئەخلاقی کە خاوەنی قیبلەنومایەکی ڕوونن لە جیهانێکی سیاسیی پڕ لە ئاڵۆزیدا.
*کۆتایی: پەیامەکە وەک چوارچێوەیەکی مەرجەعی بۆ کاری گشتی
دەکرێت پەیامی پاتریارک ساکۆ وەک نەخشەڕێگەیەکی ئەخلاقی بۆ مەسیحییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بخوێنرێتەوە، کە لە نێوان چەسپان لە ڕەگ و ڕیشە، ڕوونی لە ناسنامە، کرانەوە لە هاووڵاتیبوون، ئازایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لادان و ئومێد بە پاشەڕۆژ، کۆدەبێتەوە.
لە پێگەی بەرپرسیارێتی سیاسی و خزمەتی گشتییەوە، ئەم وتارە لەگەڵ کارکردن لە سیاسەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا یەکدەگرێتەوە، بەڵکو قووڵاییەکی ئەخلاقی پێ دەبەخشێت و جارێکی تر سیاسەت بە بەها سەرەکییەکانی خۆیەوە دەبەستێتەوە: شکۆ، دادپەروەری، و بەرژەوەندیی گشتی.
لە جەژنی دنح-دا، کە تێیدا تیشکی ڕاستی لە بەرانبەر تاریکیدا دەردەکەوێت، ئەم پەیامە دەبێتە بانگەوازێکی ڕاشکاو بۆ ئەوەی ئیمان ببێتە سەرچاوەی هێزێکی ئەخلاقی، نەک ئامرازی ململانێ؛ و ڕەگەکان بە جێگیری بمێننەوە، چونکە ئەوەی لەسەر حەق ڕەگی داکوتاوە هەڵناکێشرێت، و ئەوەی لەسەر ئیمان دامەزراوە، هەرگیز تێکشکان و لەرزین نایگرێتەوە.