هەورامان عەلی تۆفیق
نووسەر
ناسنامەیەک لەنیوان نێوان نامۆبوون و گۆڕاندا
لەدەستدانی بنچینە یان وەهمێک لە پێشکەوتن؟
لە چوارچێوەی تەواوی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن، کۆچکردن و ژیان لە دەرەوەی وڵات بۆ زۆرێک لە تاکەکان بووەتە بابەتێکی باو و لە هەمان کاتدا وەک حاڵەتێکی ئاسایی سەیردەکرێت و لە دونیادا بەربڵاوە، جا بە هۆکاری ئابووری.پەروەردەیی، یان کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بێت.
بێ گومان ژیان لە دەرەوەی وڵات ئەزموونێکی ئاڵۆزە، کە دەرفەتی بەرچاو بۆ گەشەکردن و گەشەسەندنی کەسی دەڕەخسێنێت، بەڵام ئاستەنگی قووڵی پەیوەست بە ناسنامە و سەربەخۆیی وشێوازی ژیان وخۆگونجاندن دەخاتە بەردەم تاکەکان، یەکێک لە دیارترین ئەو ئاستەنگیانە، لەدەستدانی وردە وردەی زمانی زگماکی و کولتووری ڕەسەن و شێوازی ژیانی ڕەسەنە، کە هەندێک کەس ساڵانێکی زۆر لە دەرەوەی وڵات دەژین و ئەزموونی ئەوە دەکەن، تەنانەت هەندێکیان ئەوەندە جیاواز لەو گرفتە دەڕوانن و شانازی بەو گۆڕانکارییەوە دەکەن وەک ئەوەی نیشانەی پێشکەوتن و وردبینی بێت.
زمان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی مرۆڤ، تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی ڕۆژانە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە و هەست و مێژوو و یادەوەری و پاراستنی ڕەسەنایەتی، کاتێک مرۆڤ زمانی زگماکی خۆی پشتگوێ دەخات یان بە ئەنقەست وازی لێ دەهێنێت، پەیوەندی لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا نامێنێت و پەیوەندییەکەی بە کۆمەڵگە ڕەسەنەکەیەوە لاواز دەکات و نایهێڵێت، ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات خۆیان لەوەدا ببیننەوە ناتوانن هەستی ڕاستەقینەیان بە زمانی زگماکی خۆیان دەرببڕن یان پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ خێزان و هاوشارییەکانیان هەبێت، ئەم لەدەستدانە زمانەوانییە ناتوانرێت بە ئاسانی قەرەبوو بکرێتەوە، هەرچەندە تاک لە زمانێکی تردا شارەزا بێت.
هەمان شت بۆ کولتووریش دەگونجێت، بە بەها و داب و نەریتەکانی شێوازی ژیان و شێوازی بیرکردنەوە لە قاڵب دەدەن، کولتوور تەنیا ڕواڵەتەکانی دەرەکی نییە، بەڵکو سیستەمێکی یەکگرتووە، پێناسەی مرۆڤ چۆن بۆ خۆی و ئەوانی دیکە دەکات، کاتێک تاک بە تەواوی واز لە کولتووری ڕەسەنی خۆی دەهێنێت، ئەو بنەما کولتوور و فەرهەنگیانە لەدەست دەدات کە ڕێنمایی ڕەفتار و هەڵوێستەکانی دەکرد، لە کاتێکدا فێربوون و ئامێزگرتنی کولتوورە نوێیەکان ئەرێنی و پێویستە، بەڵام گۆڕینی کولتووری مرۆڤ بە کولتوورێکی دیکە، لەبری ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێیت، مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاک دروست دەکات.
هەندێک لە تاراوگەییەکان شانازی بە لەدەستدانی ناسنامەی ڕەسەنی خۆیانەوە دەکەن، وایدەبینن ئەمە ئاوێتەبوونەو بەشێکەو لە ئینتگراسیۆن یان وەک پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی دەبینن، بەڵام ئەم شانازییە زۆرجار قەیرانی ناسنامە یان هەستێکی نامۆ لە ناخی مرۆڤدا دروستدەکات لە هەست کردن بە کەمی، لەبری ئەوەی ئاوێتەبوون و ئەو خۆگونجاندنە پرۆسەیەکی هاوتەریب بێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر دامەزرابێت، زۆر جار ئەو گۆڕانکاریە دەگۆڕێت بۆ هەوڵدان بە لاساییکردنی تەواوەتی ئەویتر، تەنانەت لەسەر حیسابی ناسنامەی خۆی، لە واقیعدا کۆمەڵگەیەکی نوێ داوا لە تاکەکان ناکات دەستبەرداری ڕەسەنایەتی خۆیان بن، بەڵکو پابەندی یاساکانی بن و ڕێز لە بەهاکانی بگرن، لە هەمان کاتدا ناسنامەی کولتووری خۆیان بپارێزن.
گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا سروشتییە و هەندێکجار تەنانەت پێویستیشە، بەو پێیەی هەموو کۆمەڵگەیەک داب و نەریت و سیستەمی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان گونجانی هۆشیارانە و لەدەستدانی ناسنامەدا هەیە، خۆگونجاندن واتە بەدەستهێنانی کارامەیی نوێ و پێکەوە ژیان لەگەڵ واقیعی نوێدا، لە کاتێکدا لەدەستدانی شوناس واتە ئینکاری ڕابردوو و پچڕانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا، مرۆڤی بەهێزی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بتوانێت ئەم دوو شتە کۆبکاتەوە، پەرەبسێنێ بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتی خۆی لەبیری بکات، یان کرانەوەی خۆی بەڕووی کەسانی دیکەدا بەبێ ئەوەی لە نێویاندا بتوێتەوە .
لە کۆتاییدا سەرکەوتنی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات بەو پێوانە نییە کە چەندە واز لە زمان و کولتوورەکەی دەهێنێت، بەڵکو بە توانای بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ناسنامەی ڕەسەنی خۆی و ئەزموونە نوێیەکەیدا دەپێورێت، ناسنامە بارگرانییەک نییە کە ڕێگری لە پێشکەوتن بکات، بەڵکو سەرچاوەی هێزە بۆ سەقامگیری و ڕوونی لە جیهانێکی گۆڕاودا دەبەخشێت، ئەوانەی زمان و کولتوور و شێوازی ژیانی ڕەسەنی خۆیان دەپارێزن، لە هەمان کاتدا ڕێز لەو کۆمەڵگەیە دەگرن کە تێیدا دەژین، پێگەیشتنێکی ڕاستەقینەی مرۆیییان بەدەستهێناوە کە شایەنی شانازییە.