ئایا ترەمپ دەبێتە سەرۆکێکی (ئاخیر شەڕ) بۆ ئێران!

ئەم دوو ئەزموونەی رابردوودا پێمان دەڵێن: (حوکمی میلیشیاکانی حەشد) بەسەر (حوکمی کازمی)دا زاڵە

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

(بزنسمان)ەکان بەگشتی و ترەمپ بەتایبەتی لە هیچ یارییەکدا حەزناکەن بدۆڕێن، ئەم هۆکارەش وایکردووە تاکو ئێستا ترەمپ دان بە شکستی خۆیدا نەنێت لە بەرامبەر بایدن، ئێستا ترەمپ (لە رووی سایکۆلۆژیەوە) تووڕە و هەستیار دەردەکەوێت بە هۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەو راستیەش دەزانێت کەوا تەنها (25) رۆژی ماوە لە کۆشکی سپی، بۆیە ترەمپ وەک هەموو سەرۆکێکی پێش خۆی، دەیەوێت شوێن دەستی خۆی لە مێژووی ئەمه‌ریکا و جیهاندا بەجێ بهێڵێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گرووپەکانی (حەشدی شەعبی) بەهانە دەدەنە (دۆناڵد ترەمپ) تاکو شوێن دەستی خۆی لەسەر رووی ئێراندا بنەخشێنێت؟

دوای حەفتەیەکی دیكه‌ ئێران و گرووپە شیعەکانی عێراق لەبەردەم تاڵترین ساڵیادی سەدەی (21)دا دەبن، ئەویش ساڵیادی کوژرانی ئەندازیاری هیلالی شیعی و گەورە فەرماندەی سەربازی ئێران (قاسم سولەیمانی)یە، ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا ئەگەر هەیە ئێران یاری بە ئاگر بکات و چالاکیەک دژی ئەمه‌ریکا ئەنجام بدات، بەمەبەستی  تێرکردنی حەزی تۆڵەی شەقامی شیعە و رازیکردنی (رای گشتی) شوێنکەوتووانی شیعەی ئێران و عێراق، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم چالاکیە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە نەکرێت، بەڵکو ناڕاستەوخۆ لەلایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبیەوە بکرێت، دۆناڵد تره‌مپیش پێشوەختە لە رێگه‌ی تویتەرەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ هۆشداری توندی داوەتە ئێران "ئەگەر ئێران یان پڕۆکزییەکانی هەر گورزێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا بوەشێنن، ئەوا ترەمپ گۆمەکە دەشڵەقێنێت بەسەر سەری ئێراندا".

جموجۆڵە نائاساییەکانی شەوی رابردووی شاری بەغدا لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق و گروپی (كتائب عصائب اهل الحق) ئاماژەن بۆ ئەوەی کەوا (25) رۆژی داهاتوو بۆ عێراق سەخت و هەستیار دەبن، چونکە بەغدا بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و عێراقیش کەوتۆتە نێوان بەرداشی ئەمه‌ریکا و ئێران، ئەگەرێکیش هەیە ئەمه‌ریکا باڵوێزخانەی خۆی لە بەغداوە بۆ هەولێر بگوازێتەوە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی دیپلۆماتکاران، چونکە هەولێر پێگەیەکی سەقامگیر و پارێزراوی هەیە، ئەگەرچی گرنگە داڕێژەرانی بڕیار (وەک رابردوو) بەردەوام بن لە سیاسەتی (باڵانس و هاوسەنگی راگرتن) لە نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران، بەڵام لە حاڵەتی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە بەغداوە بۆ هەولێر، پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان (گرەنتی) پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە (نووسراوی فەرمی) لە ئەمه‌ریکا وەربگرێت.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا (کازمی) لە دوو نمایشدا لە بەرامبەر (حەشدی شەعبی) شکستی هێناوە:

یەکەم/ کاتێک (14) چەکداری گرووپی (حزب اللە)ی بە تۆمەتی هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا دەسگیرکردن، بەڵام ناچار بوو لەژێر فشاری (حەشدی شەعبی)دا دوای چەند رۆژێک ئازادیان بکات.

 دووەم/ دوای دەستگیرکردنی کەسێکی تۆمەتبار بە هێرشەکانی یەکشەممەی رابردوو، ئەم جارەش (کازمی) ناچارکرا دەستگیرکراوەکە رادەستی حەشدی شەعبی بکاتەوە.

ئەم دوو نموونەی سەرەوە پەیامێکی روونە کەوا کازمی و حکومەتەکەی و دامودەزگاکانی ناتوانن بە هیچ شێوەیەک لێپرسینەوە لەگەڵ میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی)دا بکەن.

بەمانایەکی تر ئەم دوو ئەزموونەی (کازمی) لە رابردوودا پێمان دەڵێن: (حوکمی میلیشیاکانی حەشد) زاڵە بەسەر (حوکمی کازمی)دا، ئەگەرچی کازمی ئومێدی مانەوەی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەڵچنیوە، بەڵام ئەگەر کازمی بەم لاوازییەی بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا تووشی شکستێکی گەورە بێتەوە، چونکە لەلایەک متمانەی هاووڵاتیان لەدەست دەدات، لەلایەکی دیكه‌یش متمانەی ئەمه‌ریکا لە دەست دەدات.

سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمه‌ریکی-کوردی)