سەرگەردانی لە دروشم دا

سەرگەردانی لە دروشم دا
سەرگەردانی لە دروشم دا

ئێرنێست هێمینگوەی لە رۆمانی پیاوەپیرەکە و زەریا، باسی هەوڵدانی بێوچانی کەسێک دەکات لەسەر گەمیەکەی دەیەوێ ماسی بگڕێ و ناتوانێت. پیاوە پیرەکە بێ توانایە، رەنگبێ بشزانێ ناتوانێت و هەر بەردەوام دەبێت. لەوێ هێمینگوەی پێمان دەڵێت: بەردەوامبوون لە هەوڵی بێ ئەنجام، فەوتانە.

ئەگەر پێش ساڵی 2011 (راپەرینی خەڵکی سووریا) سەردانی قامشلوت کردبا، شارێکی هەژار، بەڵام زیندووت دەبینی.

 سەرەڕای دەسەڵات و زولمی بەعس، خەڵکی شار لەسەر پێی خۆیان وەستابوون، هیوات لە چاوەکانیانا دەبینی، گرنژینی سیمایان رەنگدانەوی ژیان بوو. کە دەیانزانی میوانی و بەتایبەت لە باشوورەوە رۆیشتووی فەرموویان لێ دەکردی، حەزیان لێ بوو لەگەڵت بدوێن، خزمەتت بکەن. کۆڵانەکانی شار ئاوەدان بوون، دەنگی یاری و شادی منداڵەکەن هەستێکی خۆشی پێ دەدای. ماڵەکانیان چەند بچووکیش بوایە، بەڵام خاوێن و بژوون بوون. 

لە دەسپێکی راپەرین دژی رژێمی بەعس لە سووریا، کورد تەنیا چاودێریی دەکرد و هیچ هەنگاوێکی نەهاوێشت، بەڵام رژێمی ئەسەد دەستپێشخەری کرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ (پەکەکە) پرۆگرامی کۆنترۆڵکردنی رۆژئاڤایان داڕشت. ئەوسا ساڵح موسلیم لە قەندیل بوو. بەرپرسانی موخابەراتی سووری بە فڕۆکەیەکی سەربازی رۆیشتنە سلێمانی و شەوێک لەوێ مانەوە،  بۆ رۆژی دواتر ساڵح موسلمیان لەگەڵ خۆیان بردەوە شام.

(پەکەکە) بە هاوکاری رژێمی بەعس بە ناوی جیاوە  ( پەیەدە)، (یەپەگە) و .. لە ژێر قیادەی ساڵح موسلیم کۆنترۆلی رۆژئاڤایان کرد. بنکەی مخابرات، ئیستخبارات وەک خۆی ماوە و هەر لەدەست رژێمی بەعس بوو، فڕۆکەخانەی قامشلوش بەدەست بەعسییەکانەوە بوو. پەیکەری حافز ئەسەدیش هەر قیت بوو.

پاش ئەوە بەرچاوترین دیاردە، هەڵواسینی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دەرودیوار و دەروازەکانی شار بوو. عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەک لە زیندان بوو، رێنماییشی دەردەکرد. لە زیندانییە سیاسییەکانی کورد بیستومانە داگیرکەر چۆن لە زیندان کوردیان بە زیندوویی راگرتووە  و نەیانکووشتووە. گوێ لە بیرەوەرییەکانی (مەهدی زانا ) و .. بگرن کە لە زیندانەکانی تورک چی بە زیندانییە کوردەکان دەکەن. ئەوە گەمژەییە پەیرەوی رێنمایی کەسێک بکەی کە بەندکراوی تورکە. (پەکەکە) لە رۆژئاڤا وای کرد و ئێستاش بەردەوامە.

نەیانهێشت هیچ تاک، رێکخراو و پارتێک لە دەرەوەی (پەکەکە)چالاکی بنوێنێ. بەتایبەت دژایەتی ئەوانەیان کرد نەتەوەیی بوون و مەبەستیان ماف و خاکی کوردستان بوو. ئاڵای کوردستان قەدەغە کرا.

ماڵباتە نەتەوەیی و رەسەنەکان لە ترسی (پەکەکە) ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشت. هۆکاری سەرەکیی ئاوارەبوونی زۆرینەی کورد لە رۆژئاڤا (پەکەکە) بووە.

لە قۆناخی سەرهەڵدانی داعش دا یەکەم شاری کورد لە رۆژئاڤا کە کەوتە ژێر مەترسی، کۆبانی بوو. ئەودەم شەڕی دژی داعش هەواڵی یەکەمی هەموو میدیا جیهانییەکان بوو.

داعش کۆبانی دۆرپێچ کردبوو، هەندێ گەڕەکی کۆبانیشی گرتبوو، کوڕ و کچانی کورد بەرگرییان دەکرد.

هەمووان خەمی کەوتنی کۆبانیان بوو.

 هەموو کورد خەمی کۆبانی بوو، وەبیر خۆتان بێننەوە ئەودەم ئەردۆغان لە بەردەم کامیراکان گوتی؛ کۆبانی تەواو بوو. سەرۆک بارزانیش گوتی؛ کۆبانی شارێکی کوردانە و ناکەوێ. سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان رێککەوت و پێشمەرگەی بە ئاڵای کوردستانەوە ناردە کۆبانی و بە پاڵپشتی پێشمەرگە، هاوپەیمانان و بەرگریی خەڵکی کۆبانی شار نەکەوت. 

کۆبانی گەشترین لاپەڕەی دیرۆکی کوردە لە رۆژئاڤا و هەموومان شانازی پێوە دەکەین.

لەدوای نەمانی مەترسی لەسەر کۆبانی و دەڤەرە کوردییەکان و گەرانەوی پێشمەرگە، (پەکەکە) دیسان وەخۆ کەوت. 

لێهاتووترین و بوێرترین رۆڵەکانی کورد نێردرانە منبج و رەقە و .. و کرانە قوربانی بۆ بەرزکردنەوەی دروشمی برایەتی گەلان. کامتان دڵتان دێ کچە 15 ساڵییەکەتان بنێرنە مەیدان، دژی جیهادییەکان؟

هیج ماڵباتێک بۆی نەبوو پرسەی جەنگاوەرە گیانبەختکراوەکەی بگێرێ مەگەر ئامادەبووەکانی پرسەکە لە ژێر وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا بڕۆن و شانازی بەوە بکەن کە پەیڕەوی رێنماییەکانی کەسێک بکەن کە لە هیچ شوێنێک بوونی نییە و لە زیندانی داگیرکەردایە.

ئەم رۆژانە بڕۆیە قامشلی، دەبینی شار چوولە، ئەوەی حەز دەکەی ببینی، نایبین، گەڕەکی نوێی عەرەبی پەیدا بوون. گەڕەکە عەرەبەکان ئاوەدانن و تژی منداڵ، مێرمنداڵ و گەنجن.

گەڕەکی کورد بێ گەنج و مێرمنداڵە. گەنجی کورد بە تۆپزی دەنێردرانە منبج و رەقە تا گیانیان بۆ برایەتی گەلان بەخت بکەن یان شاریان بە جێهێشتووە.

ئێستا قامشلو بێدەنگ و کەوتووە،  کە دچیتە نێو شار کەس ناتدوێنێ، کەس ناوێرێ قسە بکات، خەڵکێکی ماندوو و رەشبین دەبینی، رووخۆشی و گەشی بەدی ناکەی، کەس فەرمووت لێ ناکات. زیندوویەتی شار نادۆزیەوە.

پاش ئەوەندە ساڵە، دیسان چوارگۆشەی ئەمنی و شوێنە گرنگەکان کەوتنە دەست شامی جۆلانی. کورد دەڵێ؛ کە نازانی بۆ کوێ بڕۆی، مڵ نەدە رێگە.

 هەڵواسینی وێنەیەک و بەرزکردنەوەی دروشمێکی سەرگەردان، ئاماژە و نیشانەن و وێدەچی (پەکەکە) دەستێک بێ نەهێڵی کورد ببێتە خاوەن سەروەریی خۆی و ئەرکی تێکدانی جڤاکی کوردی پێ سپێردرابێ.