ترەمپ جێگرەکەشی لەدەستدا
K24- هەولێر:
مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وێنەی 'کەڤەرەکەی' دەگۆڕێت و وێنەی جۆ بایدن و کامیلا هاریس، براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دادەنێت.
پێشتر پێنس ئاماژەی بەوە کردبوو، ناتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند نەکات. ئەمەش ترەمپی تووڕە کرد و رایگەیاند، مایک پێنس نەیتوانیووە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و پارێزگاری لە دەستوور بکات.
لە بەرامبەردا، جێگرەکەی ترەمپ، وێنەی براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە تویتەرەکەی خۆی دادەنێت.
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، نەیتوانی ببێتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەنجامەکەش رەت دەکاتەوە و بە ساختەی ناو دەبات.
بەهۆیەوە، لایەنگرانی ترەمپ، چوونە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و توانیان دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵی پۆلیسدایە.