بەڕاک سڵاوی ترەمپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند
پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك بارزانی و تۆم بەڕاک نوێنەری ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی ئاداری 2026 ، بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك بارزانی و تۆم بەڕاک نوێنەری ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.
بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا تۆم بەڕاک سڵاو و ڕێزی دۆناڵد ترامپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە، و ڕایگەیاند ئەمریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام دەبن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هەروەها نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا.
بە هەمان شێوە، سەرۆک بارزانی سوپاسی دۆناڵد ترامپی کرد و رێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی تۆم بەڕاکی کرد بۆ رۆڵە کاریگەرەکەی.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە و گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسیەت و پێکەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و ڕایگەیاند کە ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێک نەبووین و نابین لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا کە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.