موحسین رەزایی: بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نایاسایی و سیاسییە
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژی تاران، هەنگاوێکی تەواو نایاسایی و سیاسییە و هیچ بنەمایەکی تەکنیکی نییە.
پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، بڕیارنامە پەسەندکراوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە بارەی ئێرانەوە، هیچ بنەمایەکی زانستی و تەکنیکی نییە و تەواو سیاسییە.
موحسین رەزایی گوتیشی: "بە روونی شوێنپەنجەی گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئەم بڕیارەوە دیارە."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداریشی دا، ئەم رێکارە سیاسی و تێکدەرانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت و وڵاتان بەرەو کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) هان دەدات.
قسەکانی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، دوای ئەوە هات، چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوە داخراوەکەی ڤیێنا، ئەو رەشنووسەی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاوە پێشکەش کرابوو، بە دەنگی 23 دەوڵەتی ئەندام پەسەند کرا، لە کاتێکدا سێ وڵات، رووسیا، چین و نەیجەر دژی دەنگیان دا و هەشت دەوڵەتیش لە دەنگدان بێلایەن بوون.
لە دەقی بڕیارنامەکەدا داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە کراوە، راپۆرتێک سەبارەت بەم بڕیارە و بڕیارەکانی پێشوو ئاڕاستەی سەرجەم ئەندامانی ئاژانسەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.