هیومەن رایتس وۆچ ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆر تۆمەتبار دەکات

رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکی هاوبەشدا لەگەڵ کلینیکی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هارڤارد، ئاشکرایکرد هێزەکانی ئیسرائیل لە نێوان مانگەکانی ئادار و ئایاری رابردوودا، 23 جار فۆسفۆری سپییان لە باشووری لوبنان بەکارهێناوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکی هاوبەشدا لەگەڵ کلینیکی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هارڤارد، راپۆرتێکی 45 لاپەڕەیی بە ناونیشانی سووتانی کۆنترۆڵنەکراو بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تەقەمەنیی فۆسفۆری سپیی و کاریگەرییەکانی پێویستی بە یاسایەکی نێودەوڵەتی بەهێزتر هەیە لەوەی ئێستا کاری پێدەکرێت، هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ رێکخستنی ئەم جۆرە چەکە وێرانکەرانە دەکاتەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە لەسەر بنەمای شیکاریی یاسایی، بەدواداچوونی سەرچاوەکان، 16 چاوپێکەوتنی کەسی، چاودێریکردنی رێکارە دیپلۆماسییەکان و توێژینەوەی نووسینگەیی بەدەستهاتووە.

لەوبارەیەوە بۆنی دۆکێرتی، راوێژکاری باڵای چەک لە هیومەن ڕایتس وۆچ و مامۆستا لە کلینیکی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ گوتی: "تەقەمەنییەکانی فۆسفۆری سپیی دەبنە هۆی سووتانی زۆر بەئازار و زیانی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کە بۆ هەموو تەمەن دەمێنێتەوە."

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیسرائیل لە ساڵانی 2008-2009 و 2023ـشدا لە غەزە فۆسفۆری سپیی بەکارهێناوە، شارەزایان جەختدەکەنەوە تەقاندنی فۆسفۆری سپیی بەسەر ناوچە چڕنشینەکاندا وەک چەکی هەڕەمەکی هەژمار دەکرێت، چونکە جیاوازی لەنێوان چەکدار و هاووڵاتییانی مەدەنی ناکات و پێشێلکارییە بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی.

 سەرەڕای کاریگەرییە سووتێنەرەکانیان، فۆسفۆری سپیی لە پرۆتۆکۆلی سێیەمی ساڵی 1980ـی سەر بە پەیماننامەی چەکە نەریتییەکاندا نەهاتووە، چونکە ئەو پرۆتۆکۆلە تەنیا ئەو جۆرە چەکانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی بۆ سووتاندن دیزاین کراون، لەکاتێکدا فۆسفۆری سپیی بۆ پەردەپۆشکردن یان رووناککردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەکاردێت.

هیومەن ڕایتس وۆچ و کلینیکی هارڤارد ئەم چەکانەیان بەپێی مەرجی مارتنز هەڵسەنگاندووە کە دەقێکی یاسای نێودەوڵەتییە و دەڵێت لەو حاڵەتانەی پەیماننامەی تایبەت نییە، خەڵکی مەدەنی و چەکداران بە بنەماکانی مرۆڤدۆستی و ویژدانی گشتی دەپارێزرێن، ئەوان لەم بارەیەوە رایانگەیاند، برینداربوونە نامرۆییەکان و سەختیی چارەسەرکردن کە ئەم چەکە دروستی دەکات، لەگەڵ بنەماکانی مرۆڤدۆستیدا ناگونجێت.

دۆکێرتی روونیکردەوە، دیپلۆماتکاران، پزیشکان و لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەو برینە سەختانە دەربڕیوە کە فۆسفۆری سپیی دروستی دەکات، ئەو ئاماژەی بەوەدا، وڵاتان پەیماننامەیان لەسەر گازە ژەهراوییەکان و چەکە لەیزەرییەکان واژۆ کردووە چونکە نامرۆیین، بۆیە دەبێت هەمان هەنگاو بەرامبەر بە فۆسفۆری سپیی بگرنەبەر.

ئێستا گفتوگۆکان لەژێر چەتری پەیماننامەی چەکە نەریتییەکان بەڕێوەدەچن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیارەکان پێویستیان بە کۆدەنگییە، رووسیا و هەندێک لایەنی دیکە رێگری لە پێشنیازەکانی تایبەت بە تاوتوێکردنی کاریگەرییە مرۆییەکانی چەکە سووتێنەرەکان دەکەن، سەرەڕای ئەم کۆسپانە، بڕیارە لە کۆنفرانسی پێداچوونەوەی پەیماننامەی چەکە نەریتییەکاندا کە 16 تا 20ـی نۆڤەمبەری داهاتوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت، ئەم بابەتە بورووژێنرێت.

دۆکێرتی گوتی: "ئامانجی کۆتایی دەبێت پەسەندکردنی یاسایەکی بەهێزی نێودەوڵەتی بێت کە کەلێنە یاساییەکان پڕبکاتەوە و بەکارهێنانی فۆسفۆری سپیی بە تاوان بناسێنێت. قەدەغەکردنی تەواوەتیی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەکارهێنانی ئەم چەکانە، گەورەترین دەستکەوتی مرۆیی دەبێت."