خوێندن لە کاتی جەنگدا، شاشەکان وەک پەناگەی زانست

خوێندن لە کاتی جەنگدا، شاشەکان وەک پەناگەی زانست
خوێندن لە کاتی جەنگدا، شاشەکان وەک پەناگەی زانست

لەنێوان هەڕەشەکانی جەنگ و بڕیاری وەزارەتەکان بۆ خوێندنی ئۆنلاین، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن شاشەکان لە ئامرازێکی تەکنیکییەوە بگۆڕین بۆ پەناگەیەکی مەعریفی و ئارامی، کە تێیدا ژینگەی ماڵ و ئیرادەی قوتابی لە هەموو زریانەکان پارێزراو بن؟

لە کاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بە تەمومژێکی سیاسیی قورس داپۆشراوە و دەنگی تەپڵی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ گۆڕینی سیستەمی خوێندن بۆ "ئۆنلاین"، وەک تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ ئیرادەی نیشتمانیمان دەردەکەوێت. ئەم هەنگاوە تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نییە بۆ پاراستنی جەستەیی قوتابیان، بەڵکو ستراتیژێکی قووڵە بۆ ڕێگریکردن لە "وەستانی مێژوو" و پەککەوتنی نەوەیەک کە بڕیارە داهاتوو بونیاد بنێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پەناگە دیجیتاڵییە نەبێتە هۆی دابڕانی مەعریفی یان فشاری دەروونی، پێویستە لە ناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خێزانی کوردییەوە سەیری بکەین.

لە ڕاستیدا، گۆڕینی ماڵ بۆ قوتابخانە لە کاتی تەنگژەدا، تەنها گۆڕینی شوێنی دانیشتن نییە، بەڵکو گۆڕینی "کولتوری ژیان"ە. لێرەدا ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی خێزان بۆ ئەوەی منداڵ لەو دڵەڕاوکێیە جیهانییەی کە جەنگ دروستی کردووە، ڕزگار بکەن و بەرەو جیهانی زانست هان بدەن. یەکەم هەنگاو، دروستکردنی "سەقامگیریی دەروونییە"؛ پێویستە دایکان و باوکان ژینگەی ماڵ لە دەنگی هەواڵە ناخۆشەکان و گفتوگۆ سیاسییە توندەکان بپارێزن، بۆ ئەوەی مێشکی قوتابی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی زانیاری. ماڵێک کە تێیدا تەلەڤزیۆن تەنها باسی جەنگ بکات، ناتوانێت ببێتە پۆلێکی سەرکەوتوو بۆ فێربوون.

کۆنترۆڵکردنی منداڵ لەم دۆخە نائاساییەدا پێویستی بە هاوسەنگیی نێوان توندی و نەرمی هەیە. باشترین ڕێگە بۆ ئامادەکردنی منداڵ، دروستکردنی خشتەیەکی کاتیی هاوشێوەی قوتابخانەیە. دەبێت شوێنێکی دیاریکراو و بێدەنگ تەرخان بکرێت کە منداڵ هەست بکات قوتابییە، نەک تەنها منداڵێک کە یاری دەکات. ئەمە یارمەتی منداڵ دەدات کە لە ڕووی دەروونییەوە جیاکاری بکات لە نێوان کاتی حەوانەوە و کاتی پابەندبوون. لە لایەکی ترەوە، ئامادەکردنی منداڵ بۆ خوێندنی ئۆنلاین پێویستی بە "هاندانی سۆزداری" هەیە. لەبەر ئەوەی منداڵ لە هاوڕێکانی دابڕاوە، خێزان دەبێت ببێتە هاوڕێی یەکەمی. چاودێریکردنی منداڵ لە پشتی شاشەکانەوە نابێت وەک "پۆلیس" بێت، بەڵکو وەک "ڕێ نیشاندەر"؛ واتە دایک و باوک پێویستە شانبەشانی منداڵەکانیان فێری تەکنەلۆژیا ببن بۆ ئەوەی لە کاتی کێشە تەکنیکییەکاندا ببنە فریادڕەس.

لە ڕەهەندێکی ترەوە، ژینگەی ماڵەوە لەم ساتە وەختەدا ژینگەیەکی ئاسایی نییە. دڵەڕاوکێی جەنگ و دۆخی ئابووری، ماڵەکانی کردووەتە ناوەندی فشار. لێرەدا دەبێت مامۆستا وەک "پەیامبەرێکی ئارامی" دەربکەوێت. وانەی ئۆنلاین نابێت تەنها گواستنەوەی چەند لاپەڕەیەکی کتێب بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە پەنجەرەیەک بۆ دەربازبوون لەو واقیعە تاڵەی کە جەنگ دەیسەپێنێت. پێویستە میتۆدەکان نەرمتر و چڕتر بکرێنەوە؛ وانەکان دەبێت زیاتر لە "گفتوگۆیەکی فیکری" بچن نەک "سەرکۆنەیەکی ئەکادیمی". خوێندنی ئۆنلاین دەبێت ببێتە پردێک کە خێزان و قوتابخانە پێکەوە گرێ بدات، نەک ئەرکێکی قورس کە دایک و باوکان تێیدا هەست بە شکست بکەن.

دەبێت ئەوە بزانین کە خوێندنی ئۆنلاین لە سایەی هەڕەشەی سەربازیدا، جۆرێکە لە "بەرگریی نەرم". هەر چرکەیەک کە قوتابییەک لە پشتی شاشەکەیەوە خەریکی فێربوونە، لە ڕاستیدا خەریکی تێکشکاندنی ئەو بێهیواییەیە کە جەنگ دەیەوێت بیسەپێنێت. ئەگەر بتوانین بە هاوسەنگییە مامەڵە لەگەڵ ژینگەی ماڵەوە و توانا تەکنیکییەکان بکەین، و ئەگەر میدیا و دامەزراوەکان پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی ئەم پرۆسەیە بن، ئەوا نەک هەر ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنین، بەڵکو بنەمای سیستەمێکی پەروەردەیی مۆدێرن دادەڕێژین کە لە هیچ زریانێک نەترسێت. ئێمە لە ڕێگەی ئەم شاشە بچووکانەوە، خەریکی نووسینەوەی گەورەترین داستانی سەركەوتن دەبین بۆ ڕۆڵەكانمان.