کاوە جەم
رۆژنامەنووس
بڕیاری 688 و وانەیەکی هەمیشەیی
مێژووی گەلان پڕە لە جەنگ، بەڵام تەنیا ئەو ساتانە دەبنە وەرچەرخانی راستەقینە کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن. کۆڕەوی ملیۆنیی ساڵی 1991 تەنیا راکردن لە دەست زوڵم نەبوو، بەڵکوو گەورەترین مانۆڕی سیاسیی بێدەنگی گەلی کورد بوو. ئەو بڕیارە، شکاندنی تابلۆی سەروەریی وڵاتان بوو لە پێناو مافی مرۆڤدا.
رۆژی 5ـی نیسانی ساڵی 1991، ئەو کاتەی 10 ئەندام لە 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگیان بە بڕیارنامەی 688 دا، ئیمزا لەسەر ئەوە کرا کە مێژووی سەردەمی نوێی گەلی کورد بە جۆرێکی دیکە بنووسرێتەوە.
هەرچەندە لە دەقی بڕیارنامەکەدا راستەوخۆ ئاماژە بە "ناوچەی دژەفڕین" نەکرابوو، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا (ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) وەک بنەمایەکی یاسایی، بۆ دیاریکردنی (هێڵی 36) و دروستکردنی نوای ئارام، سوودیان لێ وەرگرت. هەر ئەمانەش دواجار بوون بە بناغەی دامەزراندنی هەرێمی کوردستان.
گرنگترین خاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی 688 بۆ یەکەمجار بە بیانووی "کێشە مرۆییەکان"، دەستی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی خاوەن سەروەری وەردا، ئەمە گرنگترین خاڵی سیاسی و مرۆیی پشت بڕیارنامەکە بوو.
لە کەس شاراوە نییە کە کۆڕەوی ملیۆنی وەک نموونەیەک لە خەباتی مەدەنی، هۆکاری سەرەکیی ئەو بڕیاربوو. ئەمە، هێزی ئاشتییە کە دواجار ئەنجامەکەی لە کوردستانێکی ئاوەدان و ئارامدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەو جۆرە لە خەبات، لە سەردەمی کۆن و نوێیشدا، ئەنجامی جیاواز و ئەرێنیان هەبووە. حەزرەتی محەمەد لە مەکەوە بۆ مەدینە کۆچی کرد، موسا پێغەمبەر، لە دەست زوڵم و زۆرداری فیرعەون رایکرد و گاندیش بەندیخانەی هەڵبژارد. ئێستا دەرەنجامی هەر سێ کاردانەوە روون و دیارن.
ئیعراز
لە قورئانی پیرۆزدا، پێمان گوتراوە پشت لە زوڵم و ناخۆشییەکان بکەین، واتە گرنگیان پێ نەدەین (ئیعراز) و رێگەی خۆمان درێژە پێ بدەین. ئەمە لە زانستی ئێستاشدا و بەتایبەت لە مێتافیزیادا سەلمێندراوە، گرنگی بە هەر شتێک بدەی، لە جۆری ئەو دێتە ناو ژیانت.
بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە نەک هەر لاوازی نییە، بەڵکوو بەهێزترین جۆری رووبەڕووبوونەوەیە. ئەو کاتەی گەلێک بە ئاشتیانە داوای مافی خۆی دەکات، دوژمنەکەی لە چەکی "پاساوی تیرۆر" دادەماڵێت. لە شەڕی چەکداریدا تەنیا گەنجان و چەکدار بەشدارن، بەڵام لە بزووتنەوەی ئاشتیخوازانەدا (وەک کۆڕەو یان خۆپێشاندان)، ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتە هەموو دەبنە سوپایەکی کاریگەر. بێگومان لەو خەباتەدا، دەنگ روونتر و ئاشکراتر بە گوێی خەڵکی جیهان دەگات و هاوسۆزییەکان زیاتر دەبن.
نموونەی زۆر روونی ئەو خەباتە، لە رووداوەکانی ساڵی رابردووی رۆژئاوای کوردستاندا بەدەرکەوت. بڕینی کەزی کچێکی کورد، کاردانەوەی کوردی لێکەوتەوە و شەقامەکانی ئەوروپا و ئەمریکا پڕبوون لە هاواری کورد. ئەمە، کاردانەوەی ئەرێنی لێکەوتەوە و دواجار بەشێکی دەستکەوتەکانی گەلی کوردی لە رۆژئاوای کوردستانی پاراست.
یاسای نەگۆڕی گەردوون
جیهان یاسایەکی هەمیشەیی هەیە؛ هەر کارێک، کاردانەوەی هەیە، لە هەمان جۆر و بە هەمان هێز. ئەمە، یاسایەکی نەگۆڕی گەردوونە. کاردانەوەی خەباتی ئاشتیانە زۆر جیاوازە لە خەباتی چەکدارانە.
مهاتما گاندی، زۆر بە بێدەنگی و لە نێو دیوارەکانی بەندیخانەدا، توانی بناغەی خەباتێک دابنێ بۆ رزگاربوونی هیندستان لە ژێردەستەیی. دەرەنجامی خەباتی ئاشتیانەی گاندی لە هیندستانێک کە بە "وڵاتی 72 نەتەوە" و "70 ئایین" ناسراوە، دیارە. هاوکات دەرەنجامی خەباتی چەکدارانە لە وڵاتانەیش کە تەنیا چەند نەتەوە و ئایینێکی کەمی تێدایە، دیارە.
لیبیا، یەمەن، عێراق و سوریا کە بە زەبری چەک گۆڕانکاریان تێدا کرا، ئێستا بۆ چەندین دەیە لەمەوپێش گەڕاونەتەوە. نموونەی زۆر نوێتر هەیە. 47 ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی ئێران لە شەقامەکانەوە رژێمی پاشایەتیان رووخاند و ئێستاش دوای نزیکەی نیو سەدە، خەریکی دووبارەکردنەوەی ئەو کارانەن و رەحمەت بۆ کفندز دەنێرن.
ئەمە دەرەنجامەکانی ئەو یاسانەگۆڕەی گەردوونە، ئاشتی، ئارامی و خۆشی لێدەکەوێتەوە و توندوتیژی، نائارامی و پشێوی.
ستراتیژیی ئاشتی
هەروەک چۆن کۆڕەوی 1991 بوو بە هۆی بڕیاری 688، هەروەک چۆن بزووتنەوە مەدەنییەکانی ئەم دواییە دەنگی کوردیان گەیاندە ناو جەرگەی پەرلەمانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا؛ کورد پێویستە تێبگات کە "پێنووس، ناسنامە و مانگرتنی مەدەنی" ئەو چەکانەن کە رژێمە دیکتاتۆرەکان ناتوانن بەرگەی بگرن. ئاشتی تەنیا بێدەنگی نییە، بەڵکوو بەهێزترین شێوازی تێکۆشانە.
بۆ ئەوەی کورد لەمەودوا لە ئاراستەی "رێڕەوی ئاشتی" وەک گاندی سەرکەوتوو بێت، پێویستە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکان، ببنە نموونەیەکی درەوشاوە لە حوکمڕانیی باش، تا جیهان وەک "دوورگەی ئارامی و دیموکراسی" سەیریان بکات. پێویستە رێگەی دیپلۆماسی کەلتووری بگرینەبەر و هونەر، ئەدەب و چیرۆکی تاکەکانی کورد بۆ ناساندنی دۆزەکە بە زمانێکی مرۆیی نەک تەنیا سیاسی، بەکار بێنین.
پێشینیانمان گوتەنی، ئەمەش بکەینە گوارەی گوێمان کە گەورەترین چەکی کورد لە کۆڕەودا "یەکدەنگی" بوو. هەر بۆیە پەیامێکی یەکگرتووی ئاشتیخوازانە، لە هەزاران چەک کاریگەرترە.