کاوە جەم
رۆژنامەنووس
لە خۆڵەمێشەوە بۆ ژیانەوە؛ گەشتیاریی رەش
مێژووی گەلی کورد پڕە لە کارەسات، ئەو کارەساتانەی رۆژانە لەگەڵیان دەژین. سەرەڕای هەموو ئەو کارەساتانە، کورد گوتەنی ژیان بەردەوامە و ئێمە بەپێوەین. ئێمە لەو ئازارانە بەتەنیا نین. ئەو ئازارانە لە مێژووی گەلانی دیکەیشدا، رۆژانە هەست پێدەکرێ. ئێمە و ئەوان خاڵێکی هاوبەشمان هەیە کە ئەویش ئازاری کارەساتەکەیە، بەڵام جیاوازیمان لە شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ئازارەدا زۆر جیاوازە.
ژاپۆنییەکان، ئەو دروشمەیان کرد بە راستی، "ئەوەی نەمکوژێ، بەهێزترم دەکات". ئەوان بە تەواوی هەستانەوە سەرپێ و چیرۆکی خۆیان لە قوربانییەوە، بۆ بڕوابەخۆبوون گۆڕی. ئەوان، ئاسەواری کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکیان نەسڕییەوە، بەڵکو هێشتیانەوە و کردیان بە "سیمبۆلی ئاشتی". ئێستا ساڵانە نزیک بە دوو ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی "مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتیی هێرۆشیما" دەکەن. ساڵانە بە سەدان هەزار کەسیش سەردانی پارک و مۆزەخانەی ئەتۆمی ناکازاکی دەکەن.
ژاپۆنییەکان، ئەو کارەساتەیان وەک بەشێک لە ناسنامەی خۆیان قبووڵ کرد. بەو کارانەشیان شوناسی تاکیان بەهێز کرد و بوونە یەک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان. ئەوان ئاسەوارەکانی ئەو کارەساتەیان نەسڕییەوە، بەڵکو فرمیشکەکانیان سڕیەوە. ئەوان نەوەیەکی بەهێزیان پەروەردە کرد و ئەو شوێنانەشیان کرد بە شوێنی گەشتیاری.
بۆ ئەوەی "خەم" نەبێتە ناسنامەمان
ئەمە جۆرێکە لە جۆرەکانی پیشەسازی گەشتیاری و بە "گەشتیاریی رەش" ناسراوە. ئاماری ساڵانەی گەشتیاریی رەش بە وردی دیار نییە، بەڵام بەپێی راپۆرتی دەزگای Future Market Insights چاوەڕوان دەکرێت داهاتی گەشتوگوزاری رەش لە ساڵانی داهاتوودا بە رێژەی %2 بۆ %5 ساڵانە گەشە بکات. ئەو گەشتیارانەی بەدوای "ئەزموونی راستەقینە و مێژوویی"دا دەگەڕێن، لە زیادبووندان، بەتایبەت نەوەی نوێ.
لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بە گەشتیاریی رەش دراوە. ئێمە ساڵانە بۆ قوربانیانی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال، فەرمێسک دەڕێژێن. ئێمە نەمانتوانیوە وەک ژاپۆنییەکان، فرمێسکەکانمان بسڕینەوە. ئەو کارەساتانە بەهێزتریان نەکردووین و نەمانتوانیوە بیکەین بە بەشێک لە شوناسی نەوەی نوێمان.
بۆ ئەوەی "خەم" نەبێتە ناسنامەمان، دەبێ تراژیدییەکان وەک "تاقیکردنەوەیەکی سەخت" نیشان بدەین کە تێیدا سەرکەوتووین. کاتێک گەنجێکی کورد دەچێتە ئەمنە سوورەکە، نابێت بە چاوی پڕ گریانەوە بێتە دەرێ، بەڵکو دەبێت بەو هەستەوە بێتە دەرێ کە دەڵێ، "باپیرانم لێرە خۆڕاگر بوون، کەواتە منیش دەتوانم داهاتوویەکی گەشتر دروست بکەم."
گۆڕینی "برین" بۆ "هێز"
گۆڕینی "برین" بۆ "هێز" گەورەترین کاری دیپلۆماسی و کەلتوورییە. بۆ ئەوەی هەڵەبجە و ئەنفال ببەستینەوە بە شوناس و راکێشانی گەشتیاری بیانی بەبێ ئەوەی تەنیا لە خەمدا نقوم بین، دەبێ قۆڵی لێهەڵماڵین.
نابێ گەشتیار تەنیا وەک وێنەی "مردن" هەڵەبجە ببینێت، بەڵکو دەبێ بازاڕگەرمی بۆ بکەین و "چیرۆکی ژیانەوە"ـی لێ دروست بکەین. دەکرێ لە تەنیشت مۆنیۆمێنی شەهیدانی هەڵەبجە، ناوەندێکی مۆدێرن دروست بکرێت کە تیشک بخاتە سەر سروشتی هەڵەبجە. نیشان بدرێت کە چۆن لەو زەوییە ژەهراوییەدا، دووبارە هەنار و گوڵ شین بوونەوە. ئەمە هێمایە بۆ شوناسی کورد، "بڕینەوە و دووبارە شینبوونەوە".
دەکرێ هەناری هەڵەبجە، بکرێ بە هێمایەکی سیاسی. لە هەموو جیهاندا هەنار وەک میوەیەک دەناسرێت، بەڵام بۆ ئێمە ببێتە هێمای "دڵ"ێک کە لەناو خوێندا لێدەدات. گەشتیار کاتێک تامەکەی دەکات، تامی خۆڕاگری کورد لێ دێت.
ساڵانە لە هەڵەبجە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی مۆسیقا و هونەر بەڕێوە بچیت. کاتێک هونەرمەندانی جیهان لەوێ گۆرانی دەڵێن و دەنگی سازەکانیان دێ، هەڵەبجە لە "قوربانییەکی بێدەنگ"ەوە دەبێتە "دەنگی زیندووی کورد".
کورد بە درێژایی مێژوو ئاشتیخواز بووە و ئێستاش لەسەر ئەم رێچکەیەیە، ئەدی بۆ ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی بەهێز بۆ ئاشتی لە هەڵەبجە دانەندرێ و ساڵانە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی "ئاشتی" تێدا بەڕێوە نەچێت؟
لەپەنا ئەو کارانەشدا، دەبێ لەو شوێنانە خواردنگە و کافتریای زۆر مۆدێرن بە شێوازی کوردی دروست بکرێن. گەشتیاری بیانی حەز دەکات لە شوێنێک بێت کە مێژووەکەی قووڵ بێت، بەڵام خزمەتگوزارییەکەی شاهانە بێت. ئەمە پەیامێکە، "ئێمە وێران بووین، بەڵام ئێستا بە شارستانییەتێکی بەهێزەوە پێشوازیتان لێ دەکەین."
گۆڕینی "گۆڕەکان" بۆ "هیوا"
ئەنفال چیرۆکی سڕینەوەی شوناسە، بۆیە دەبێت وەڵامەکەمان "سەلماندنی شوناس" بێت. لە بری ئەوەی تەنیا مۆنۆمێنتێک بۆ یادی ئەنفالکراوان هەبێت، با ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەوێ دابندرێ. کاتێک گەشتیارێکی بیانی دێتە گەرمیان، ئەو کات تەنیا وێنەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان نابینێت، بەڵکو دەچێتە کتێبخانەیەکی گەورە کە باس لە "مافی نەتەوەکان" دەکات. ئەمە بەهێزیی کورد نیشان دەدات کە لەناو کارەساتەوە "زانست" بەرهەم دەهێنێت.
کاریگەرییەکانی
گەنجی کورد چیتر وەک "کەسی ستەملێکراو" سەیری خۆی ناکات، بەڵکو وەک "نەوەی رزگاربووان" سەیری خۆی دەکات. ئیتر مێژوو نابێتە کتێبێکی تۆزاوی، دەبێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانە و ئابووریی خەڵکی کوردستان.
هەروەها کاتێک بیانییەک دێت و دەبینێت ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتە، هێشتا خاوەن زانکۆ، بازاڕ و هونەرێکی پێشکەوتووین، رێزی زیاترمان بۆ دادەنێت.
بەکورتی، ئێمە پێویستمان بەوەیە بە جیهان بڵێین، "وەرن مێژووی ئێمە ببینن، نەک بۆ ئەوەی بۆمان بگرێن، بەڵکو بۆ ئەوەی فێری ئەوە بن چۆن نەتەوەیەک لەناو خۆڵەمێشەوە دووبارە هەڵدەستێتەوە."