کاوە جەم
رۆژنامەنووس
کورد؛ نەتەوەیەک گەورەتر لە چەک
جارێکی دیکەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سیفەتی "شەڕکەری باش"ـی دایە پاڵ تاکی کورد. ناوهێنانی کورد وەک "شەڕکەری باش" کە "لە پێناو پارەدا شەڕ دەکەن"، نەک هەر تێنەگەیشتنە لە سۆسیۆلۆژیای تاکی کورد، بەڵکو شێواندنی مێژوویەکی پڕ لە قوربانییە. قوربانییەک کە کورد بۆ "مانەوە" داویەتی، نەک بۆ "داگیرکاری" یان "پیشەسازیی جەنگ".
کورد پیشەگەری شەڕ نییە، بەڵکو پاسەوانی ژیانە. ئەو چەکەی بە شانی پێشمەرگەیەکەوەیە، هەڵقوڵاوی حەز بۆ خوێنڕشتن نییە؛ بەڵکو وەڵامێکی غەریزی و رەوایە بۆ زنجیرەیەک لە جینۆساید، لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە تا زیندە بەچاڵکردن لە بیابانەکانی عەرعەر و ئەنفالی 182 هەزار کورد. ئێمە شەڕمان نەکرد بۆ ئەوەی خاکی کەس داگیر بکەین، بەڵکو شەڕمان کرد تا لە خاکی خۆماندا بە سەربەخۆیی و شکۆمەندییەوە هەناسە بدەین. جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان "شەڕکەر" و "بەرگرێکار". جێی خۆیەتی بەبیر رۆژئاواییەکان بێنیەوە کە "کورد لەبری هەموو جیهان" شەڕی داعشی کرد و بوو بە پاسەوانی ئاشتی. لەو شەڕەدا، نزیک بە 1500 پێشمەرگە لە شەهید بوون و سەرووی 10 هەزار پێشمەرگەش برینداربوون.
لە سەنگەرەوە بۆ دوورگەیەکی ئارامی
کاتێک کورد بووە خاوەنی قەوارەی خۆی، لەبری دروستکردنی دیوار و تۆڵەکردنەوە، دەرگاکانی بۆ هەزاران ئاوارەی عەرەب کردەوە کە رەنگە خۆیان یان باب و باپیریان لە تاوانەکانی دژ بە کورد تێوەگلابن. ئەمە گەورەیی نەتەوەیەکە کە لە لوتکەی دەسەڵاتدا، باوەش بۆ نەوەی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە رۆژێک لە رۆژان بەشێک بوون لە ئامێری چەوساندنەوەی. کوردستان تەنیا "سەنگەر" نییە، بەڵکو لە ناو دڵی رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی پڕ لە ئاگردا، ئێستا بووەتە دوورگەی ئارامی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکان.
ناسنامەیەک لە پشت سەنگەرەکانەوە
هەرێمی کوردستان تەنیا بە دەنگی فیشەک ناناسرێتەوە. ئێمە نەتەوەیەکین کە مرۆڤایەتی یەکەم وانەکانی سۆز و ناشتنی مردووی لێ فێربوو. ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسە رۆژئاواییەکانە کە 80 هەزار ساڵ لەمەوپێش، نیاندەرتاڵەکان لە ناو دڵی ئەم خاکە پیرۆزەی ئێمەدا، مروودیان بە گوڵەوە ناشتووە.
ئێستاش قەڵای هەولێر بەپێوەیە و وەک شایەتێکی هەزاران ساڵە، پێمان دەڵێت، ئێمە پێش ئەوەی فێری شەڕ بین، فێری تەلارسازی و شارستانییەت بووین.
ئەمڕۆ کورد خاوەنی سینەماکار، میوزیکژەن، زانای ناسا، بازرگانی نێودەوڵەتی و سیاسەتمەداری ژیرە. ئێمە نەتەوەیەکی زیندووین کە کولتوورەکەمان لە چەکەکەمان بەهێزترە.
بەهاکانمان شایەنی پاراستنن
کورد لە پێناو پارەدا نایەتە مەیدان، چونکە هیچ سەرمایەیەک بەقەد ئازادی گرانبەها نییە. ئەگەر ئێمە شەڕکەری باشین، لەبەر ئەوەیە کە بەهاکانمان شایەنی پاراستنن. ئێمە مرۆڤی ئاشتیخوازین و تەنیا کاتێک چەک لە شان دەکەین کە دونیا بیەوێ بێدەنگمان بکات. کورد تەنیا "پیاوی شەڕ" نییە، بەڵکو ئەندازیاری ئاشتییە لە ناوچەیەکدا کە تەنیا زمانی چەک و شەڕ دەزانێت.
ئاشتیخوازین
قسەکردن لەبارەی نەتەوەیەک کە مێژووی هەزاران ساڵەی هەیە و لە سەر خاکی خۆیەتی، پێویستی بە سڵکردنەوە و بیرکردنەوە هەیە. مۆزەخانەی هەولێر، بەدەیان نووسراو و پەیکەری تێدایە کە باس لە ئاشتی دەکەن. مێژووی ئەو پەیکەر و نووسراوانە، بۆ دوو هەزار ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێنەوە.
کورد، فرچکی بە ئاشتیخوازی گرتووە، بۆیە ئەدەبیاتیشی پڕە کە دەق و شێعری ئاشتیانە. مامۆستان هێمن موکریانی لە ناڵەی جوداییدا دەڵێ:
نایەڵن قەد چێژی ئازادی بچێژم من دەنا
خوێنی شیرینم دەوێ، کوا تەرمی خوێنینم دەوێت؟
نایەڵن ئاسوودە دانیشم لە لاپاڵی چیام
قاسپە قاسپی خاسە کەو بێ، گرمەی مینم دەوێت؟
ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژیت
چۆن گەلی داماو و دیل و مات و غەمگینم دەوێت؟