کێشەی گازی ماڵان کۆتایی دێت؛ وردەکاریی نرخ و دابەشکردنی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک

بوتڵی گازی ماڵان (وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە(
بوتڵی گازی ماڵان (وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە(

لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی راوەستانی کارکردن و گرفتە ئەمنییەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کێشەی کەمبوونی گازی ماڵان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی سەری هەڵدا. 

لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی ناردنی پشکی پارێزگاکان، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی نرخ و پڕکردنەوەی پێداویستیی هاووڵاتییان چڕ کراونەتەوە و دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.

 

  • هەولێر: دابەشکردنی گاز دەکرێتە پێنج رۆژ و کارتی ئەلیکترۆنی کارایە


ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی نیسانی 2026)، سالار محەممەد، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی بوتڵی گازی ماڵان بەرەو باشبوونێکی بەرچاو دەچێت و بڕی گازی پێگەیشتوو زیادی کردووە.

سالار محەممەد ئاماژەی بەوە دا، پێشتر لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو رۆژ گاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، توانراوە بکرێتە سێ و دواتریش چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا. 

ئەو بەرپرسە ئاشکرایشی کرد: "ئەگەر بۆ رۆژانی داهاتوو بڕی گازی پێگەیشتوو بەم شێوەیەی ئێستا باش بێت، ئاستی دابەشکردنەکە بەرز دەکەینەوە بۆ پێنج رۆژ لە هەفتەیەکدا." سەبارەت بە بڕی دابەشکراویش روونی کردەوە، لە هەر گەڕێکی دابەشکردندا نزیکەی 35 بۆ 40 هەزار بوتڵ گاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.

لەبارەی میکانیزمی پێدانی گاز، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەکە بەتەواوی ئەلیکترۆنی کراوە و لە رێگەی "کارتی ئەلیکترۆنی"ـیەوە دەبێت، کە ئێستا لە دەستی هاووڵاتییاندایە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە کارا کراوە. 

بەپێی ئەم سیستمە، هەر هاووڵاتییەک کاتێک بوتڵی یەکەمی گاز وەردەگرێت، ناتوانێت راستەوخۆ بوتڵی دووەم وەربگرێت، بەڵکوو دەبێت 10 رۆژ تێپەڕ ببێت بۆ ئەوەی مافی وەرگرتنی بوتڵی دووەمی هەبێت.

سەبارەت بە نرخی گاز لە بازاڕی ئازاددا، سالار محەممەد باسی لەوە کرد، لە ئێستادا نرخی یەک لیتر گازی شل لە بازاڕەکاندا لە دەوروبەری 1,000 بۆ 1,100 دیناردایە، کە بەراورد بە پێشتر دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

 پێشبینیشی کرد، بەم نزیکانە نرخەکان بەتەواوی ئاسایی ببنەوە و گوتی: "گرفتەکە پەیوەستە بە بڕی گازی دابینکراو لە چەمچەماڵەوە. جاران رۆژانە 14 بۆ 18 تانکەر گازمان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەو بڕەمان بۆ نایەت. هەرکاتێک بڕی گازی پێگەیشتوو گەڕایەوە بۆ 14 تا 18 تانکەرەکەی جاران و پشکی تەواوەتیی خۆمان وەرگرت، نرخی گازیش بەتەواوی وەکوو خۆی لێ دێتەوە."

 

  • سلێمانی: قەیرانەکە کۆتایی هاتووە و پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەسترێت

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی گازی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پشکی پارێزگای سلێمانی لە گازی بەرهەمهاتووی کێڵگەی کۆرمۆر، نزیکەی 240 تۆنە. لە ماوەی جەنگەکەدا رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو، بەڵام دوای دەستبەکاربوونەوەی کێڵگەکە، ئێستا هەمان ئەو بڕەمان پێ دەگات".

کۆچەر تاهیر جەختی کردەوە، "قەیرانی گازی شلی ماڵان کۆتایی هاتووە"، چونکە تەنیا لە سەنتەری قەزای سلێمانی رۆژانە نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکرێت، قەزاکانی دیکەی سنوورەکەش بەپێی پشکی خۆیان گاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەن.

لەبارەی نرخەکەیەوە، نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی گوتی: "هەر بوتڵێک گاز بە 8,500 دینار بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت. هەر بریکارێک گازەکە گرانتر بفرۆشێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت، چونکە دۆخەکە گەڕاوەتەوە پێش دەستپێکردنی جەنگ و هیچ پێویست ناکات بە گران بفرۆشرێت".

سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنەکەش روونی کردەوە، دابەشکردن لە ڕێگەی "فۆرمی خۆراکەوە" دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بگاتە دەست هەموو ماڵێک. دوای تێپەڕبوونی ئەم چەند ڕۆژە و ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی دۆخەکە، هەر ماڵێک دەتوانێت پێنج بۆ شەش بوتڵ گاز وەربگرێت بێ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست بێت.

 

  • دهۆک: نرخی گازی بازرگانی بە رێژەی 40% دابەزیوە

لە پارێزگای دهۆکیش دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوەیەکی خێرا دەچێت. کارزان ڕەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ سێشەممە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: "نرخی گازی شلی ماڵان لە بازاڕەکاندا بەردەوام لە دابەزیندایە. ئەگەر بەراوردی بکەین بە سەردەمی جەنگ، تا ئەمڕۆ نرخی یەک لیتر گازی بازرگانی بە ڕێژەی 40% هاتووەتە خوارەوە."

سەبارەت بە بڕی گازی دابینکراو، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئێستا رۆژانە 160 تۆن گازی شل دەگاتە پارێزگاکە و بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش دەکرێت. گوتیشی: "ئەم رێژەیە زۆر نزیکە لە پێداویستییە رۆژانەییەکانی خەڵکی پارێزگای دهۆک."

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک باسی لەوەش کرد، بەهۆی کەمبوونی گاز بۆ ماوەی نزیکەی 35 رۆژ لە ڕابردوودا، بۆشاییەک دروست بووە و خەڵکێکی زۆر هێشتا پێویستیان بە گازە. لەم بارەیەوە روونی کردەوە: "پێویستمان بە چەند رۆژێکە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی رابردوو پڕ بکەینەوە. کاتێک ئاستی دابینکردن و خواستی هاووڵاتییان یەکسان دەبن، ئەوکاتە پرۆسەکە بەتەواوی و 100% ئاسایی دەبێتەوە."

بۆ زامنکردنی گەیشتنی گاز بە هاووڵاتییان، کارزان رەئووف جەختی کردەوە، پرۆسەکە بە پلانێکی ورد بەڕێوە دەچێت و گوتی: "لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی سەرجەم قەزاکان سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکەن. هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش هاوکارێکی زۆر باشمانن و دابەشکردنەکە لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی ئەواندا بەڕێوە دەچێت، تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بڕی گازی پێویست بگاتە دەستی هاووڵاتییان."

 

  • دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کێڵگەی کۆرمۆر

رۆژی دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای "دانەگاز"ـی ئیماراتی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کارە ئاساییەکانیان لە دامەزراوەی کێڵگەی گازی "کۆرمۆر" لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەستپێکردووەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیاکە، دوای ئەوە دێت لە چەند هەفتەی رابردوودا کارکردن لە کێڵگەکە بەشێوەی پچڕپچڕ بەڕێوەدەچوو.

کۆمپانیاکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەو ماوەیەی کارەکان بەشێوەیەکی ئاسایی نەبوون، بە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ لایەنەکانی حکوومەت، رێوشوێنی کارپێکردنی زۆر وریایانە و پارێزراویان گرتووەتەبەر.

 

  • گرنگیی کێڵگەکە

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت. 

کۆمپانیای پیرڵ پەترۆڵیۆم بە هاوبەشی لەگەڵ دانەگاز سەرپەرشتیی بەرهەمهێنان لەم کێڵگەیە دەکات و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوخۆدا.

لە چەند ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لە ساڵانی 2023 و 2024، کێڵگەکە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەک بووەوە. یەکێک لە هێرشە سەختەکان لە مانگی نیسانی ساڵی 2024 رووی دا، تێیدا چوار کارمەندی بیانی گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. 

بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەندین جار کارکردن لە کێڵگەکە راگیراوە و کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە.