نەعیم قاسم: گفتوگۆی لوبنان بە مانای خۆرادەستکردنە بە ئیسرائیل
نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە دۆخی لوبنان رایگەیاند، هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نییە و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن ناوچەی دابڕاو یان "هێڵی زەرد" لە وڵاتەکەدا دروست بکرێت.
نەعیم قاسم گوتی: بەرەی مقاوەمە و گەلەکەی ئەدایەکی باشیان پێشکەش کردووە، داواشی لە لایەنە ناوخۆییەکان کرد لە پشتەوە خەنجەر لە بەرەی مقاوەمە نەدەن. گوتیشی، "ئێمە داواتان لێناکەین ببنە هەمان بیروباوەڕی بەرەتان هەبێت، بەڵام داواتان لێدەکەین لەم قۆناغە هەستیارەدا خزمەت بە دوژمنان نەکەن."
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆ، نەعیم قاسم دەڵێت، "ئایا لە هیچ شوێنێکی جیهاندا هەیە دەسەڵاتی وڵاتێک لەگەڵ دوژمن رێکبکەوێت بۆ لێدانی بەرگریی نیشتمانی دژی داگیرکاری؟" ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری کێشەکان بەوە نابێت لوبنان لە رووی سیاسی و سەربازییەوە وەک وڵاتێکی بێهێز و لەژێر راسپاردەدا دابڕێژرێتەوە.
نەعیم قاسم رەخنەی لە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، گفتوگۆی راستەوخۆ بە واتای سازشی بێبەرامبەر و خزمەتکردنە بە ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی وێنەی سەرکەوتن بۆ خۆی دروست بکات، هەروەها خزمەتکردنە بە ترەمپ پێش هەڵبژاردنە خولەییەکان.