بەرهەمی "چیرۆک" بەدەنگی تۆفیق رەحیمی بڵاوکرایەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستن و نوێکردنەوەی میراتی دەنگی هەورامی، بەرهەمی "چیرۆک"، بە دەنگی هونەرمەندی ناسراوی هەورامی، تۆفیق رەحیمی و بە رێکخستن و ئامادەکردنی زەکەریا کامەران، بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی هەستی گۆرانییە کۆنەکانی هەورامان بڵاوکرایەوە.
یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی2026، زەکەریا کامەران، رێکخەر و ئامادەکاری بەرهەمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "بەرهەمی "چیرۆک"، بەرهەمێکی موزیکییە کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و دڵبەستەیی و وەسفکردنی یار و دڵدار دامەزراوە و هەست و سۆزی خۆشەویستی لە رێگەی دەنگ و موزیکەوە دەگوازرێتەوە. هۆنراوەکە بە زمانی هەورامییە و لە فۆلکلۆر و کولتووری دەنگی ئەو ناوچەیەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. میلۆدیی بەرهەمەکەش پشت بە موزیکی فۆلکلۆری هەورامی دەبەستێت و هەوڵم داوە ئەو رەنگ و دەنگە کۆنە و رەسەنە لەگەڵ شێوازی موزیکی نوێدا پێکەوە رێک بخرێن."
زەکەریا کامەران سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە گوتی، "خۆم کاری رێکخستن و ئامادەکردنی موزیکی بەرهەمەکەم داناوە و شێوازی موزیکی بەرهەمەکە تێکەڵەیەکە لە موزیکی ئەلیکترۆ و ئاکوستیک و موزیکی فۆلکلۆری هەورامی، بە مەبەستی ئەوەی دەنگ و رەنگی کۆنی میراتی هەورامی لەگەڵ زمانی موزیکی ئەمڕۆ پێکەوە بگونجێنرێت."
زەکەریا کامەران جەختی لەوەش کردەوە، "گۆرانیی بەرهەمەکە لەلایەن هونەرمەندی ناسراوی هەورامی، تۆفیق رەحیمی گوتراوەتەوە؛ هونەرمەندێک کە بەداخەوە ئێستا لە ژیاندا نییە. بەکارهێنانی دەنگی ئەو هونەرمەندە لەم بەرهەمەدا، جگە لە پێشکەشکردنی گۆرانییەکە، هەڵگرتنی بەشێک لە یادەوەری و میراتی دەنگی هەورامانە و دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوەی دەنگێکی ناسراو بۆ گوێی جیلی نوێ."
سەبارەت بە میراتی دەنگی کۆن و رێکخستنی بە موزیکی نوێ، زەکەریا کامەران دەڵێت، "گۆرانیی "چیرۆک"، تەنیا بەرهەمێکی نوێ لە بواری موزیکدا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی میراتی دەنگی کۆن بە زمان و رێکخستنی موزیکی نوێ. لەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە ناسنامەی سەرەکیی هۆنراوە و میلۆدییەکە بپارێزرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نوێ رێکبخرێت و بۆ گوێگرانی ئەم سەردەمە نزیکتر بکرێتەوە."
زەکەریا کامەران باس لە ئامانجی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی من لەم بەرهەمەدا ئەوەیە بە بەکارهێنانی زمانی موزیکی نوێ، بەرهەمە کۆن و رەسەنەکانی هەورامی بپارێزین و بۆ جیلی نوێ بیانگوازینەوە. هەروەها هەوڵم داوە ئەم بەرهەمانە دووبارە رێکبخرێن و تۆمار بکرێن، بەبێ ئەوەی ناسنامە و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانیان بگۆڕدرێت."
زەکەریا کامەران رێکخەر و ژەنیاری سازە و لە "چیرۆک"دا رێکخستن و ئامادەکردنی موزیکی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە. ئەو لەم بەرهەمەدا موزیکی فۆلکلۆری هەورامی لەگەڵ شێوازی موزیکی ئەلیکترۆ و ئاکوستیک تێکەڵ کردووە، بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان دەنگی کۆنی هەورامی و موزیکی نوێ.
تۆفیق رەحیمی، هونەرمەندی ناسراوی هەورامی، دەنگی بەرهەمی "چیرۆک"ە. ئەو کۆچی دوایی کردووە، بەڵام دەنگ و بەرهەمەکانی هێشتا بەشێکن لە یادەوەریی موزیکی هەورامی و لەم بەرهەمەدا دەنگەکەی جارێکی تر دەگاتە گوێی گوێگر.
بەرهەمی "چیرۆک" نموونەیەکە لە هەوڵە هونەرییەکان بۆ ئەوەی میراتی دەنگی و فۆلکلۆری هەورامی تەنیا وەک یادەوەرییەکی کۆن نەمێنێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی نوێ و گونجاو لەگەڵ موزیکی سەردەم بەردەوام بێت.