کریس رایت: هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز گەیشتە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل
وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا بە تەواوی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز مسۆگەر کردووە و هەناردەی نەوت گەیشتووەتە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. هاوکات روونی کردەوە کێشەی سەرەکیی ئێستای نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا، کەمیی توانای پاڵاوگەکانە نەک بڕی نەوتی خاو.
یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (My View with Lara Trump) لە کەناڵی "فۆکس نیوز"، سەرنجی خستە سەر دۆخی بازاڕی وزە و مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و گوتی: "چەند مانگێک لەمەوبەر ترس هەبوو لەوەی گەرووی هورمز بە تەواوی دابخرێت، بەڵام هەوڵی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا وایکرد رێڕەوەکە ئاسایی بکرێتەوە و هەناردەی نەوت، گاز و بەرهەمە پاڵێوراوەکان دەستپێبکاتەوە.
ئاماژەشی دا، لە تەنیا لە رۆژێک لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووەکە دەرچوو کە تەنانەت لە ئاستی پێش جەنگیش بەرزترە، و ئێستاش تێکڕای هەناردەی رۆژانە نزیکەی 13 ملیۆن بەرمیلە."
کریس رایت ئاماژەی بەوە کرد کە نەوت بە لێشاو لە هورمزەوە دێتە دەرەوە و کێشەی گرانیی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا پەیوەستە بە کەمیی پاڵاوگەکان: "کێشەی راستەقینەی ئەمڕۆ لە جیهاندا کەمیی توانای پاڵاوتنە نەک نەوتی خاو. بەهۆی رێسا و بەربەستە توندەکانی ئیدارەی پێشوو کە وەک دیاردەیەکی شەڕەنگێز سەیری کەرتی وزەی دەکرد، دروستکردنی پاڵاوگەی نوێ لە ئەمریکا مەحاڵ کرابوو؛ بەڵام ئیدارەی ترەمپ رۆژانە ئەو بەربەستانە هەڵدەوەشێنێتەوە تا ژێرخانی گەورەی پاڵاوتن دروست بکرێتەوە."
وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ "سەرۆکی وزەیە" و ئەمریکا خاوەنی هەرزانترین نرخی بەنزین، دیزڵ و گازی سروشتییە لە سەرتاسەری جیهاندا. ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ کرد لەوانە: هەڵگرتنی قەدەخەی هەناردەکردنی گازی سروشتی (LNG)، راگرتنی پڕۆسەی داخستنی وێستگەکانی خەڵوز، و دەستپێکردنەوەی هەڵکۆڵینی نەوت لە خاکی ئالاسکا و کەنداوی مەکسیک.
کریس رایت دووپاتی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ هەرگیز ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. هاوکات سەرنجی خستە سەر دۆخی ڤەنزوێلا و رایگەیاند، وڵاتەکە لە دەوڵەتێکی شکستخواردووەوە دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشێکی نوێی ئەمریکا لە کەرتی نەوتدا، کە ئەمەش دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت.