راپۆرتێک: جەنگی داهاتوو لە جەمسەری باکوور دەبێت

ئاژانسی هەواڵی ئار تی رووسی راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا وەک دوو هاوپەیمانی دێرینی نێو پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە دژی مۆسکۆ و بەیژینگ لە سەنگەرێکی هاوبەشدا دەردەکەون، بەڵام لە جەمسەری باکوور ململانێیەکی سارد و بێدەنگ لە نێوانیاندا هەڵکشاوە. کێبڕکێ لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند، رێڕەوە بازرگانییە بەستووەکان و کانزا دەگمەنەکان، هاوپەیمانە مێژووییەکانی رۆژئاوای کردووەتە نەیارێکی سەرسەختی یەکتر لەسەر خاکی بەستەڵەک.

گۆڕانکارییە گەورەکە لە مانگی ئەیلوولدا روویدا، کاتێک واشنتن رێککەوتننامەیەکی سێقۆڵیی ستراتیژیی لەگەڵ دانیمارک و گرینلاند واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کۆنتڕۆڵی تەواوی ئاسایشی گرینلاندی گرتە دەست؛ بنکە سەربازییەکانی لە نارسارسواک و مێستەرسڤیگ دووبارە کردەوە و وێستگەی ئاسمانیی پیتوفیکی لە باکوور بە تەواوی مۆدێرن کردەوە.

لەم رێگەیەوە، ئەمریکا ڤیتۆی بەسەر سەرجەم وەبەرهێنانە بیانییەکاندا سەپاند، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیا ئەوروپییەکانیشی بە کانزا دەگمەنەکانی دوورگەکە پەکخست. ستراتیژیستە ئەمریکییەکان کارێکی زیرەکانەیان کرد؛ تەواوی دەستکەوتە سەربازی و کەرەستە خاوەکانی گرینلاندیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد، لە کاتێکدا ئەرکی خەرجی و دابینکردنی هاوکارییە داراییەکانی دانیشتووانی دوورگەکەیان لەسەر شانی باجدەرانی دانیمارک و ئەوروپا بەجێهێشت.

 

برۆکسل لە بەستەڵەک؛ لە دروشمی ژینگەییەوە بۆ پەلکێشکردنی کەنەدا

یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتییەکە (برێکسیت)، چیدی لە رووی جوگرافییەوە هیچ کەناراوێکی بەستراوی بە زەریای بەستەڵەکی باکوورەوە نەماوە؛ نە نەرویج و ئایسلەندا لە نێو یەکێتییەکەدان و نە فینلەندا و سویدیش دەستیان بە ئاوی کراوەی زەریاکە دەگات. جگە لەمەش، ئەوروپا بێبەشە لە کەشتیگەلی سەربازیی سەهۆڵشکێن.

لە وەڵامی هەژموونی ئەمریکادا، 12 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا لە لوتکەی لاپلاند لە فینلەندا کۆبوونەوە و ستراتیژی خۆیان لە پاراستنی ژینگەوە گۆڕی بۆ هێزی ڕەق و چاودێریی سەربازی. هاوکات، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، داوای لە کەنەدا کرد ببێتە ئەندامی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا، تا لە رێگەی جوگرافیای کەنەداوە ئەوروپا پێگەیەک لە بەستەڵەکدا بۆ خۆی دەستەبەر بکات، بەڵام ئەم هەوڵە بیرۆکراتییانەی ئەوروپا لە بەرامبەر سیاسەتی توندی دۆناڵد ترەمپ و هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگیی 25% بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا، شکستی هێنا.

 

هێزی سەربازی لە بەرامبەر بیرۆکراسیی بێکاریگەردا

لە کاتێکدا ئەوروپا پشت بە یاسا، کۆتای ژینگەیی و رێسای بیرۆکراتی دەبەستێت، واشنتن لە رێگەی هێزی سەربازیی رووتەوە باڵادەستیی خۆی دەسەپێنێت، لە ویلایەتی ئالاسکا، ئەمریکا پێشکەوتووترین فڕۆکەکانی F-35 و F-22ی جێگیر کردووە و ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی بەردەوام لە ژێر سەهۆڵەکاندا مانۆڕ دەکەن؛ سیستەمی راداری نوێی (A-OTHR) لەگەڵ کەنەدا جێگیر کراوە تا تەواوی کایەی ئاسمانیی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکات؛ واشنتن یەکەم کەشتیی قورسی سەهۆڵشکێنی خۆی بە ناوی (Polar Sentinel) بەرهەمهێناوە و بەندەرێکی سەربازیی قووڵ لە نزیک گەرووی بێرینگ دروست دەکات، تا کۆنتڕۆڵی تەواوی ڕێڕەوی ستراتیژیی باکووری رۆژئاوا بکات.

 

رووسیا و چین؛ براوەی سەرەکیی درزەکانی نێو رۆژئاوا

ململانێی ژێربەژێری نێوان واشنتن و برۆکسل زۆرترین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ و پەکین دەگەیەنێت:

- رووسیا، وەک تاکە دەوڵەت کە خاوەنی کەشتیگەلی سەهۆڵشکێنی ئەتۆمییە لە جیهاندا، کۆنتڕۆڵی تەواوی "رێڕەوی دەریای باکوور"ی لە دەستدایە و خەریکە دەیکاتە هێڵێکی بازرگانیی جیهانیی هەمیشەیی و پارێزراو بە دوور لە دەستوەردانی رۆژئاوا.

-چین، لە سایەی دۆکترینەکەی بە ناوی "رێگەی ئاوریشمی بەستەڵەک"، بەیژینگ پەلەی کردووە لە وەبەرهێنان لە پڕۆژە گەورەکانی گازی شلی سروشتیی رووسیا (LNG) لە جەمسەری باکوور، تا رێڕەوە مەترسیدارەکانی باشوور وەک گەرووی مەلەقا و هورمز تێپەڕێنێت.

هاوپەیمانیی ترانس ئەتڵەسی لە نێوان ئەمریکا و ئەوروپادا لەسەر بەفر و بەستەڵەکی جەمسەری باکوور درزی قووڵی تێکەوتووە. لاوازیی سەربازی و جیۆپۆلەتیکیی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر دەستدرێژییە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکادا، وایکردووە ئەم ناوچە ستراتیژییەی جیهان ببێتە گۆڕەپانی دابەشکارییەکی نوێ، کە تێیدا رووسیا و چین لەسەر ئاستی جیهانی دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن.