د. چنار بابەکر بارزانی
نووسەر
خوێندنەوەیەك بۆ وەرچەرخانی ستراتیژ ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتەوەختێکی جیۆپۆلەتیکی سەرەکی تێدەپەڕێت، کە ئامرازەکانی "هێزی رەق" لەگەڵ دیپلۆماسیەتی مەرجدار تێکەڵ دەبن.
راگەیاندنی ئەم دواییەی واشنتن سەبارەت بە دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی ئازادی" لە گەرووی هورمز وەکوو توخمێکی گرینگ لەناو ستراتیژی بەکارهێنانی "زۆرترین فشارەکان"ی ئیدارەی ترامپ دەردەکەوێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانەوە، کە بە کۆتایی هاتنی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی" دەگاتە لووتکە، ئەوەندەی هەنگاوێکی زیرەکانەیە بەرەو "تاقیکردنەوەی کۆتایی" مەبەستەکانی ئێران، ئەوەندە رەنگدانەوەی پاشەکشەیەکی ستراتیژی نییە، دەتوانرێت لە رێگەی ئەم رەهەندانەی خوارەوە شیکاری بۆ بکرێت:
یەکەم: لۆژیکی ریالیزمی هێرشبەرانە و بەڕێوەبردنی زیادەڕۆیی ستراتیژ
لە روانگەی قوتابخانەی ریالیستی هێرشبەرانەوە، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نوێنەرایەتی خواستێکی ئەبستراکت بۆ ئاشتی ناکات، بەڵکو "دووبارە رێکخسنەوە"ی هاوسەنگییەکانی هێزە. لێرەدا واشنتن ئەو کارە پراکتیزە دەکات، کە بە لەخۆگرتنی نەرم (Flexible containment) ناسراوە.
ئیدارەی ترامپ لەبری ئەوەی سەرچاوەکان لەناو رووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە بەفیڕۆ بدات، کە دەتوانێت ببێتە هۆی (Overstretch) زیادەڕۆیی ستراتیژ، دەستکەوتی سەنگەرەکانی بەکارهێنا و کردی بە سەرمایەی سیاسی.
ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە نەهێشتنی بیانووە بە تاران، گوایە هێرش کراوەتە سەری و کارکردنە بۆ ئەوەی ئێران لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە و بەمەش بارگرانی پەرەسەندن و دەرئەنجامە ئەخلاقی و یاساییەکانی لە ئەستۆی واشنتنەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئێران.
دووەم: نێوەندگیری هەرێمی وەکوو ئامرازێك بۆ شەرعیەت و سنووردارکردن
رۆڵی پاکستان لەم چوارچێوەیەدا وەکوو گۆڕاوێکی گرنگ لە هاوسەنگی هێزی هەرێمی دیار و بەرجەستەیە.
بەشداریکردنی ئیسلام ئاباد، وەکوو هێزێکی ئەتۆمی، کە پەیوەندی بە ئاسایشی وزە و زنجیرەکانی دابینکردنەوە هەیە، دەبێت بە بەرگێكی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و واشنتن سوودی لێ دەبینێت.
ئەمریکا بە قبوڵکردنی نێوەندگیری، خۆی وەکوو "دەسەڵاتێکی بەرپرسیار" نیشان دەدات، کە وەڵامی داواکارییەکانی سەقامگیری جیهانی دەداتەوە، لە هەمان کاتدا لە رێگەی بەردەوامبوونی سزا ئابوورییە هەمەلایەنەکانەوە دەستی لەسەر پەلاپیتکەیە بۆ گۆڕینی ستراکچەری سیاسی لە ئێران. ئەم تاکتیکە بە پلەی یەکەم ئامانجی گۆشەگیرکردنی ئێرانە لە رووی سیاسییەوە و وێناکردنی هەر رەتکردنەوەیەكێتی لە داهاتوودا، گوایە ئێران مەبەستی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی هەرێمییە.
سێیەم: کێشەی متمانەپێکردن و رێکری چالاکانە
لە روانگەی تۆماس شێلینگ، زانای بواری ئابوری و پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی ئەتۆمی ئەمریکی، پەیوەست بە تیۆری رەدع، هەڕەشە تەنها ئەو کاتە دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، ئەگەر ئەو کەسەی هەڕيسەکە دەکات پلەیەکی بەرزی متمانەی بەدەست هێنابێت. لێرەدا راگەیاندنەکانی دامەزراوەی سەربازی سەبارەت بە "رێگری چالاکانە" دێنە ئاراوە، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان دیپلۆماسییەت و هێز.
واشنتن هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی نوێ بسەپێنێت، کە چەمکی نەریتیی "بێدەنگی بەرانبەر بە بێدەنگی" وەکوو رێکەوتنێکی نافەرمی تێپەڕێنێت و هاوکێشەیەکی "بێدەنگی بەرانبەر بە پابەندبوونی تەواو" لە شوێنیدا دابنێت.
پاراستنی دۆخی ئامادەیی سەربازی لە هەمان کاتدا بەردەوامبوونی فشاری پێکهاتەیی (ئابووری) بەو مانایەیە، کە ئەمریکا سەنگەری ململانێی بەجێنەهێشتووە، بەڵکو تەنیا سروشتی ئەو چەکەی بەکارهێنراوەی گۆڕیوە؛ لە مووشەکی بالیستییەوە بۆ (Strategic Denial Weapon) چەکی ئینکاری ستراتیژ، کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە دوژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە رەتکردنەوەی توانای بەکارهێنانی چەکەکانی یان گەیشتن بە ئامانجە گرنگەکانی.
چوارەم: ئەندازیاری "ئاسایشی بەکۆمەڵی مەرجدار" لە گەرووە نێودەوڵەتییەکان
داڕشتنەوەی یاساکانی گەمە لە گەرووی هورمز هەوڵێکی ئەمریکایە بۆ دامەزراندنی چەمکێکی نوێ، کە پێی دەوترێت "سەروەری ئاسایشی مەرجدار".
ئامانج چیتر تەنیا دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتیەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتییە بۆ ئامرازێکی فشاری سیاسی.
بەم پێیە ئازادی کەشتیوانی پەیوەستە بەو رادەیەی، کە زلهێزە هەرێمییەکان پابەندن بەو پێوەرە ئاسایشیانەی، کە زلهێزەکان دایانناوە.
ئەم مۆدێلە قۆناغێکی نوێی سیستەمی نێودەوڵەتی کێبڕکێ دروست دەکات، کە سەروەری لە ناوچە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان وابەستەی پابەندبوونی سیاسی دەبێت.
لە کۆتایدا ئێمە لەبەردەم سیناریۆیەکداین، کە لە ململانێی دوولایەنەی نەریتی تێدەپەڕێنێت؛ ئەمە تاقیکردنەوەیەکی توانای زلهێزەکانە بۆ پراکتیزەکردنی "دیپلۆماسی زۆرەملێ" بەبێ ئەوەی خۆیان بخزێننە ناو جەنجاڵی شەڕێکی گشتگیرەوە.
سەرکەوتنی ئەم گرەوە "جەمسەرگیری ئەمریکا" و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەکتەرە هەرێمییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێناسە دەکاتەوە، لە کاتێکدا شکستهێنان دەبێتە تەقینەوەیەکی جیۆپۆلەتیکی، کە دەتوانێت نەخشەی دەسەڵات لە هەموو ناوچەکەدووبارە داڕێژێتەوە و ئەم قۆناغەش ببێتە مەترسی گەیشتن بە لێواری کارەسات.