نۆ ساڵ بەسەر بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، نۆ ساڵ بەسەر یەکێک لە بوێرترین و ستراتیژیترین بڕیارەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا تێدەپەڕێت، ئەویش بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییە کە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەی هەژاند.

رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە بەشداریی زۆرینەی رەهای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی مێژوویی درا. بڕیارەکە ئەوە بوو لە رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 گەلی کوردستان لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات.

ئەو رۆژە، لایەنە سیاسییەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتە ئیسلامی و نەتەوەیی و پێکهاتە جیاوازەکان، لەژێر چەتری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم کۆبوونەوە. پەیامی سەرەکی ئەوە بوو دوای نۆ دەیە لە نەهامەتی و پێشێلکاریی دەستووری لەلایەن بەغداوە، کاتی هاتووە گەل قسەی کۆتایی خۆی بکات.

سەرەڕای فشارە بێوێنە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێ بۆ داخستنی سنوورەکان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی، سەرۆک بارزانی وەک پارێزەری ئەو پرسە نەتەوەییە لە هەموو دیدارە دیپلۆماسی و جەماوەرییەکاندا جەختی دەکردەوە، ریفراندۆم مافێکی سروشتی و یاسایی گەلی کوردستانە و هیچ جێگرەوەیەک نییە گەرەنتیی مافەکان بکات. سووریش بوو لەسەر ئەوەی دەبێت گەل بڕیار بدات، نەک فشارە دەرەکییەکان.

ئەو سووربوونە وای کرد لە 25ی ئەیلوولی 2017 کەرنەڤاڵێکی نەتەوەیی بێوێنە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوەبچێت. 

ئەنجامەکەش مێژوویی بوو، زیاتر لە 92٪ـی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بە گوتەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیش، یەکێک بوو لە خاوێنترین و دیموکراسیترین پرۆسەکانی دەنگدان لە جیهاندا.

ئەمڕۆ دوای نۆ ساڵ، بڕیارەکەی 7ی حوزەیران وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت تێیدا کورد نیشانی دا سەرەڕای گەمارۆ و سزادانی بەکۆمەڵ، ویستی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە مافە رەواکان ناچەمێت و ریفراندۆم وەک ناسنامەیەکی یاسایی و سیاسیی هەمیشەیی لە ئەرشیفی گەلی کورددا دەمێنێتەوە.