قالیباف: تا متمانەیەکی راستەقینە نەبێت وەڵامی ئێران هەر بەو شێوەیە دەبێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە وڵاتەکەی کۆتایی بەو قۆناخە هێناوە کە تێیدا تەنیا لەسەر کاغەز ئاگربەست هەبێت و لە مەیدانی جەنگدا پێشێل بکرێت؛ هۆشداری دا تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ دروستکردنی متمانە نەبێت، وەڵامی ئێران بۆ هەر هێرشێک بە هەمان شێوەی ئێستا توند دەبێت.

دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بە گۆڕانی ستراتیژییەتی سەربازیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەو هاوکێشەیەی کە ئاگربەست لەسەر کاخەز بێت و لە مەیدانی جەنگدا بەردەوام پێشێل بکرێت، تێکمان شکاند."

قالیباف رووی دەمی کردە ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی: "تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی راستەقینەتان بۆ دروستکردنی متمانە نەبێت، وەڵامی ئێران هەر ئەمە دەبێت."

ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمان دوای ئەوە دێت کە ئێران بە سێ شەپۆلی مووشەکی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند کە ئەمە وەڵامێکە بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بۆردوومانکردنی بەیرووت.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە پەیوەندیی نێوان هێزی سەربازی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گوتی: "گۆڕەپانی سەربازی، دیپلۆماسی و خزمەتکردنی خەڵک، هەموویان بەشێکن لە یەک پاکێجی تەواوکار. دیپلۆماسی رێگر نییە لەبەردەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، و هێرشە سەربازییەکانیش ئاستەنگ بۆ دیپلۆماسی دروست ناکەن."

قالیباف بە راشکاوی باسی لە نییەتی تاران کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە لە دانوستانەکان تەنیا کۆتاییهێنانە بە جەنگ و دروستکردنی ئاسایشێکی درێژخایەنە، نەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا." ئەو دڵنیایی دایە گەلی ئێران کە بە هیچ شێوەیەک لە مافە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکەی سازش ناکەن.

سەبارەت بە فشارە ئابوورییەکان، گوتی: "ئێمە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانمان دەگۆڕین بۆ شکستێکی دیکە بۆ دوژمن." ناوبراو نموونەی "دۆسیەی لوبنان"ی هێنایەوە و گوتی: تاران چۆن توانیویەتی لە رێگەی تێکەڵکردنی "هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە، راگرتنی دانوستانەکان و کردەوەی سەربازی" بەرگری لە بەیرووت بکات و دوژمن پاشەکشە پێ بکات.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستراتیژییەتی "کات و شوێنی گونجاو"ی خستەڕوو و ئاماژەی دا، "بژاردەی ئێمە لە نێوان شەڕکردن و دانوستاندا نییە، بەڵکو دەبێت لە کاتی گونجاودا شەڕ بکەین و لە کاتی گونجاودا دانوستان بکەین. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بیرۆکەی ئەوە بچەسپێنین کە دانوستان لە راستیدا بەردەوامیی هەمان خەبات و ململانێیە بۆ تێکشکاندنی دوژمن."