شەرع: نامانەوێت بکەوینە نێو هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک لەگەڵ لوبنان

سەرۆکی سووریا رایگەیاند: کە ئەوان دەرگای گفتوگۆ بە رووی حزبوڵڵای لوبنانییدا داناخەن ئەگەر ئەوە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات، سەرەڕای ئەو برینە قووڵەی کە بەهۆی دەستوەردانی سەربازیی ئەو گرووپە و سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا لە سووریا دروستبووە.

یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "مەشهەد"، گوتی: ئەگەر گفتوگۆکردن لەگەڵ "حزبوڵڵا" لە بەرژەوەندیی گەلی لوبنان بێت و دابینکەری بەرژەوەندییەکانی سووریا بێت، ئەوا لارییان لە ئەنجامدانی نییە.

شەرع ئاماژەی بەوە کرد، کە باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و لوبنان پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو میراتە خراپە هەیە کە رژێمی پێشوو لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروستی کردبوو؛ جەختیشی کردەوە کە شێوازی پەیوەندییەکانی رابردوو هەڵەیەکی گەورە بووە، چونکە گەلی سووریاش هاوشێوەی گەلی لوبنان بە دەست چەوسانەوەی ڕژێمی پێشووەوە ناڵاندوویەتی.

هاوکات رەخنەی لە هەندێک لایەنی لوبنانی گرت کە هێشتا بە دیلی رابردوو ماونەتەوە و بە پێوەرەکانی سەردەمی کۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی نوێی ناوچەکە و لوبناندا دەکەن، کە ئێستا لە ژێر کاریگەریی شەڕێکی گەورەدایە.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، شەرع رایگەیاند: کە هێشتا مەرجە بنەڕەتییەکان بۆ هێنانەکایەی ئاشتییەکی راستەقینە دەستەبەر نەبوونە، هەروەها پاڵپشتی لە دروستبوونی ناوچەیەکی هێمن و ئارام دەکەین کە بە دوور بێت لە شەڕ؛ بەڵام بۆ نموونە کاتێک لایەنی لوبنانی دەچێتە واشنتن و رێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ دەکات و، لە هەمان شەودا موشەکێک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت، مانا و گرنگیی ئەم ئاشتییە چییە؟ یان ئەگەر بە پێچەوانەوەش رووبدات. کەواتە دەبێت چەند قۆناغێک پێش واژۆکردنی هەر رێککەوتنێک هەبێت، چونکە کاتێک بەڵێنێک دەدەیت، دەبێت توانای جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانت هەبێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبوڵڵا، سەرۆکی سووریا گوتی: "ئەگەر ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی لوبنان بێت و ئاسایشی نیشتمانیی سووریا دابین بکات، بۆچی نەکرێت؟"

سەرۆکی سووریا گوتیشی: "ئێمە برینێکی زۆر قووڵمان هەیە؛ نزیکەی 14 ساڵە گەلەکەمان رووبەڕووی ئاوارەیی و کۆچبەری بووەتەوە، حزبوڵڵا کارەساتی گەورەی لە ناوخۆی سووریادا ئەنجامدا، ئەوان پایەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان هێنایە ناو وڵاتەکەم و هەمووشتان لە ماوەی ئەو 14 ساڵەدا لێکەوتەکانتان بە چاوی خۆتان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بینی."

شەرع، لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاند: "من باوەڕم بە گفتوگۆ هەیە، تەنانەت لەگەڵ لایەنە نەیارەکانیشدا؛ پێویستە پرۆسەی گفتوگۆ لە کاتی جەنگ، ململانێ و پێکدادانەکانیشدا بەردەوام بێت، چونکە داخستنی دەرگاکانی گفتوگۆ بە واتای هەڵگیرسانی شەڕ دێت. لەبەر ئەوە، پێویستە هەمیشە گفتوگۆ ئاڕاستەکاری سەرەکیمان بێت و لە دۆسیەی لوبنانیشدا نابێت بیر لە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بکرێتەوە. ئێمە کێشەیەکی قووڵمان لەگەڵ حزبوڵڵادا هەیە، بەڵام نامانەوێت تەواوی لوبنان لەناو بچێت؛ ئێمە دەمانەوێت کێشەی ئەو گرووپە چارە بکەین و لوبنانیش بە زیندوویی بهێڵینەوە."

سەرۆکی سووریا، جەختی کردەوە کە هەر پێشنیازێک دەبێت لە ڕێگەی دەوڵەتی لوبنان و دامەزراوە فەرمییەکانیەوە تێپەڕێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کە مەبەستی ترەمپ نیشاندانی بێزاری بووە لەوەی لە لوبنان روودەدات و ئارەزووی بۆ راگرتنی شەڕ خستووەتەڕوو، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ دیمەشق تا لە رێگەی دامەزراوە لوبنانییەکانەوە رۆڵی خۆی بگێڕێت.

شەرع پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت رۆڵی سووریا ئەرێنی و پشتیوان بێت بۆ دەوڵەتی لوبنان و دامەزراوەکانی، نەک دووبارەکردنەوەی قۆناغی رابردوو؛ بەڵکو دەبێت پاڵپشتی لە سەقامگیری و بونیادنانەوەی دامەزراوە لوبنانییەکان بکرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە سەرجەم پێکهاتەکانی لوبنان هەست بە ئارامی بکەن، بە تایبەت پێکهاتەی شیعە کە پێویستە هەست بە دڵنیایی بکەن و وا نەبینن کە دۆڕاوی جەنگەکەن، هاوكات دەبێت پێگەی حزبوڵڵا لە ناوخۆی دەوڵەتی لوبناندا دیاریی بکرێت بە شێوازێک کە دوور بێت لە چارەسەری سفری (واتە سڕینەوەی یەکتر). 

شەرع ئاشکرای کرد، کە سووریا رۆژانە دەستی هاوکاری بۆ لوبنان درێژ دەکات و ئەگەر لایەنە لوبنانییەکان بگەنە رێککەوتن، دەتوانن رۆڵێکی زۆر ئەرێنی بگێڕن بەهۆی گرێدراوی راستەوخۆی ئاسایشی هەردوو وڵاتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە کە دیمەشق ئاسایشی لوبنان بە بەشێک لە ئاسایشی خۆی دەزانێت و هەر تێکچوونێکی ئەمنی لە لوبنان رەنگدانەوەی خێرای لەسەر سووریا دەبێت و بە پێچەوانەشەوە، ئاماژەی بە بوونی دەقی فەرمی لە ڕێککەوتننامەی تائیفدا کرد کە پشتڕاستی ئەم پەیوەندییە ئەمنییە دەکاتەوە و گوتی: "جوگرافیا هەندێک جار زەروورەتی سیاسی دەسەپێنێت، و چارەسەرەکانیش دەبێت لە خاڵە هاوبەشەکانەوە دەستپێبکەن نەک خاڵە جیاوازەکان؛ ئێستا هەمووان لەسەر راگرتنی شەڕ و هاوکاریی ئابووری هاوڕان."

سەرۆکی سووریا گرنگیی بنیاتنانی پەیوەندیی قۆناغ بە قۆناغی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای سازان بێت، و هۆشداری دا لە پەنابردن بۆ چارەسەری خێرا و کوتوپڕ بەبێ ڕەچاوکردنی قۆناغەکان، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئاۆڵۆزی زیاتر. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێڕەوی سووریا بەرەو گەشەپێدانی ئابووری، بنیاتنانەوە و چاککردنی برینەکانی ڕابردوو زۆر ڕوونە و دیمەشق قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە.

ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە، کە سووریا هیچ مەبەستێکی نییە بۆ چوونە ناو هیچ جۆرە گرژی و ئاڵۆزییەک لەگەڵ لوبنان، بەڵکو ئامانجی سەرەکی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئارام و هاوبەشە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات و دەرگای هاوکاریی نوێ لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێداندا بکاتەوە.

ئەم قسانەی شەرع لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو، ئیدارەکەی لە هەنگاوی رادەستکردنی دۆسیەی حزبوڵڵا بە سووریا نزیکبووەتەوە، بە ئامانجی پێدانی هێز و دەسەڵاتی زیاتر بە ئەحمەد شەرع، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە.