هاکان فیدان: پێویستە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران زوو چارەسەربکرێن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پێویستە واشنتن و تاران لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا چەندین پرسی ئاڵۆز چارەسەر بکەن و ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بۆ تێکدانی رێڕەوی دانوستانەکان بۆ دەرفەت دەگەڕێت.

فیدان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە بە ئاژانسی "ئەنادۆڵۆ"ی راگەیاند، دانوستانەکان دەستیانپێکردووە و یەکەم پەیوەندییەکان ئەنجامدراون. وتیشی کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی ئەم دۆسیەیەیان کردووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "رەنگە چارەسەرکردنی هەموو وردەکارییەکان و لایەنە تەکنیکییەکان یەکسەر ئاسان نەبێت و جارەوجارە چەقبەستوویی دروست ببێت، پێویستە بۆ ئەوە ئامادە بین، هەروەها رایگەیاند، بێگومان ئیسرائیلیش هەمیشە چاوەڕێی ساتێکی گونجاو دەکات بۆ تێکدانی دۆخەکە لە یەکەم دەرفەتدا".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان واشنتن و تاران، هەندێک پرس بۆ ماوەی 60 رۆژی داهاتوو جێهێڵدراون بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەتایبەتی پرسە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان، فیدان جەختی لە پێویستی دروستکردنی میکانیزمێکی چارەسەری بێ گرژی کردەوە.

لە کۆتاییدا هاکان فیدان گوتی، سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی ناو دانوستانەکان ئیرادەیەکی سیاسی پیشاندراوە و بڕوای وایە لە رۆژانی داهاتوودا لە رێگەی کارێکی چڕەوە بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبن.